محەمەد سۆران
ئاشکرایە رۆمان هەژموونی خۆی بەسەر زۆربەی ژانرە ئەدەبییەکاندا سەپاندووە و باڵادەستە، ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بە ئەدەب و زمانی کوردییەوە، بەڵکو لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان باڵا دەستە بەسەر ژانرەکانی تری ئەدەبدا، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رۆمان بە گشتی هاوشێوەی هەویرە، واتا چۆن بیشێلیت ئاوا دەتوانیت شتی تری لێ دروست بکەیت.
لەنێو ئەدەبی کوردیدا بەتایبەتی دوای راپەڕین، هەنگاوی زۆر گەورە نراوە و رۆمانی زۆر چاپکراون، بەڵام چەند رۆمانێک زیاتر چوونەتە نێو خەڵکەوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە. ژمارەیەکی زۆر رۆمان هەن و چاپیش دەکرێن لە داهاتوودا، هەبوونیان لە نەبوونیان باشترە، چونکە ئەمە دەوڵەمەندیی زمان و ئاگایی نووسەران دەردەخات. (تابوتی پەیمانی خودا)، لە نووسینی سەڵاح جەلال، لەو رۆمانە ناوازانەیە کە هاتووەتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە.
ئەم رۆمانە بەشێواز و تەکنیکی سینەمایی نوسراوە، ئەفسانەی ناو رۆمانەکە نەبیستراوە و نووسەر لەسەر تەرزی سەردەمی تەکنەلۆژیا دروستی کردوون، ئەمەش وای کردووە رۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەری ئاسایی
ماوەیەکی زۆربوو دەمویست بابەتێک بنووسم بە ناونیشانی: (جیهان لەژێر رەحمی زیرەکیی دەستکرد دا)، بەڵام ئەم نووسەرە لە رۆمانەکەیدا بەشێکی زۆر لە بۆچوونەکانی منی نووسیوەتەوە. ئیدی بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئێستا تەکنۆلۆژیا گەیشتووە بە ئاستێک هەموو کارەکانی مرۆڤ دەکات، ئەمە ئەگەر 20 ساڵ پێش ئێستا بووایە لەوانەیە وەک نوکتە بەکاربهاتایە، بەڵام ئێستا هەموومان لەگەڵ سەردەمدا خۆمان گونجاندووە و کارەکانیشی ئاسان کردووین. لەم رۆمانەدا چەند بوونەوەرێکی ئاسمانیی کاراکتەرن و هەن، کاتێک چیرۆکی گوندێک و جیهان دەگێڕنەوە، بەزمانێکی تەواو قورس و تەکنیک و هونەری سینەمایی نووسراوە، زۆر ئاساییە خوێنەر سەرەتا لێی تێنەگات، چونکە بەستنەوەی چیرۆکەکان و دروستکردنی وێنەی نێو رۆمانەکە سەختن، زیاتر کارکردنن لەمیتادا بەو هۆیەوە بۆ بەشێک لە خوێنەران زەحمەتە بزانن، ئایا راناو و سیستمی گێڕانەوەی رۆمانەکە ژیریی دەستکردە، یان کامێرای هەسارەکەیە، یان راناوی کۆی ئێمە و ئەوانە؟ نووسەر بەمە، رەوتێکی نوێی بۆ رۆمانی کوردی داهێناوە.
رۆمانەکە بەشێواز و تەکنیکی سینەمایی نووسراوە، ئەفسانەی ناو رۆمانەکە نەبیستراوە و نووسەر لەسەر تەرزی سەردەمی تەکنۆلۆژیا دروستی کردوون، ئەمەش وای کردووە رۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەری ئاسایی، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە بابەتەکانی لە خەیاڵەوە سەرچاوەیان گرتووە و لەلایەن نووسەرەوە دانراون.
ئەوەی گرنگە لەم رۆمانەدا بەرجەستەکردنێکی تایبەتە بە (فەلسەفەی مەرگ)، کە نووسەر بەوە بەناوبانگە توانیویەتی ئەم فەلسەفەیە لە کارە ئەدەبیەکانیدا بەگشتی بەرجەستە بکات.
رووداوی رۆمانەکە دەگاتە سێ گۆشەی بەرمۆدا، هەموو سەرکردە زلهێزەکانی جیهان رەمزی دەسەڵاتن، بە ملیۆنەها کۆلارەی پشتیانەوە دەکەونە ناو زەریانەوە و ئەوەی رزگار دەبێت «تەنی فەزایی هەسارەکە و تابوتی پەیمانی خودایە بە ملیۆنان کۆلارەی قوربانییەکانی بوونەوە و پلاپیتۆی جندۆکەیە بە ئەسپی سفادلفاری و باڵندە سەمەندەلەکەوە». ئیتر لەسەر زەوی بوونەوەری تێیدا نامێنیت و بە گەیشتنی (تابوتی پەیمانی خودا)ش بۆ سەر هەسارەکە، هەموو بوونەوەران تووشی تاعوونی تابوتەکە دەبن. ئەوەی زیندووە لە گەردووندا ئەو کۆلارانەی قوربانییەکانن لە قابیلەوە هەتا ئێستا، لە رێی رەمزەوە لەسەر هەسارەکە زیندوو دەبنەوە.
فەلسەفەی مەرگ لەم رۆمانەدا
سەرەتا بابەتی مەرگ، وەک یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان، لەلایەن مرۆڤایەتییەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، مەرگ وەک شەپۆلێکی تاریک و ترسناک پەیوەستبوونی بە ژیانەوە هەیە، لەم رۆمانەشدا کۆمەڵێک لێکەوتەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و میتافیزیکی و گەڕان بەدوای جوانیی مەرگ لەنێو پێکهاتەی ئەدەبیاتدا، لەوانە گێڕانەوە بەتایبەتی لە پێکهاتەی ئەم رۆماندا، دەیان پرسیاری سەرسوڕهێنەر دەسازێنێت.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر بناغەی ئەنسرۆپۆلۆژیی دووانەی مەرگ و ژیان، ئەو دووانەیەی نووسەری رۆمانەکە لە حەقیقەتی ژیانی مرۆڤەوە وەریدەگرێت وەک مرۆڤ، بە پلەی یەکەم مەرگە بۆ هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، هاوسەنگی و چەسپاوی مەرگ لەنێو پێکهاتە و هێڵی گێڕانەوە و گۆڕانکاری ستوونی لە هێڵی ئەم رۆمانەدا لەناو (کات و شوێن) دا، گوتاری بەیەکدا چڕژانی دەقیان ئەفراندووە لەنێوان زەمەنەکاندا، پاشان هەڵبژاردنی کاراکتەرێک رووبەڕوو کار لەسەر مەرگ بکات، یان دەبێت بکوژێت یان دەکوژرێت لەناو ئاڵۆزیی مەرگێکدا، نە پرس دەکات نە کەس دەیناسێت، ئەمە ئەو فەلسەفەی مەرگەیە لەسەرەتای گەردوونەوە بووەتە دەرەنجامی هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، گەرچی ژیان، تەکنۆلۆژیا و ئەلەکترۆن لەم رۆمانەدا هەنگاوی گەورە دەنێن، مەرگ وەک نهێنێیەکی ئاڵۆز، وەک مەتەڵێکی ئاڵۆز بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک هالە و خەیاڵات-ی پەیوەستە بە جۆرێک لە ئەنتۆلۆژیای فیکری لەنێو گەڕان بەدوای دووانەی مەرگ و ژیان. لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر خۆی نەبەستووەتەوە بە کارەکتەرێکەوە، قورسیشە رۆڵی کاراکتەر دیاریی بکرێت، زۆر شێوەی نامۆی هێناوە وەک کاراکتەری تەکنۆلۆژی و بایۆلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆ و نیوە بوونەوەر و جندۆکە و شەیتان، ئەمە لەلای من زۆر جوانتر بوو، لەبەرئەوەی ئەو شێوازە تەقلیدییە بشکێنین لە ئەدەبی جیهاندا هەیە و تەنیا یەک کەس کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکە بێت. دەکرێت ئەم رۆمانە بکرێت بە دەروازەیەک بۆ تازەگەری لە رۆماندا، لەبەرئەوەی نووسەر وەک ئەوانیتر خۆی بە چەند بابەتێکەوە نەلکاندووە، بەتایبەت لە رووی کارەکتەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بوێرییە. پرسیارەکانی نێو ئەم رۆمانە لەسەر بوون و فەلسەفەی مەرگ و زانستەکان، دەمانخەنە ناو شەپۆلەکانی جیهانەوە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی لە دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، جیهانبینییەکی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتمان هەیە بۆ رووداوەکان بەگشتی، لەبەرئەوەی نووسەر چەند پرسێکی مرۆیی و سیاسی دەورووژێنێت و کاری لەسەر دەکات.
خاڵێکی تر لەوەی وایکردووە رۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەر ئەوەیە، ناوی کارەکتەرەکان قورسن و تێگەیشتن لێیان کاتی دەوێت، ئەگەر کەسێک خوێنەرێکی جدی نەبێت، ناتوانێت وەک خۆی لێی تێبگات. بە رای من نووسەر لەبەر دوو خاڵ وایکردووە:
یەکەم: لەبەرئەوەی ئێمەی کورد لە چاو نەتەوەکانی تردا، داهێنانێکی ئەوتۆی گەورەمان نەکردووە شایەنی باس بێت، بەتایبەت تر لە بواری زیرەکیی دەستکردا، ئێمە تەنیا بەکارهێنەرین.
دووەم: لەبەرئەوەی بکرێت بە رۆمانێکی جیهانی و وەرگێڕانی بۆ زمانەکانی دیکە و بەتایبەت تر بۆ ئینگلیزی ئاسانتر بێت.
یەکێک لەو کارەکتەرانەی جێگەی سەرنجە (موزیک)ە کە منداڵێکی بچووکە، کاتێک بوونەوەرە ئاسمانییەکان دێنە گوندەکەیان. خۆی و خوشکەکەی لەماڵ دەبن، هەموو خەڵک هەڵدێن و ئەو لەماڵەوە بەجێ دەمێنێت و بوونەوەرەکان دەیبەن. کاتێک زۆر دەگری ئەوانیش سەگێکیان لەگەڵ دەبێت، ئیتر بەشیری سەگ ژیر دەبێتەوە. دواتر هەر بەناوی سەگەکەوە بانگی دەکەن و پێی دەڵێن: (جۆرج)، هەتا کۆتایی هەر بە (جۆرج) دەمێنێتەوە. دواتر لە رێگەی جادووگەرێکەوە نیوەی دەکەن بەبوونەوەر و نیوەکەی تری بە مرۆڤ. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی لەبەرئەوەی زانیارییان بۆ کۆبکاتەوە، تەماشا دەکات، (سینارۆی) خوشکی لە بەلەمەکەدا خنکاوە و باوکی دوای ئەوە مردووە، چیرۆکەکان لە زاری دایکییەوە دەزانێت. چیرۆکەکە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام دەکرێت بکرێت بە رۆمانێکی جیهانی، لەبەرئەوەی دەقێکی نامۆیە و لەنێو کورد و بەشێک لە نەتەوەکاندا ئەمە یەکەم رۆمانە بەو شێوازە نووسراوە، چونکە وێنەی داهاتوومان نیشاندەدات و پێمان دەڵێت: ئیدی هیچ شتێک بە نهێنی نامێنێتەوە.
دەکرێت سەد ساڵی دیکە بوونەوەرە ئاسمانییەکان حوکمی جیهان بکەن و هەموو ژیانی ئاسایی ئێمە بە کلیکێک ببیننەوە، نووسەر ئەوەمان نیشاندەدات جیهان بەرەو تاکگەرایی دەڕوات، بەشێکی زۆر لە کاراکتەرەکان تەنیان، یان بەتەنیا دەژین. ئەمە یەکێکە لە خاڵە نەرێنییەکانی زیرەکیی دەستکرد، چونکە وادەکات رۆبۆت کارەکانی مرۆڤ بکات و ئیدی هیچ جێگەیەک پێویستی بە مرۆڤ نەبێت و هەموو لە ماڵێکدا بەتەنیا بژین. ئەمەش وادەکات مرۆڤ دوای ئارەزووە جەستییەکانی بکەوێت.
نووسەر ئەم وێنەیەمان زۆر بە جوانی نیشاندەدات. کاتێک هەموو کەسەکان لە ماڵێکدا بەتەنیا دەژین، ئیدی هیچ نامێنێت کاری لەسەر بکەن، جگە لە خۆیان و ئارەزووەکانیان. ئەمەش زیاتر وێنەی تاکێکی ئەوروپی نیشاندەدات لە ماڵێکی رووبەر بچووکدا کە لەگەڵ سەگێک یان پشیلەیەکدا دەژین. ئەمەش رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ هاوڕەگەزبازی، کاتێک نووسەر دووبارە ئەم باسە دەورووژێنێت و وێنەیەکی تەواو نامۆ بۆ کۆمەڵگەی ئێمە نیشاندەدات. پێویستە بڵێین، جیهان لە سایەی زیرەکیی دەستکرددا شارستانییەت و مرۆڤایەتی خۆی لەدەست دەدات، بۆچی؟ لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەکان بیر لە خۆیان دەکەنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا هەوڵدانە بۆ تێرکردنی سک، دواتر تێرکردنی ئارەزووەکان و هیچ بیر لەوە ناکەنەوە بە چ رێگەیەک تێری دەکەن. ئەوەی لێرەدا دەبێتە پرسیار ئەوەیە، ئایا رووداوەکان دەبن بە راستی؟
هەر دەقێک یان هەر رۆمانێک دەنووسرێت بە خەیاڵ، لە داهاتوودا دەبێت بە دوو شت: یان ئەوەتا دەبێت بە واقعی کۆمەڵگە و جیهان، یاخود دەبێت بە ئەفسانە، بەڵام بەشێکی زۆر لەو رووداوانەی لەم رۆمانەدا روودەدەن، بوون بە واقعی کۆمەڵگە و جیهان. خاڵێکی بەهێزتری ئەم رۆمانە کە هەست دەکەم لەلای خوێنەران جێگەی سەرنجە، ئەویش خوێندنەوەیە بۆ رووداوە سیاسییە جیهانییەکان. لە رۆمانەکەدا سۆپەرمانییەتێکی بێوێنە دەبینین. نووسەر بەبێ ترس کار بە سەرکردەی وڵاتە زلهێزەکان دەکات، وەک (نەتانیاهۆ، جۆو بایدن، ڤلادیمێر پوتین و شی جی بینگ و دۆناڵد ترەمپ)، وەک ئەوەی دادگایی جیهان بکات و شۆڕشی سپی یاسا و رێڕەوی جیهان بگۆڕێت، خۆ ئەگەر واش بێت بۆنا؟ چونکە گۆڕانکاریی لە جیهاندا لە رێی رۆمانەوە دەکرێت.
هەر رۆمانە کۆمەڵگە و دەسەڵاتەکان دەگۆڕێت، هەر بۆیە نووسەر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لە رێگەی زیرەکیی دەستکرد و تەکنۆلۆژیاوە دەتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتەکانی تردا بسەپێنن و هەلی کۆمەڵکوژییش زیاترە، لەبەرئەوەی گەیشتووین بە ئاستێک هیچ نهێنییەکمان نەماوە، بۆیە دەبێت وردتر کار لەسەر بەکەلتورکردنی خۆمان و دابونەریتمان بکەین، چونکە ئێمە ئێستاش لەژێر مەترسیی جینۆسایدداین، خاک و زمان و گەنج و کۆمەڵگەمان داگیرکراوە. وەک پێشتر باسمان کرد، نووسەر بەبێ پەردە ناوی سەرکردەکان دەهێنێت، بۆیە دەبێت بڵێین ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی وادەکات بەجیهانیی بکەین و هەموو خەڵک پێی ئاشنابن.
رۆمان دەبێت لە داخراویی ناوچەییەوە بپەڕێتەوە بۆ جیهان. پرسیار بکەین: کامەیە جوگرافیای ئەم رۆمانە؟ هەسارەی خۆرهەڵاتە، یان گوندی دۆلفین و وڵاتی کەهرۆ موگناتیسییەکە؟ لە کاتێکدا زۆر رووبەر لەسەر زەوی و هەسارەکان نیشاندەدات؟ بەمەش لە رەهەندی جیهانیشەوە پەڕیوەتەوە بۆ هەسارەکانی گەردوون.
پرسیارەکانی ئەم رۆمانە لە رووی زانستی و ئەدەبی و هونەرییەوە خوێنەر سەرقاڵ دەکەن و رۆمانەکە دیالۆگی نەتەوەکانە. ئەگەرچی رۆمانی کوردی بەگشتی هێشتا لە داخراویی ناوچەیی و گێرانەوەی مێژوودایە، بەڵام ئەم رۆمانە ئەو تەقلیدەی تێپەڕاندووە و جیاوازە.