شوێنە گەشتیارییەكانی تەقتەق، پشتگوێخراون

11:08 - 2025-05-21
دووتوێ
9 جار خوێندراوەتەوە

ئا: هێدی گەڵاڵی


ناحیەی تەقتەق، سەر بە قەزای كۆیەیە بە دووری 90 كیلۆ مەتر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و 60 كیلۆمەتریش لە باشوری پارێزگای كەركوك و كەوتۆتە لای راستی زێی بچووك. تێپەڕبوونی ئاوی ئەو زێیە بە ناوەندی شارۆچكەكە وایكردووە ببێتە شوێنێكی گەشتیاریی، هەر ئەمەش وایكردووە پڕۆژەیەكی گەشتیاریی تێدا دروست بكرێت، لەوانە مهناز و سارا و پاركی حاجی دارا، بەڵام هاووڵاتیانی سنوورەكە گلەیی ئەوەیان هەیە وەكو پێویست بایەخ بەو بوارە نەدراوە.
وەك دانیشتووی سنوورەكە دەڵێن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتگوزار وەك پێویست گرنگی بە گەشتیاریی ناوچەكە نەداوە و تا رادەیەك فەرامۆشی كردووە، لە كاتێكدا تەقتەق تەنیا شارۆچكەیەكە زۆرترین شوێنی گەشتیاریی لێیە و پێیانوایە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەڕێگەی وەزارەتی پەیوەندار تەواوی شوێنەكە بكات بە هاوینەهەوار و خزمەتگوزاری گەشتیاریشی تێدا فەراهەم بكەن.
هەروەها گەشتیارانی سنوورەكە پێشنیاری ئەوە دەكەن، گوندی مەلا زیاد، كە زۆر نزیكە لە كەنار زێیەكە، بكرێتە گەورەترین هاوینەهەواری گەشتیاریی، بەو پێیەی هەڵكەوتەی گوندەكە وا دەخوازێت كە لەلایەك لە ئاوی زێیەكە نزیكە و لەلایەكی تر دار و درەخت و رێگای هات و چووی گونجاو لەو ناوە هەیە.
هێمن محەمەد، هاووڵاتیەكی ناحیەی تەقتەقە مێژووی دروستكردنی شارۆچكەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 1918، جگە لە گونجاوی شوێنی گەشتیاریی لە سنوورەكە دەشڵێت: لەڕووی ئاسەوار و كەلتوریشەوە چەندین تایبەتمەندی هەیە. 
هەروەها پێشنیازی ئەوە بۆ لایەنی پەیوەندار دەكات، تەواوی دەورووبەری تەقتەق بە دیوی ئەو سنوورەكەی كەوتۆتە نزیك جوگرافیای كەركوك، بكرێتە هاوینەهەوار و شوێنی گەشتوگوزار، نەوەك تەنیا بۆ خەڵكی سنوورەكە، بەڵكو بۆ هەموو گەشتیارانی شارەكانی تری كوردستان و عیراقیش، بە تایبەتیش گەشتیارانی سنووری پارێزگای كەركوك و دەورووبەری، سودی لێ ببینن و كاتێكی خۆشی تێدا ببەنە سەر.
 ئەكرەم فارس، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوا لە كەركوك پێی راگەیاندین: زوو زوو لە وەرزی بەهار و هاویندا بە خێزانی بەرەو شوێنە گەشتیارەكانی تەقتەق، بە تایبەتیش بۆ گەشتیاریی مهناز دەچین، لەگەڵ ئەوەی چێژ لە گەشت و سەیرانەكە وەردەگرین، بەڵام كە دەبینین بەشێك لە گەشتیارانی ئەو سنوورە پاشماوەكانی خۆیان جێدەهێڵن و ئەو ناوە پیس دەكەن بێتاقەت دەبیت!
 ئاماژەی بەوەشكرد: هەرچەندە هاوینە هەوارەكان و شوێنە گەشتیارەكانی دەڤەری تەقتەق بۆ كۆیە و هەولێر و شارەكانی تر جێی بایەخ و گرنگی بێت، دوو هێندە بۆ خەڵكی كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەوە گرنگە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان