داستان شەریف
بابەتێک لەناو راگەیاندنی کوردی و نووسینی زۆربەی نووسەراندا هەیە و جێگەی پرسیارە، پێموایە کاتی ئەوە هاتووە قسەی لەسەربکەین، ئەویش ئەو وشانەیە کە جێیان بە وشە رەسەنەکان لێژکردووە. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی وشەی دروستکراو بەکاردەهێنرێت لەکاتێکدا وشەی رەسەن و دێرینمان بەرامبەر بەو وشانە، لە زمانەکەماندا هەیە؟
بۆ نموونە: وشەی (رابردوو)، کە خەریکە جێگە بە وشەی (دوێنێ، پێرێ، بەسترپێرێ، پار، پێرار و بەسترپێرار) لێژ دەکات. لە زمانی کوردیدا ئێمە ناڵێین: (رۆژی رابردوو)، بەڵکو دەڵێین: (دوێنێ).
هەروەها ناڵێین: (ساڵی رابردوو یان پارساڵ و ساڵی پار)، دەڵێین:(پار... هەفتەی رابردوو یان هەفتەی پێشوو)، بۆ نموونە، باووباپیرانمان ناڵێن: (شەوی رابردوو)، دەڵێن: (دوێنێ شەو، یان شەوی پێشوو)، راستیش نییە بڵێین: (پارساڵ و ساڵی پار)، چونکە وشەی (پار) هەر خۆی بەتەنیا ماناکە دەدات بەدەستەوە، بۆ وشەی (ساڵی رابردوو)یش بەهەمان شێوە دەتوانین وشەی (پار) بەکاربهێنین. پێویستیش ناکات بڵێین: (دوو ساڵ لەمەوپێش)، لەبەرئەوەی وشەی (پێرار)مان هەیە. ناشڵێین: (سێ ساڵ لەمەوبەر یان لەمەوپێش، یان پێش ئێستا)، چونکە (بەسترپێرار)مان هەیە. بێجگە لەوانەش، بەکارهێنانی وشەی داهاتوو لە هەندێ کاتدا هەڵەیە، بۆ نموونە: (رۆژی داهاتوو) هەڵەیە، بەڵام (سبەی یان سبەینێ) راستە، هەروەها (دوو رۆژی داهاتوو) هەڵەیە بەڵام (دوو سبەی) راستە. وشەیەکی دیکەش هەیە ئەگەرچی هەڵەیە، بەڵام تازەکار و بە ئەزموونەکانی بواری نووسینیش بە زۆریی بەکاری دەهێنن، ئەو وشەیە (ساڵیاد)ە، ئەگەرچی خۆشبەختانە زمانەکەمان دەوڵەمەندە بە وشەی رەسەن، بەڵام فەرامۆشمان کردوون، ئێمەی کورد بۆ چل رۆژەی مردوو یان نەوبووک (تازەبووک)، وشەی (چلە، چلەی چووە، چلەی دەچێت و چلەی لێ دەرکراوە) و بۆ ساڵانەی مردووش وشەی (ساڵانە)، بەکاردەهێنین. هەروەها بۆ یادکردنەوەی ساڵانەی لەدایکبوون یان دامەزراندنی شوێنێک، دەڵێین: (یادی لەدایکبوون، یان دامەزراندن)، بۆ تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر مردنی کەسێکدا، دەڵێین: (سێ رۆژە یان سێ رۆژانە). نموونە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەڵیم:
شیرین و خۆشە، زمانی کوردی
با بیپارێزین، زمانی کوردی