ماتۆڕسكیلەكان لە بری چارەسەر بوونەتە کێشە

11:02 - 2022-08-13
ڕاپۆرت
605 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هێمن ئەحمەد

هۆكارەكانی هاتوچۆر جۆراو جۆرن لە نێو شارەكان و شوێنە دوورە دەستەكاندا، بەڵام هەندێکجار ئەو هۆكارانەی هاتوچۆ بە زیان بۆ خەڵكی دەگەڕێتەوە، چونكە تاكو ئێستا نەتوانراوە بۆ نموونە ماتۆڕ و پاسكیل وەكو جێگرەوەیەكی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی شاییستە بەكار بهێنێرێت.
بێزاركردنی خەڵكییە
قەرەباڵغی شەقام‌ و رێگاوبانەكانی كەركوك ‌و نەبوونی كەمدەرامەتی خەڵكی وایكردووە بۆ كارئاسانی رۆژانەیان پەنا بۆ بەكارهێنانی ماتۆڕسكیل ببەن، هەم بۆ هاووڵاتیان ‌و هەم بۆ ژینگە كارێكی باشەو، کاری مرۆڤەكان ئاسانتر دەكات، بەڵام بەداخەوە هەندێك کەسی نابەرپرس ئەم پێداویستییە بۆ بێزاركردنی خەڵك و كێبڕكێ لەنێوان خۆیاندا بەكاردەهێنن و خەڵكی بێزاردەكەن و لە چركە ساتێكیشدا بۆ خۆیان و كەسی بەرامبەر دەبنە كێشەو رووداوی نەخوازراو.
یاسای دەستبەسەرا گرتن نییە
عەقید عامر كاكەیی ئەفسەری هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاوتووچۆی كەركوك، رایگەیاند: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك بەردەوام لە هەوڵی دانانی بازگەین بۆ دەستگیركردنی ماتۆڕسكیلەكان ئەوانیش پۆلێن دەكرێن بە سێ بەشەوە: بەشێكیان ئەو ماتۆڕسكیلانەن كە هیچ پێشینە و سەرچاوەیەكی كڕین و فرۆشتنیان نییە، دووەمیش ئەو ماتۆڕسكیلانە دەگرین لە ماوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆدا كار دەكەن بەپێی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2022 بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، سێیەمیش ئەو ماتۆڕسكیلانەن دوو تا سێ كەس لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن ئەویش لەترسی لایەنی تیرۆر و تەقینەوە پێویستە رچاوی باری ئەمنی بكرێت.
وتیشی: ئەو ماتۆڕانەی دەستی بەسەردا دەگیرێت بۆ ماوەی 10 رۆژ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەهێڵدرێتەوە و لەدوایدا بەگوژمەی 100 هەزار دینار سزای ماددی دەدرێت هیچ بڕیارێكیش نییە دەستبەسەریدا بگیرێت بۆیە دووبارە دەگەڕێنەوە سەرشەقامەكان بۆ سەرپێچیكردن.
باسی لەوەشكرد ئەو ماتۆڕسكیلانەی دەنگدەردەكەن بەهەموو شێوەیەك لەلایەن هاتوچۆوە قەدەغەكراوە گەر لای ئێمە تۆماریش كرابێت، تاكو ئێستاكە بە هەزارەها ماتۆڕسكیل دەستی بەسەردا گیراوە.
تیرۆر و تۆڵەكردنەوەی پێدەكرێت
باسی لەوەشكرد هۆكارێكی تری ترسناكی ئەم ماتۆڕسكیلانە ئەوەیە بەشێكیان كاری تیرۆر و تەقەكردن و هەڵكوتانە سەر ماڵان لەشەواندا دەکەن هەندێكیشیان بە پارە دەگیرێن لەلایەن خەڵكانی ترەوە بۆ تۆڵەكردنەوە لەو كەسانەی دەیانەوێت، ئەمەش كۆمەڵە كەسێك درووست لەو ماتۆڕسكیلانە کاتێکیش هەندێكیان لە كامێرای چاودێری دەردەكەون هیچ پێشینەیەكی یاسایان نییە بۆ گرتن و دەستبەسەراگرتن و كەسەكانیش دەمامكدارن بە زەحمەت دەناسرێنەوە.

 

 

ماتۆڕسكیل كارئاسانییەكی رۆژانەی باشە، بەڵام بەداخەوە هەندێك هەرزەكار بۆ بێزاركردنت دەنگی بەرزدەكەنەوە و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵكی لە هەڵسوكەوتیان ناڕازی بێت ‌و داوا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەكەین لێپرسینەوەی توندیان بەرامبەر بكەن

 

 

هۆكارە بۆ رووداوی هاتوچۆ
كەریم حەسەن، كاری شۆفێری ناوشار دەكات ‌و دەڵێت: وەكو شۆفێرێكی ئۆتۆمبێل زۆر لە ماتۆڕسوارەكان نیگەرانم ‌و گللەییەكی زۆریشم لێیان هەیە، بەڕاستی هەموو شتێك لەم وڵاتەی ئێمە پێچەوانەیە، هەرچی ئامێر هەیە دروستكراوە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە، بەڵام لێرە وانییە، زۆربەی ئەو ئامێرانە بۆ لایەنی خراپ بەكاردەهێنن، ماتۆڕیش بە نموونە وەربگرین، لە بنچینەوە بۆ كار ئاسانی مرۆڤ دروست كراوە، لە شارێكی جەنجاڵی پڕ دوكەڵی وەكو كەركوك، زۆر پێویستمان بە بەكارهێنانی ماتۆڕ هەیە، بەڵام چۆن؟ دەبێت رۆشنبیری ‌و رەوشتی لێخوڕینمان هەبێت، بەداخەوە ئەمە لە بەشێكی زۆری شۆفێری ماتۆڕەكاندا نییە، چونكە زۆربەی رووداوەكانی هاتوچۆ لەم شارە هۆكارەكەی ماتۆڕە، كام ماتۆڕ سوار هەیە، ماوەیەك ماتۆڕی هەبووبێت ‌و تووشی پێكدادان نەهاتبێت، ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەو نازانین بەكاریبهێنین، جا هەموو ئەم شتانە پێویستی بەڕێكخستن ‌و دانان ‌و جێبەجێكردنی یاسا هەیە، پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە، ئەمە ئەركی پۆلیسی هاتوچۆیە، بۆیە داوایان لێدەكەم سنورێك بۆ سەرپێچی ماتۆڕەكان دابنێن، هەروەها داواش لە شۆفێری ماتۆڕەكان دەكەم با هانی خەڵك بدەن ماتۆڕ بەكاربهێنن، نەك خەڵك بێزار بكەن‌و لێی دووربكەونەوە.
دەنگی بێزاركەری هەیە
هاووڵاتی عەبدوڵڵا محەمەد، دانیشتوی گەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك، سەبارەت بەو ماتۆڕسكیلانە دەڵێ: ماتۆڕسكیل كارئاسانییەكی رۆژانەی باشە، بەڵام بەداخەوە هەندێك هەرزەكار بۆ بێزاركردنت دەنگی بەرزدەكەنەوە و دەبنە هۆی ئەوەی خەڵكی لە هەڵسوكەوتیان ناڕازی بێت ‌و داوا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەكەین لێپرسینەوەی توندیان بەرامبەر بكەن.
ژیانی گۆڕیم
ئەحمەد محەمەد دانیشتووی گەڕەكی دەروازەیەو ماوەیەك پێش ئێستا ماتۆرێكی جۆری بەتحی هەبوو، رووداوی هاتوچۆكەی خۆی بۆ گێڕاینەوە و وتی:  بەهۆی پێكدادان لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا ماوەی ساڵێكە لەسەر جێگا كەوتووە و قاچێكی شكاوە، وتی: باوەڕناكەم جارێكی تر بتوانم سواری ماتۆڕ ببم لەبەر ئەوەی من لە مردن رزگارم بوو.
مەحمود عەلی-یش دوكانی فرۆشتنی ماتۆڕسكیلی هەیە لە بازاڕی مووسەڵڵای شاری كەركوك، دەڵێت: ماوەیەكی زۆر لەم پیشەیەدا كاردەكەم و بە كڕینی ماتۆڕ لەشارەكانی بەسڕاو بەغدا بۆمدەهێنن، ئەوەی راستی بێت بەشێكی زۆریان هیچ سەرچاوەیەكی تۆماركردنی هاتوچۆیان نییە بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆش كەمتەرخەمە بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ پۆلێنكردن و تۆماركردنی ئەو ماتۆڕانە، بۆیە ئێمەش كەوتووینەتە ئاستەنگەوە ناتوانین بەشێوەیەكی درووست مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی پێوە بكەین.
ئەو دوكاندارە وتیشی: بەشێوەیەكی بەرنامەداڕێژراوە ئەم ماتۆڕانە لەلایەن حكومەتەوە لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەكرێن، بۆیە وەكو حكومەت هیچ رێگرییەك نییە بۆ چارەسەركردنی، ئێمەش لەبەرامبەردا كاری رۆژانەی خۆمان دەكەین بۆ كڕین و فرۆشتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان