کاریگەریى رۆمان لەسەر پاراستنى زمان

10:53 - 2025-05-22
ئەدەب و هونەر
116 جار خوێندراوەتەوە


گوڵاڵە ساڵح مراد




(2-1)  

زمان لە تەنها ئامرازێکی پەیوەندیکردن زیاترە، نوێنەرایەتیی شوناسی کەلتوریی و کەسی مرۆڤەکان دەکات. زمان رۆڵێکی جەوهەریی دەگێڕێت لە گواستنەوەی مێژوو و نەریت و بەها و بیروباوەڕەکاندا، هەروەها ئامرازێکی گرنگە بۆ دەربڕینی بیرکردنەوە و هەستەکان. لە جیهانی هاوچەرخدا کە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژی تا بێت خێراتر دەبێت و دیاردەی جیهانگیری زیاتر دەبێت، زمانە ناوخۆییەکان رووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبنەوە، واتە لەبەردەم مەترسی لەناوچوون یان پەراوێزخستندا دەبن. لەم چوارچێوەیەدا پاراستنی زمانی دایک دەبێتە هەنگاوێکی چارەنووسساز و ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی كۆمەڵگەیە رۆڵى هەبێت لە پاراستنیدا. لەم نێوەندەدا ئەدەبیات بە گشتى و ئەدەبیاتى گێڕانەوە و شیعر بەتایبەتى رۆڵى گەورەیان دەبێت، چونکە بناغەى هەر زمانێک پەیوەستە بەو دەقە زیندووانەی پێى دەنووسرێت. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندییەکی سادە لە نێوان مرۆڤەکاندا، بەڵکو توخمێکە رەنگدانەوەی کەلتور و میراتە. هەروەها ئەو ئامرازەیە کە لە رێگەیەوە زانین لە نێوان نەوەکاندا دەگوازرێتەوە. کەواتە لەدەستدانی زمانێکی دیاریکراو، بە واتای لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە یادەوەریی مێژوویی و کەلتوریی گروپێکی مرۆڤایەتی، دێت. زمانێک بەهۆی چەند هۆکارێکەوە لەناو دەچێت: لەوانە سەرکوتکردنی سیاسی، ئاوارەیی، یان زاڵبوونی زمانەکانی دیکەی وەک ئینگلیزی یان فەرەنسی، لەگەڵ هۆکارگەلێکى تر، کە بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پووکانەوە یان بەهێزبوونى زمانێک دەبێت. لەبەرامبەردا هۆکارگەلى تر هەن، کاریگەرییان لەسەر زیندووهێشتنەوەى زمان دەبێت. 
لەم چوارچێوەیەدا گرنگیی ئەدەب لە پاراستنی زمانە ناوخۆییەکاندا زیاتر دەبێت. ئەدەب کە (شیعر، چیرۆک، رۆمان، پەخشان، یادەوەرى و شانۆنامە) لەخۆدەگرێت، بەشێکى زیندووى کۆمەڵگەن و هۆکارێکن بۆ پاراستنى زمان و بۆ پێشکەشکردنى هونەرى نەتەوەیەک. لە رێگەی ئەدەبەوە، بیرۆکەکان دەگۆڕدرێن بۆ وشە و ئەو بەها کەلتورییانەی بناغەی زمان پێکدەهێنن، بەهێزتر دەکرێن. هەر لێرەشەوە ئەدەب بە یەکێک لە گەورەترین ئامرازەکانی پاراستنی زمانی دایک دادەنرێت.
زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە هیندۆ ئەوروپییەکان، لەلایەن کوردەوە بەکاردەهێنرێت کە بەسەر چوار وڵاتی سەرەکی (تورکیا، ئێران، عیراق و سوریا)دا دابەشبوون. زمانی کوردی بە کۆمەڵێک زاراوە تایبەتمەندە، دیارترینیان بریتین لە (کرمانجی، سۆرانی و زازاکی). زمانی کوردی سەرەڕای هەمەچەشنیی زمانەوانی، چەندین تایبەتمەندیی هاوبەشی هەیە کە دەیکاتە شوناسێکی کەلتوریی هاوبەش بۆ گەلی کورد، بەڵام ئەم زمانە وەک زۆرێک لە زمانی کەمینەکان رووبەڕووی ئاڵەنگارى گەورە دەبێتەوە. بەرکەوتەی زۆرێک لە گوشارە سیاسی و کەلتورییەکان بووە و بەردەوامیشە، بۆ نموونە لە تورکیا، زمانی کوردی بۆ ماوەیەکی زۆر قەدەغە کرا و سیاسەتی "ئاسمیلە"ی کەلتوریی بەسەر کورددا سەپێنرا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی لە ژیانی رۆژانەدا، بەڵام گەلی کورد بە پاراستنی زمانەکەی لە ئەدەبیاتی باو و بەتایبەتی شیعر و رۆماندا بەرەنگاریی ئەو هەوڵانە بووەتەوە.
لە دەیان ساڵی رابردوودا هەوڵی گەورە لە لایەن نووسەران و رۆشنبیرانی کوردەوە بۆ پاراستنی زمانی کوردی سەریهەڵداوە. سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەکان، ئەدەبی کوردی یەکێکە لە توخمە جەوهەرییەکانی پاراستنی زمانی دایک و بەڵگەنامەکردنی مێژوو و کەلتوری گەلی کورد، نووسینى چەندین دەقى زیندوو لە شیعر و رۆمان و چیرۆک و... هتد، هەوڵى جدیی بوون بۆ بەرنگاربوونەوەى ئەو هەوڵانەى کار لەسەر پووکانەوەى زمانەکە دەکەن. 
رۆمان، وەک تەواوکاریى فەرهەنگ بۆ پاراستنى زمان
 فەرهەنگ ئامرازێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی زمان، بەو پێیەی یارمەتیدەرە لە تۆمارکردنی وشەسازیی و روونکردنەوەی مانای وشەکان. فەرهەنگ لێرەدا وەک گەنجینەیەک دەردەکەوێت بۆ پاراستنى سامانی زمان، بەڵام فەرهەنگ بە تەنیا ناتوانێت زمانەکە بە تەواوی بپارێزێت، چونکە پێویستی بە ئامرازێکی دەربڕینی نەرمتر هەیە. لێرەدا گرنگیی ئەدەب و بەتایبەتی رۆمان لەم چوارچێوەیەدا دێتە ئاراوە.
رۆمان یەکێکە لەو ژانرە ئەدەبییانەی نوێنەرایەتیی ئاوێنەیەکی کەلتور و واقیعی گەلان دەکات. نووسەران لە رێگەی رۆمانەوە دەتوانن وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانە و رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و پەیوەندییە مرۆییەکان تۆماربکەن. ئەم ژانرە رێگە بە بەکارهێنانی زمان دەدات لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆزدا، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دەوڵەمەندکردنی وشەسازی و پەرەپێدانی شێوازی نووسین.
رۆمانی کوردی بە خستنەڕووی زمانی کوردی بەشێوەیەکی مۆدێرن و نوێبووەوە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی زمانی کوردی، بەو پێیەی لە رێگەی دەقی ئەدەبییەوە ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردی دەگەیەنێت. جگە لەوەش ئەو نووسەرە کوردانەی بە زمانی کوردی دەنووسن، بەشدارن لە دروستکردنی زاراوەی نوێ و پێداچوونەوە بە یاساکانی رێزمانیی و زیندووکردنەوەی ئەو وشانەی رەنگە کۆن بن یان جێهێڵراو بن، لە رێگەى رۆمانەوە وشە پەراوێزخراوەکان دێنەوە بەرباس، وشە پەنهان و شاراوە و تۆز لەسەر نیشتووەکان دێنەوە ناو یارییەکە و دەبنەوە بە بەشێک لە سامانی زمان. 
زمانی دەقە ئەدەبییەکان
ئەو زمانەی لە دەقە ئەدەبییەکاندا بەکاردێت، بە توانای وەبیرهێنانەوەی رەهەندە جوانیناسی و فیکرییەکانی زمان تایبەتمەندە.
ئەرکی ئەدەب تەنها لە گەیاندنی رووداو و راستییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو هەوڵی بەکارهێنانی زمان دەدات بەشێوەیەک کە وێنەی راستەقینەی واقیعی کەلتوری و کۆمەڵایەتی رەنگبداتەوە. لە ئەدەبی کوردیدا بەکارهێنانی زمانی دایک لە گێڕانەوەی گێڕانەوەدا، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەوپێیەی نووسەر دەبێت هەست و ئەزموونی مرۆڤ لە زمانێکدا بەرجەستە بکات، توانای هەڵگرتنی ئەو مانایانەی هەبێت. زمانی (رۆمان)ی کوردی نوێنەرایەتیی دەفرێک دەکات، کە رۆماننووس ئەزموونەکانی ژیانی خۆی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەکەیدا تێدا هەڵدەگرێت. ئەم زمانە دەتوانێت وشەی ناوخۆیی و دەربڕینی فۆلکلۆری و پێکهاتەی زمانەوانی لەخۆبگرێت کە رەنگدانەوەی کەلتوری باون. 
رۆمان لە رێگەی ئەم تایبەتمەندییانەوە نەک هەر بەشداریی لە پاراستنی زمانەکەدا دەکات، بەڵکو لە پەرەپێدانی زمان و هاوسەنگکردنی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا شان بە شان دەڕوات.

لە رێگەی ئەدەبەوە، بیرۆکەکان دەگۆڕدرێن بۆ وشە و ئەو بەها کەلتورییانەی بناغەی زمان پێکدەهێنن، بەهێزتر دەکرێن. هەر لێرەشەوە ئەدەب بە یەکێک لە گەورەترین ئامرازەکانی پاراستنی زمانی دایک دادەنرێت

ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی رەنگدانەوەی هەوڵەکانی نوێکردنەوەی زمانی کوردییە، بە زیادکردنی وشەسازی لە زمانەکانی ترەوە، هەروەها بە گونجاندنی زمانەکە بۆئەوەی لەگەڵ شێوازەکانی نووسینی مۆدێرن بگونجێت. رەنگە ئەم پێشهاتانەی زمان توانای دەربڕینی پرسە هاوچەرخەکانی وەک مافی مرۆڤ، ئازادی، دادپەروەری و ناسنامە، زیاتر بکات. راستە پەیوەندیی نێوان زمان و تازەگەریى، پەیوەندییەکى هەم راستەوانە و هەم ئاڵۆزە، پرسێکى یەکانگیریشە لەنێوان پیشەسازیى زمان و نوێکردنەوەى زماندا.
تا ناوەڕاستى سەدەی بیستەم هیچ رۆمانێک بە زمانی کوردی نەنووسراوە، بەڵام دواتر دوو هەوڵی دیار هەن کە دەتوانین بیانکەین بە بناغەی بنیادی رۆمانی کوردی، بە هەر بارێکدا تەماشایان بکەین، ناتوانین بە دەستپێشخەرییەکی گەورەیان نەزانین، ئەو دوو هەوڵەش هەردوو رۆمانی (پێشمەرگە)ـی رەحیمی قازی و (ژانی گەل)ـی برایم ئەحمەد -ن. لە ساڵی1960، لە شاری بەغدا رۆمانی ''پێشمەرگە''ـی رەحیمی قازی چاپکرا، رۆمانەکەش رووداوەکانی دەربارەی سەردەمی دامەزراندنی ''کۆماری کوردستان''ـە لە مهاباد و دەوروبەری. لە ساڵی1946، نووسەر چونکە خۆی لە رووداوەکاندا بەشداریی کردووە و لە ناوجەرگەی رووداوەکاندا بووە، بۆیە لە رۆمانەکەدا لە خەباتی ئەو ساڵانەی کورد دەدوێت، رووداوەکان تێکەڵ بە چەند کێشەیەکی تر دەکات بە تایبەتی کێشەی جووتیار لەگەڵ دەرەبەگدا. پاشان لە ساڵی1972، رۆمانی ''ژانی گەل''ـی مامۆستا برایم ئەحمەد، هەر لە بەغدا چاپ کرا، کە نووسەر خۆی دەڵێت رۆمانەکەی لە ساڵی1956 دا نووسیوە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەرفەتی گونجاو نەیتوانیوە لە کات و سەردەمی خۆیدا چاپی بکات. بە چاوپۆشین لە رێکەوتی دروستى نووسینى ئەو دوو رۆمانە، ئێمە ناچارین ساڵى چاپەکەى ئەژمار بکەین، چونکە کاتى نووسینى رۆمان لەگەڵ کاتى چاپکردنەکەى جیاوازە، کاریگەریی هەر کتێبێک کاتێک دەردەکەوێت کە دەگاتە دەستى خوێنەر. 
رۆمانى (ژانى گەل) زیاتر لە رۆمانی (پێشمەرگە) دەنگی دایەوە و لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کاتەدا کۆمەڵە وتار و لێکۆڵینەوەی لەسەر بڵاوکرایەوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت، لە حەفتاکاندا رێک لە ساڵی1976 رۆمانی (قەڵای دمدم)ـی عەرەبی شەمۆ، لەلایەن شوکر مستەفا-وە بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو، کرا بە دیالێکتی کرمانجی خواروو (سۆرانی)، کە تێیدا نووسەر رووداوی مێژوویی و بابەتی فۆلکلۆریی لە شێوەی رۆمانێکی هاوچەرخی سەرکەوتوودا داڕشتووە. زمانی نووسینی رۆمانە کوردییەکان لەم قۆناغەدا زمانێکی تۆکمە و کوردییەکی زۆر رەوانە، کە خوێنەر بۆ خۆی رادەکێشێت. ناوەڕکی ئەم رۆمانانە سیما و شەقڵی خەباتی نەتەوایەتییان پۆشی بوو، رووداوەکان خۆماڵین و لەناوجەرگەی کۆمەڵی کوردەوارییەوە هەڵهێنجراون، بەڵام زیاتر کێشەی نەتەوایەتی و خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی، هەستیان پێ دەکرێت. شێوەی نووسین زیاتر لە گێڕانەوەدا دوورە لە تەکنیکی هاوچەرخ هەروەها دوورە لە تەمومژ و ئاڵۆزی.
ئەو سێ رۆمانەی ئاماژەمان بۆ کردوون، رۆڵى گەورەیان هەبووە، هەم لە دەستپێکى رۆمانى کوردى و هەم لە زیندوو هێشتنەوەى زمانى رەسەنى کوردیدا، رۆمانەکانى (پێشمەرگە و ژانى گەل) راستەوخۆ بەشێوەزارى سۆرانى نووسراون، بەڵام رۆمانى (قەڵاى دمدم) کە وەرگێڕێکى بەتواناى زمانزانى وەک (شکور مستەفا) خستویەتییە سەر  شێوەزارەکەمان، بە کوردییەکى ئەوەندە رەوان نووسراوە، هیچ گومانێک هەڵناگرێت. بێگومان هەر سێ بەرهەمەکە هاوشانى فەرهەنگ، رۆڵیان هەبووە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان