ئاوات حەسەن ئەمین
چەندان شەوم بەتەنهایی بەسەربردووە
تاخەمی خۆم بلاوێنم و
وەکو لاولاو،
بەباڵای خۆما هەڵزنێم.
لەغوربەتدا چەندان کات
لەگەڵ درەختی سەر شەقامەکان دوواوم
تا هاودەمێ بدۆزمەوە.
زۆرجار لەدەریا راماوم
تا هێزێکی لێ وەربگرم،
ورەم باتێ.
وەک نەوڕەسێ
بەئەندێشە و خەیاڵیش بێ
بگەڕێمەوە کوردستان
وەلێ تۆ . .. تۆی راهاتوو
بەسەدان تۆڕ و داوی درۆ،
تۆی سەراپا لە ژیانی ماددیی نغرۆ،
تۆیەک تەنها هەر ئەوەندە
خەم هەڵدەگری
تا وەک پەڵەهەوری دووکەڵ
لە نێرگەلەکەی بەردەمتا
بە بای بدەی
ئیتر تۆ چۆن
لەخەمی بابایەکی رۆژهەڵاتی تێدەگەیت
چۆن دەبیتە هەتوانێک بۆ خەم و ژانی
ـ. ـ. ـ
قەدەر بەبێ خواستی منی نامۆ
هێنایە سەر رێگام
لەساتێکدا، پەیکەری تۆ
بووەتە جێگا سەرنجی
هەستی مەستم
تۆ بوویتە پێکی خۆشەویستی و
تاکە رێگا و مەبەستم
شیعرێکی زۆر وشەی هەمەجۆر
بۆم نووسیت و
ئەوەندەی مەودای تێفکرین
رێم پێبدات
جڵەوی حەزم بۆ شل کردیت.
چەندان مرواری هۆنراوەم
هۆنییەوە بۆ گەردنت
لە زۆر قۆرت و بەندا بوومە لەمپەر
بۆ رێگەنەدان بە مردنت.
وەلێ ئەفسووس،
زۆر درەنگانێ تێگەیشم
کە تۆ لەکوێیت و منیش لەکوێ!.
دوو کەناری رووبارێکی لاتەریبین
هەردوو قوربانی دوو سۆنگەی
جیاواز و یەک رەقیبین.
منێکی زۆر رۆژهەڵاتی
هیچ رەشبین نیم،
بەڵام راستییەکی روونە
ناگەی بە من ...
ناگەم بە تۆ
زۆر درەنگانێ تێگەیشم
کە تۆ لە کوێی
منیش لە کوێ.