كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش

09:23 - 2022-08-14
جیهان
810 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

حكومەتی مۆسكۆ داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی كردووە، كە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە رێكبخات سەبارەت بە وێستگەی ئەتۆمیی زابۆریجیا لە باشووری خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا.
سەرچاوە دیپلۆماسییەكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایانگەیاندووە: لەسەر داوای روسیا، ئەنجومەنی ئاسایش كۆدەبێتەوە و دۆخی وێستگەی ئەتۆمیی زابۆریجیا تاوتوێ دەكات.
لە سەرەتای مانگی رابردوودا، هێزە سەربازییەكانی روسیا وێستگە ئەتۆمییەكەیان كۆنترۆڵ كرد، كە گەورەترین وێستگەی لەو جۆرەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا، لەو كاتەشەوە ناوچەی دەوروبەری وێستگەكە هێرشی ئاسمانیی بەخۆیەوە دەبینێت و مۆسكۆ و كیێڤ یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە بۆردومانكردنی.
لای خۆیانەوە، وڵاتانی گروپی حەوت لە بەیاننامەیەكدا داوایان لە روسیا كردووە، كە هێزەكانی لە وێستگە ئەتۆمییەكە بكشێنێتەوە و رێگە بە كارمەندەكانی بدات، تا بەبێ هیچ هەڕەشە و گوشارێك ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن.
لە بەیاننامەكەدا، وڵاتانی گروپی حەوت نیگەرانیی خۆیان لە هەڕەشەی مەترسیدار دەربڕیوە، لە بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەكانی روسیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی وێستگەكە، چونكە ئەگەری روودانی كارەساتی ئەتۆمی زیاتر دەكات و ژیانی دانیشتوانی ئۆكرانیا و ناوچەكەش رووبەڕووی مەترسیی دەكاتەوە.
سەرەتای هەفتەی رابردووش، بەهۆی چالاكییە سەربازییەكانەوە لە نزیك وێستگەكە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دا لە روودانی كارەساتێكی ئەتۆمی.
وێستگەی ئەتۆمیی زابۆریجیا، كە شەش دامەزراوەی ئەتۆمیی لەخۆدەگرێت، نزیكەی %20ی كارەبای ئۆكرانیا دەستەبەر دەكات و لە سەعاتێكدا نزیكەی پێنج هەزار و 700 مێگاوات بەرهەمدەهێنێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان 

#ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان