ئایا شوێنەوارەکان لە خۆڵبارین دەپارێزرێن؟

خۆڵبارین زیان بە شوێنەوارەکانی کوردستان و عیراق دەگەیەنێت

10:12 - 2025-05-27
ڕاپۆرت
187 جار خوێندراوەتەوە

كوردستانی نوێ – هیوا كازم 

شوێنەوارناسان و پسپۆڕانی بواری ژینگە، پێیانوایە شوێنەوارەكانی كوردستان و عیراق بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و كەمی باران بارین و خۆڵبارینەوە بەدەست درز و رووخان و وشكبوونەوەی زەویەكانیانەوە دەناڵێنن و ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لە داهاتوودا توشی داڕووخان و لەناوچوون دەبن.
كوردستانی نوێ بەدواداچوونێكی وردی بۆ ئەم پرسە كردووە و لەم بابەتەدا وردەكاریەكەی دەخاتەڕوو.

 

هۆكارێکی تێكچوونی شوێنەوارەكان، خۆڵبارینە
ئایا خۆڵبارین تەنها کاریگەری لەسەر تەندروستی و ژینگە هەیە؟ یاخود هیچ شتێك پارێزراو نییە و زیانەکانی زۆر زیاترە؟ بەدوای ئەم پرسیارەدا چووین و نەوشیروان عەزیز محەمەد لێپرسراوی بەشی شوێنەوار و كەلەپوری لە بەڕێوەبەرایەتی  شوێنەوار و کەلەپوری سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە هۆكارەكانی تێكچوون و خراپبوونی شوێنەوارەكان خۆڵ و خۆڵبارینە، كە ئەمە ستانداردێكی جیهانەیە. هەروەها خۆڵ و خۆڵبارین نەك كاریگەری لەسەر شوێنەوار هەیە، كاریگەری لەسەر ئەو كەسانەش هەیە، كە لە بواری روپێوی و پاکكردنەوە و هەڵكۆڵینی شوێنەوارەكان كاردەكەن، چونكە كاریگەری دەكاتە سەر ئاستی بینین و كۆئەندامی هەناسەدانیشیان، بۆیە دەبێت لەوكاتەدا كارەكانیان رابوەستێنن.

خۆڵبارین و بەردە نیگارییەكان 
وتیشی: خۆڵبارین كاریگەری دەكاتە سەر ئەو شوێنەوارانەی لە دەرەوەن و لە مۆزەخانەكاندا نەپارێزراون، بە تایبەتی بەردە نیگارییەكان، بۆ نموونە (دەربەندی گاور لە باسەڕە، دەربەند بێلورە... هتد)، ئەو خۆڵبارینە وەكو چینێك لە سەریان دەمێنێتەوە و لە كاتی کەشوهەوایەکی شێدار و باراناویدا، ئەو خۆڵەی لەسەری نیشتووە، دەچێتە رۆخی ئەو درز و کەلێنانەی لە بەردە نیگارییەكاندا هەیە و كارلێكێكی كیمیایی دەكەن و دەبێتەهۆی گەورەبوونی درزەكان و لەداهاتوودا دەبێتەهۆی لێبوونەوەی ئەو بەشەی بەردە نیگارییەكە یان پارچە شوێنەواریەكە. هەروەها ئەو شوێنەوارانەی نووسین و تێكستیان لەسەرە، لەداهاتوودا هەمان كێشەیان دەبێت، چونكە بەشێكی دەسڕێتەوە یان تووشی وون بوونی دەكات.

(دی ئێن ئەی) تێكدەچێت
هەر بە وتەی نەوشیروان عەزیز محەمەد لێپرسراوی بەشی شوێنەوار و كەلەپور، خۆڵبارین كاریگەری لەسەر ئەو بەشەی شوێنەواریش هەیە، كە نموونەی لێ وەردەگیرێت بۆ (دی ئێن ئەی)، بۆ نموونە، كاتێك لێكۆڵینەوە دەكەن لە پارچەیەكی شوێنەواری و نموونەكانی هەڵدەگرنەوە بۆ زانینی مێژووەكەی، دیسان ئەو خۆڵبارینە كێشە دروستدەكات.

قەڵا و خانووە كەلەپورییەكان لەناودەچن
هەر لەسەر ئەم بابەتە، پەروین یاوەر بەندە خوێندكاری ماستەر و شوێنەوارناسی پێشكەوتوو بۆ كوردستانی نوێی روونکردەوە، خۆڵبارین و گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەری زۆری لەسەر شوێنەوار هەیە، بەتایبەتی ئەو شوێنەوارانەی لە دەرەوەن، وەك؛ خانووە كەلەپوریەكان و قەڵاكان. وتیشی: لەبەرئەوەی قەڵاكان هەزاران ساڵە لە دەرەوەن، بە بەردەوامی تووشی ئەو كێشەیە دەبن و کاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا و خۆڵبارین و باران بارینیان لەسەر هەیە و دەبنەهۆی ئەوەی لەناوبچن یان بەشێكی زۆری بڕوخێت.
بەهەمانشێوە خۆڵبارین كاریگەری زۆری لەسەر خانووە كەلەپوریەكان هەیە، چونكە خۆیان دیوار و زەویەكەیان خەریكە لەناودەچن، ئەم خۆڵبارین و گۆڕانی كەشوهەوایەش كاریگەری زۆر زۆری لە سەریان هەیە و زووتر لەناویاندەبات بەراورد بە قەڵا و شوێنەوارەكانی دیکە، چونكە قەڵامان هەیە تەمەنی هەزار ساڵە، بەڵام تا رادەیەكی باش وەك خۆی ماوەتەوە و بەراورد بە خانووەكان كاریگەری كەمتری لەسەرە.

شێ کاریگەری هەیە 
پەروین یاوەر بەندە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێشتر باران زیاتر بوو، ئەوە وا دەكات شێ كەمتر بێت، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و گەرمبوون و خۆڵبارینی بەردەوام، شێ زیاتر دروست دەبێت و قەڵا و خانووە کەلەپورییەکان زیانیان بەردەکەوێت بە تایبەتی بناغەكانیان و لەداهاتوودا مەترسی رووخان و لەناوچوونیان لەسەر دەبێت.
 
گۆڕانكاریی ژینگە و خۆڵبارین
د.دڵشاد زاموا مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری شوێنەوار شیکردنەوەی بۆ ئەم بابەتە کرد و بۆ كوردستانی نوێ وتی: دیاردەی گەردەلولی خۆڵی و لمی و خۆڵبارین، دیاردەیەکی سروشتییە و هەر لە دێرزەمانەوە هەیە، لەوانەیە گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی ئەم سەردەمەی ئێستامان بووبێتەهۆی زیادبوونی بە تایبەت دوای بە بیابانبوونی زیاتری هەندێک ناوچە. ئەم دیاردەیە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گەشەی رووەك و زۆر لایەنی ژینگەیی هەیە. لەلایەکی تریشەوە هەموو کارەساتە سروشتییەکان کاریگەرییان لەسەر شوێنەوارەکان هەیە، هەریەکە و بە شێوە و بڕێکی جیاواز، شێ و دابارینی زۆر دەبنەهۆی تێکچوونی شورا و دیوار و سەقفی قەڵا و خانووە کەلەپورییەکان، لەهەمانکاتیشدا تیشکی خۆر زیانی زۆری بۆ دیمەنە هونەرییەکان و تەنانەت وێنەی رەنگی و فەرش و جلوبەرگە نمایشکراوەکانی ناو مۆزەخانەکان دەبێت و کاڵیان دەکاتەوە، بە تایبەت لەو شوێنەنانەدا، کە کراوەن بەسەر پەنجەرەیەکدا و تیشکی خۆر دێتە ژوورەوە.

گەردەلولی لم شوێنەوارەکان دادەپۆشێت
د.دڵشاد زاموا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دیاردەی خۆڵبارین و گەردەلولی لم کاریگەری لەسەر ناوچە شوێنەوارییەکان هەیە، ئەو کاریگەرییەش لە ناوچە وشك و بیابانییەکاندا زۆرترن، بۆ نموونە، ئەو قەڵا و شارانەی شوێنەوارەکانیان دەکەونە مێرگی بیابانەکان یان نزیك بیابانەکانن، هەندێک کات گەردەلولی لم هەمووی یان زۆربەی شوێنەوارەکان دادەپۆشێت، لە ناوچەکانی دیکەدا کاریگەرییەکە هێواش و کەمترە، بەڵام بە تێپەڕبوونی سەدان و هەزاران ساڵ ئەو کاریگەرییە زیاتر دەبێت و هەندێك لە شوێنەوارەکان بە چەندین مەتر خۆڵ دادەپۆشرێن. بۆ ناو مۆزەخانەکانیش، خۆڵبارین کاریگەری لەسەر هەندێك پارچەی شوێنەوار هەیە، لەبەرئەوە باشترە شوشەی دۆڵابی نمایشکردن وا دروستبکرێت، کە تۆز و خۆڵ نەچێتە ناویانەوە. لە سەردەمە کۆنەکاندا گەردەلولی خۆڵی و لمی وەك توڕەیی و رقی هەندێك لە خواوەندە شەڕەنگێزەکان تەماشا کراوە و لە دەقە مێخییەکاندا، ئەفسانەی تایبەتی بۆ هۆنراوەتەوە.

كوردستان سەرچاوەی خۆڵبارین نییە
لە روانگەی ژینگەوە ئەگەر بمانەوێت باشتر لەم پرسە تێبگەین، دەبێت لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەکە گفتوگۆ بکەین.
خالد سولەیمان توێژەر لەبواری گۆڕانکاریی ژینگە و گۆڕانكاریی کەشوهەوا و کێشەکانی ژینگە لە كەنەداوە بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: دیاردەی خۆڵبارین لەسەر شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە، چونكە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان چیای تێدایە و رووپۆشی رووەكی هەیە و شوێنێكی خۆڵاوی نییە، لەوانەیە لەو وەرزانەی خۆڵبارین دەستپێدەكات سەردانیكردنی ئەو شوێنانە كەمبكرێتەوە یان هەر سەردانیان نەكرێت، بەڵام كوردستان خۆی سەرچاوەی خۆڵبارین نییە، بەڵکو تەنها لەڕێگای كەشوهەواوە پێماندەگات، كە ئەمەش نابێتەهۆی داپۆشینی شوێنەوارەكان.

چەندین شوێنەواری عیراق لە بیرچوونەتەوە
وتیشی: گرفتەكە لە ناوەڕاست و باشوور و خۆرئاوای عیراقە، بە تایبەتی لە ناوچە بیابانییەكان، چونكە ترسێكی زۆر هەیە ئەو خۆڵبارینە رێژەیەكی زۆر خۆڵی ورد و لم كۆبكاتەوە لەو شوێنانەدا، كە زۆرجار دەبێتەهۆی داپۆشینی شوێنەكە و نەتوانرێت ئیشیان تێدا بكرێت بە تایبەتی، كە چینێكی زۆر خۆڵی ورد و لم كۆدەبێتەوە. تەنانەت ترس لەوە هەیە هەندێك شوێن ئەگەر لەسەر زەوی یان لە ژێر زەوی بێت، خۆڵبارین كاریگەری زۆری بەسەریەوە هەبێت و لە داهاتوویەكی دووردا دایبپۆشێت بە تایبەتی شوێنەوارەكانی ژێر زەوی زیانی زۆریان پێ دەگات و لەوانەیە بە تەواوەتی دایانبپۆشێت و ئەگەر تازەش بكرێنەوە كاریگەری هەر دەبێت، بۆ نموونە، بەهۆی خۆڵبارینەوە چەندین شوێنەوار هەیە لە باشوور و خوارووی عیراق، شوێنەوارەکە ئەوەندە كۆن بوون، لە بیر چوونەتەوە.

خۆڵبارین پلەكانی گەرما بەرزدەكاتەوە
خالد سولەیمان مەترسییەکی دیکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: لەگەڵ خۆڵبارین پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری زۆری هەیە لەسەر كەرەستەكانی ئەو شوێنانەیان لەسەر بونیادنراوە، چونكە تووشی تێكچوون دەبن، تووشی داڕوخان دەبن و نۆژەنكردنەوەیان بۆ ناكرێت، هەموو ئەمانەش مەترسین بەهۆی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.

تاكە چارەسەری خۆڵبارین سەوزكردنی بیابانەكانە
 ئەو توێژەرەی بواری گۆڕانكارییەكانی ژینگە، لەکۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، گرفتەكانی خۆڵبارین تەنها لە عیراقدا نییە، بەڵكو خۆرئاوا و باکووری ئەفریقاش دەناڵێنن. عیراق پڕۆژەیەكی هەیە بۆ بارانی دەستكرد و زیادكردنی رێژەی دابارین بۆ زیادكردنی رووپۆشی رووەكی، بەڵام ئەمە تەنها پڕۆژەیە و قسەی لێ دەكرێت، وردەكارییەكانی ئەو پڕۆژەیە دیارنین و نازانن چۆنە. لەگەڵ ئەوەشدا تاكە چارەسەر ئەوەیە بیابانەکان سەوز بكرێن، كە ئەمەش پێویستی بەڕێژەیەكی زۆر ئاو هەیە، بەڵام بەهۆی بێ بارانی، پڕۆژەكە زەحمەتە و ئەوەی حكومەتی عیراقی باسی كردووە، تەنها قسەیە و هیچ نەكراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە.

#ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان