سوید وڵاتێکی دێرین و فرە کەلتور

10:21 - 2022-08-15
کەلتور
534 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش قادر رەحیم*

سوید یەکێکە لە وڵاتە گرنگ و پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و جیهان، لەهەمانکاتیشدا  مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە. بەڵام کاریگەری ئەم مێژووە چۆن بووە لەسەر وڵاتی سوید؟ زۆرجاریش دەوترێت کە سوید وڵاتێکی فرە لایەن و فرە کەلتورە، ئەمە چۆن دروست بووە؟
 من لێرەدا چەند باسێک دەخەمەڕوو، هەروەها باسی ئەو هۆکارانە دەکەم کە  رۆڵیان بینیوە لە مێژووی ئەو پێشکەوتنەدا.

مێژووی دێرینی سوید
دیارە مێژووی سوید دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەکی دورودرێژی بەر ئێستا، هەر رووداوێك لەم مێژووەدا کاریگەر هەبووە لە شێوەی پێکهێنانی سویدی نوێدا. هەموو رووداو و پێشهاتەکان بوونەتە هۆکار بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی پێشکەوتوو، فرە کەلتوری ، ئابووری بەهێز و سەقامگیر. 
بە گوێرەی توێژینەوەکان  بێت، یەکەمجار کۆچی مرۆڤەکان بۆ سوید دەگەڕێتەوە بۆ 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا. بە گوێرەی پڕۆژەی توێژینەوەی «دی ئێن ئەی» بێت،  مرۆڤەکان پێست تۆخ و چاوشین بوون، هەروەها بە راوکردنەوە خەریکبوون و بە دوای کۆکردنەوەی خواردندا گەڕاون،  لە باشوورەوە هاتوون و کۆچیان کردووە بۆ سوید بەرەو باکوور. ئەو کۆچە هاوکات بووە لەگەڵ کۆچێکی تر لە خۆرهەڵاتەوە، دەرەنجام هەردوو کۆچەکە بۆنەتە پێکهێنەری گەورەترین کۆمەڵگەی تێکەڵاو لە چاخی بەردیندا لە سوید. 
ئەم کۆمەڵگەی چاخی بەردینە پێدەنێتە چاخی برۆنز و ئاسنین، پاشانیش دەبێتە هۆی دروستبوونی بنەمای ئەو کۆمەڵگە و کەلتورانەی کە سوید و وڵاتانی ئەسکەندناڤیای ئێستا پێكدەهێنێت.

سەردەمی ڤیکینەکان
سەردەمی ڤیکینەکان، بە ئاسایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ساڵانی 800 تا 1000ی زاینی، هەروەها بە دوا قۆناغی چاخی ئاسنین دادەنرێت، زۆرجاریش دەبەسترێتەوە بە کۆچی ڤیکینەکان کە لە ئەسکەندەناڤیاوە کۆچیان بۆ خۆرهەڵات و خۆرئاوا کردووە. 
ئەم بڵاوبوونەوە و روو لە زیادبوونەی خەڵک، بۆتە هۆکاری ناکۆکی لەسەر خاك و خۆراك، دەرەنجامیش شەڕ و تاڵانیکردن. لەهەمانکاتیشدا بۆتەهۆی  گەشتێك لە پێناویدا داگیرکردنی خاك و شوێنی نیشتەجێ بوون و بازاڕی بازرگانیکردن و پەیداکردنی بازاڕ. لە ئەنجامی ئەو رووداوانە زۆرێك لە کۆچکردوانی سوید، لە زۆر وڵاتی ئەوروپا نیشتەجێ بوون و زۆر لەوانەش کۆچیان کردووە بۆ ئینگلتەرا، سکۆتلەندا و نۆرماندیا کە هەرێمی باکووری خۆرئاوای فەرەنسای ئێستا دەکات. 
ڤیکینەکان، کۆچەکانیان درێژەپێدا بۆ شوێنی دوورتر، لەوانە بۆ تورکیا و کەنەدای ئێستا. مرۆڤ دەتوانێت پاشماوەی  ئەو کۆچانە لە بەجێماوی شێوە زمان و وشەی وەرگیراو و ناوی شوێنەکاندا بەدی بکات.

سوید لە دوای هاتنی ڤیکینەکانەوە
سوید لە دوای هاتنی ڤیکینەکانەوە وەك وڵات و خاوەندارێتی خاك ناسراوە، لە ساڵی 1100  تا 1500 لە سەردەمی حوکمڕانی پاشای سویدی، گوستاڤ ڤاسا، هاوکات لەگەڵ تاج لەسەرنانی پاشا خۆیدا،سوید وەك یەکەیەکی سەربەخۆ ناسێنرا. بەر لەو رێکەوتە، سوید لە بەرەیەکی یەکگرتووی هاوبەش بوو لەگەڵ دانیمارك و نەرویج.
بە کۆی گشتی پێنج نەوەی هەمان بنەماڵە فارمانڕەوایی سویدیان کردووە،  دوای گوستاڤ ڤاسا بە کۆی 23 فەرمانڕەوا حوکمی سویدیان کردووە.  وەك گشت پاشا فەرمانڕەواکانی تری ئەوروپا، زۆربەی پاشا فەرمانڕەوا سویدییەکانیش خەڵکی وڵاتانی تر بوون و لە کاتی کۆچکردنیاندا هاتونەتە سوید. بۆ نمونە پاشای ئێستا، بەرنادۆت بە بنەچە لە فەرەنساوە هاتوون.  


رۆڵی سوید  لە مێژووی ئەوروپادا
سوید رۆڵی کاریگەری هەبووە لە مێژووی ئەوروپادا ، لە نێوان ساڵانی 1611 و 1721 دا، خاوەن دەسەڵات و زلهێز بووە و وڵاتانی « فینلەندا، ئێستلاند، لێتلاند، لیتوانیاو بەشێکی پۆڵەندا و باکووری ئەڵمانیا»  لەژێر دەسەڵاتیدا بووە. 
لە ساڵی 1600 دا ڤالونەکانی باشووری بەلجیکا لە پیشەی ئاسنگەریدا شارەزا بوون، کۆچیان کردووە بۆ سوید. هەر لە هەمان ساڵدا، پاشای ئەو کاتی سوید  گوستاڤی دووەم ئادۆلف، بە هاوکاری کۆچەرە هۆڵەندییەکان، بڕیاری دروستکردنی دووەم گەورە شاری سویدی دا  کە ئەویش شاری، یۆتەبوریە.

کۆچی سویدییەکان بۆ ئەمریکا 
لە سەدەی 18 و 19 دا، رەوشی ژیانی سویدیەکان زۆر خراپبووە بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، هەرئەمەش وایکردووە کە تەوژمی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێبکات بەتایبەتی بۆ ئەمریکا. 120 ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە یەک  ملیۆن سویدی ( 25 %ی دانیشتوانی ئەو کاتەی سوید) کۆچیان بۆ ئەمریکای باکوور کرد. 
هۆکاری کۆچی ئەو سویدیانە زیاتر  بەهۆی بارگرانی ئابووری، خراپبونی بەرهەم، زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی ململانێ لەسەر زەویی و هەلی کار بووە، هەربۆیە  ئەمڕۆ زیاتر لە هەشت ملیۆن نەوەی سویدی لە ئەمریکا نیشتەجێن.

هاتنی کرێکاری بیانی
دوای گەشانەوەی باری ئابووری سوید، واتە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، سوید پێویستی بە دەستی کاری بیانی هەبوو. لە ساڵانی 50 و 60 ەکاندا ژمارەیەکی زۆری ئەوروپی کۆچیان کرد بۆ سوید و زۆربەیان لە ئیتالیا  و یۆنان و  تورکیاوە هاتبوون. لەوکاتەدا بۆ مانەوەی کۆچەران، سوید یەك ملیۆن ئەپارتمان (شوقە)ی دروست کرد.
زۆربەی کوردەکانی قۆنیا لەو سەردەمەدا لە تورکیاوە کۆچیان کردووە بۆ سوید. هاتنی هێزی کاری کۆچەر، رۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردنی ئابووری سویدا گێڕاوە و زۆربەی ئەو کۆچەرانەی بۆ هەمیشەیی مانەوە و نیشتەجێ بوون لە سوید، بوونەتە کارەکتەرێکی گرنگی ناو کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سوید، لەوانەش دامودەزگا گرنگەکان بۆ نموونە، پەرلەمانی سوید،سەرۆک شارەوانی و وەزارەتەکانی حکومەت. جگەلەمەش هێزی کاری کۆچەران بۆ ئەوروپا، شەپۆلێکی پەنابەری لەو وڵات و هەرێمانەی جەنگی تیابوو بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی لە ساڵەکانی 80 و 90 کاندا.

دروسبوونی کۆمەڵگەیەکی فرە کەلتور
دانیشتوانی ئەمڕۆی سوید سەرو 10 ملیۆن کەسە. دەتوانرێت بوترێت کە 10 %ی دانیشتوانی سوید کۆچەر و پەنابەرن و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی بەڵقان، هەندێك لە وڵاتە ئەفریقاییەکانی وەك ئەریتریا و سۆمالیا، هەروەها لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور وەك شیلی و کۆلۆمبیاوە هاتوون.
گەشەسەندن، کۆچکردن بۆ دەرەوە و هاتنی کۆچەران بۆ سوید، هەموو ئەمانە پێکەوە کۆمەڵگەیەکی دینامیك و فرە کەلتوری پێکهێنا. زۆرکەس دەڵێن سوید مۆرکی فرەلایەن و فرە کەلتورە. ئەمەش نیشاندەری ئەو دیاردەیەیە کە سوید لە دێر زەمانەوە بە کۆچکردن بۆیی و بە کۆچکردن لێوەی، بنەمای ئەو فرە لایەن و فرەکەلتورییەی تیا دروست بووە و بەردەوامیشی پێداوە و بۆتە خەسڵەتێکی نوێ.
ئەمڕۆ 193 نەتەوەی جیاواز لە سوید پێکەوە دەژین و کۆمەڵگەی فرە نەتەوە و کەلتوری سوید پێكدەهێنن.
ئایا سوید چ جۆرێك لە حوکمڕانی پەیڕەو دەکات؟ ئەم جۆرە حوکمڕانییە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی تر؟
سوید، هەروەك 38 وڵاتانی تر لە جیهاندا، شێوازی حوکمڕانی پاشایەتی پشتاوپشتی هەیە. بە بەراورد بەو 38 وڵاتە، جیاوازە بە پەیڕەوکردنی سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی. 
ئەم جۆرە حوکمڕانیەی سوید تاڕادەییك دانسقەیە (شازە) لە زۆر لایەنەوە کە هەم پاشایەتی و هەم سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی هەیە.
هەتائەمڕۆ پارێزگاری کراوە لە هێشتنەوەی بەشێك لە بنەمای نەریتی پاشایەتی پشتاوپشت و رێگەدان بە کاریگەری ئەو نەریتانەی کە لە شێوەی حوکمی پەرلەمانیدا بە شێوەیەکی بەهێز و لە چوارچێوەی کاری دیموکراسیدایە.

سیستمی حوکمڕانی
ئەم چوارچێوەی کارە لەسەر چوار بنەمای یاسایی سەرەکی پێکهاتووە ئەوانیش بریتین لە : شێوازی حوکمڕانی، رێکخستنی میراتگری پشتاوپشت، رێکخستنی ئازادی چاپەمەنی، رێکخستنی ئازادی رادەربڕین.

شێوازی حوکمڕانی 
لە سوید، پاشا سەرۆکی وڵاتە، دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە وەك رەمزێكە (سیمبۆل) لە رابردوودا شێوازی فەرمانڕەوایی لە سوید بەم جۆرەی ئێستا نەبووە، بەڵکو بە تێپەڕبوونی سەردەم، شێوەی فەرمانڕەواییش گۆڕاوە لە دەسەڵاتی پاشایەتییەوە بۆ فەرمانڕەوایی گەل و لە ساڵی 1974 دا یاسای سەرەکی شێوەی حوکمڕانی گۆڕدراوە. یاساکە دەڵێت:
هەموو دەسەڵاتێکی رەسمی لە سویدا دەدرێتە گەل (خەڵک) هەروەها پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خەڵکە. نوێنەری خەڵک لە ئاستی ناوخۆدا لە 349 پەرلەمانتار پێكدێت. ئەمڕۆ پەرلەمانی سوید کە پێی دەوترێت (ریکسداگ) لە 8 حیزبی سیاسی پێکهاتووە، کە بریتین لە سۆشیال دیموکرات، پارتی چەپ، پارتی ژینگە، پارتی مۆدێرات، پارتی لیبراڵ، پارتی مەسیحی، پارتی ناوەند (سەنتەر) هەروەها پارتی دیموکراتە سویدییەکان.
سوید وەك دابەشکردنی ئیداری لە 25 هەرێم، 21 ناوچە و 290 شارەوانی پێك دێت. هاووڵاتی سوید لە هەڵبژاردن و بڕیارداندا رۆڵی سەرەکیان هەیە بە هەڵبژاردنی ئازادی نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمانی سوید، ناوچە و شارەوانییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کە چوار ساڵ جارێك دەکرێت. خەڵکی سوید باوەڕی تەواویان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەیە و بە رێژەی نزیکەی 90 % بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن. لە شێوەی فەرمانڕەوایدا نوسراوە کە پەرلەمان یاسا دادەنێت، سەرۆکی وڵات پاشایە، حکومەتیش جێبەجێکارە وە دادگاکان بێلایەن و سەربەخۆن.

ئایا بنەمای بەهێزی ئابووری  سوید چییە؟
گرنگە بزانرێت لە رابردوودا سوید هەرگیز بەم جۆرەی ئێستا نەبووە. سوید تا کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی 1945 وڵاتێکی هەژار بووە.  لەبەرئەوەی سوید لە جەنگی دووەمی جیهانیدا خۆی لەو جەنگە پاراست، گەشەی بە پیشەسازییدا، هەروەها  کاری لەبواری لێکۆڵینەوەو توێژینەوەدا کرد و گەشەی ئابووری کرد، لە بنیاتنانەوەی ئەوروپادا رۆڵی سەرەکی بینی بە بەرهەمی ئاسن و دار لە دروستکردنەوە و نوێژنکردنەوەی ئەو وڵاتانەی لە جەنگدا زیانی گەورە و کاولکارانەیان بەرکەوتبوو.
دەتوانرێت بوترێت، ئابووری سوید گەشە و گۆڕانکاری  گەورەی بەسەردا هات، تێپەڕاندنی قۆناغی کشتوکاڵی بۆ قۆناغی پیشەسازی قورس، هەروەها لە کۆتاییشدا کارگوزاری ئابووری. نموونەیەکی زیندووی ئەم سەردەمەی ئابووری سویدن. کۆمپانیای ئێریکسۆن کە لە چەندین سەردەمدا نموونەیەکی باشی پیشەسازی سوید بووە و ئێستا کۆمپانیایەکی کەرتی کارگوزارییە. 
لەگەڵ ئەوەی کە پیشەسازی قورس کەرتێکی گرنگی ئابووری سویدە لەگەڵ کارگە و کۆمپانیاکانی دارستان (دار و تەختە) پۆڵا و کانزاکان، کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبیل لە دنیادا لە هەرە پێشکەوتووکان بووە وەکو ڤۆلڤۆ، سکانیاو ئا بێ بێ.

داهێنانی نوێ
یەکێکی تر لە هۆکارە کاریگەرەکانی گەشەسەندن و پێشکەوتنی سوید بریتییە لە کاری داهێنانی نوێ، پێشەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا و کاری بەڵێندەری. لە کارە داهێنانەکان، پێوەری پلە گەرما، دینامیت، ساردکەرەوە، سکولئیسپانە، بۆربرینی ساچمەیی  زۆر شتی تر. کاری دۆزینەوەی نوێ و داهێنان دەبەسترێتەوە بەو پێشکەوتنە ئەندازیاریانەی بۆتە بەرهەمهێنەری بیر و هزری تازەگەری بەڵێندان. لەوانەش: ئیکیا، سپۆتیفای، ئەسترازنیکا، ئەتلەس کۆکۆ، سکانسکا. ئێستا تەنها لە هەناردەکردنی هونەری موزیکدا، ساڵانە نزیکەی  3 ملیارد کرۆن داهاتی هەیە.

پێشەنگی وڵاتانی جیهان
هاوتەریب بە گەشەی ئابووری ئازاد، سوید بودجەی تایبەتی بۆ دەوڵەت هەیە لەگەڵ داهاتی وڵاتیش. بەشە سەرەکی داهاتی ئەو گەشە ئابووریە بریتیە لە وەرگرتنی باج لە کاری ئاسایی و کۆمپانیاکان، هاوکاری دارایی یەکێتی ئەوروپای هاوبەش، لە داهاتی کاروبارە جیاوازەکانی دامودەزگا دەوڵەتییەکان و ئەو کۆمپانیانەی موڵکی دەوڵەت دەفرۆشنەوە. 
سوید لە زۆر بواردا پێشەنگە لە جیهاندا، بۆ نموونە: لە رووی بنەبڕکردنی گەندەڵی، سێیەم وڵاتی جیهانە، پاسپۆرتی سویدی دووەم باشترین پاسپۆرتە لە جیهاندا و لە رووی دیموکراتی و یەکسانییەوە چوارەمین وڵاتی جیهانە.

کەسایەتی بەهێزی سویدی
سوید خاوەنی بەرهەمێکی مرۆیی بەهێزە، لە ماوەی 200 ساڵی رابردوودا نە جەنگی تێدا رووداوە نە لە هیچ جەنگێکیشکدا بەشدار بووە. ئەمەش بۆتە هۆکاری گرنگی رۆڵی سوید لە کاری سیاسیی و دیپلۆماتی جیهاندا. بۆ نموونە:
راوڵ ڤاڵنبێری لەجەنگی دووەمی جیهانیدا بە دەیان هەزار جووی رزگارکرد.
فۆڵکێ بێرنادۆت لە ساڵی 1945 بە دەیان هەزار سەبازی برینداری بە لۆریی و ئۆتۆمبیلی رەنگ سپی گواستەوە بۆ شوێنی چارەسەرکردنیان و وڵاتانی خۆیان.
داگ هامەرشوێرد دووەم سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و رۆڵی سەرەکی بینیەوە لە داڕشتنی ریفۆرمکردن لە ناو ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکاندا.
ئولوف پالمێ سکرتێری گشتی پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید و سەرۆکی پێشووی حکومەتی سوید و دیپلۆماتکارێکی زیرەك بوو.
یان ئیلیاسۆن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو لە جەنگی ئێران – عیراقدا و سەرۆکی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو.
هانس بلیکست و کارل بیلت و ستیفان دیموستورا.

چۆن خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە گەشەی کرد؟

لەگەڵ گۆڕینی قۆناغی کشتوکاڵی بۆ قوناغی پیشەسازی، کۆمەڵگەی سوید لە کاری کشتوکاڵییەوە بوونە کرێکار لە کارگەکاندا.
 لەو کۆمەڵگەیەدا، قوتابخانە  و نەخۆشخانەی زیاتر دروستکران و گەشەیان کرد، لێرەوە کۆمەڵگەی خۆشگوزەران پەیدا بوو.
سەرەتا کاتێك سۆشیال دیموکراتەکان دەسەڵاتیان کەوتە دەست، پێر ئەلبین هانسۆن بووە سەرۆکی حکومەت، بنەمای کۆمەڵگەیەکی مودێرن چەسپێنرا. وشەی ماڵی خەڵک لەو کاتەوە هێنرایە ناو زمانی سویدی کە بە واتای ئەوە دێت کە دانیشتوانی سوید وەك یەك مافیان هەیە سوودمەند بن لە سامانی وڵات.
ئەم بیرۆکەیە وردە وردە گەشەی کرد تا بیمەی کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد، واتە لەو کاتەی کەسێك لەدایك دەبێت تا بە ساڵاچوون و پەککەوتن هاوکاری دارایی وەردەگرێت. لەوانە منداڵ لە دایکبوونەوە تا 23 ساڵ، نەخۆشی، بەساڵاچوو، مەرەخەسی دایک و باوکایەتی، هەروەها کەمئەندامبوون هاوکاری دارایی وەردەگرن. بیمەی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە لەو خۆشگوزارانیەی بۆ دابەشکردنی سامان و پارەی وڵات بۆ خەڵک بە گشتی، واتە میللەت لە چوارچێوەی بیمەی کۆمەڵایەتیدا مافی هەیە و ئەرکیشی لەسەرە. کارگەر باج دەدات و خەزێنەی وڵاتیش فریاگوزاری خەڵکە لە گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا.

*نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید.

سەرچاوەکان:
1/ www.svt.se/special/mot de forsta svenskarna
2/ Dick Harrison. Vikingarnas historia

بابەتە پەیوەندیدارەکان