ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
حكومه‌تى سێبه‌ر سوژە‌یه‌كى گرێدراوە به سیستمی حوكمڕانییەوە، پێناسه‌كردنی له چوارچێوه‌ی چه‌مكێكی جێگیردا ئاسان نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ى سروشتى چه‌مك یاخود دیارده‌كه به‌سه‌ر كاتیگۆری و مۆدێلی سیستمه جیاوازه‌كاندا دابه‌ش ده‌بێ و له‌هه‌ر شوێنێك فۆڕمێكى سه‌ربه‌خۆ وه‌رده‌گرێ، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى ناونانیشی هه‌ر له‌ژێر كارتێكه‌ری جوگرافیا سیاسییه‌كاندا ده‌بێته هه‌ڵگری ناوێك، به‌جۆرێك له شانشینى به‌ریتانیا له‌ژێر تایتڵى (ئۆپۆزسیۆنى وه‌فادار) جێگه‌یان كردۆته‌وه و له توركیا به (ده‌وڵه‌تى قووڵ) ناوی ده‌به‌ن و له شوێنی دیكه‌ش به (ده‌سه‌ڵاتى جڵه‌و له‌مست) و (دوورنماى ده‌وڵه‌تداری) پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. ئه‌م حوكمڕانییه بێ فه‌یسه، به‌شێوه باوه‌كه‌ى به‌و جۆره‌ی حكومه‌ت ده‌وترێت كه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن خاوه‌ن ناونیشانى خۆى نییه و له پرۆسیسی به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا رۆڵى په‌نهان ده‌گێڕێ و له ئه‌گه‌ری كه‌وتنى حكومه‌تیش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى باڵاوه راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ و خۆى ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى دروستكردنى بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات، ئه‌مه‌ش به تێڕوانینه‌كه‌ى (مه‌ریوان وریا قانیع) بێت، حكومه‌تێكى له قوتونراوى ئاماده‌یه و به‌رواری به‌سه‌رچوونى په‌یوه‌ندیداره به به‌سه‌رچوون و ئێكسپایه‌ربوونى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنى خاوه‌ن شه‌رعیه‌تى دیموكراسیی و هه‌ڵبژاردنه‌كان.
ئەزموونی سەرکەوتووی هەندێک وڵات سەلماندوویەتی ئیدارەی کۆمەڵگە بە یەک گروپ سەرکەوتوو نابێت
فه‌رهه‌نگی فه‌ره‌نسی له پێناسه‌كردنى كۆنسێپتى حكومه‌تى سێبه‌ر، وا ده‌یناسێنێ كه جۆرێكه له فه‌رمانڕە‌وایی نادیار و په‌نهان كه به‌هۆى شكست و كه‌وتنى له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان و نه‌بوونى ده‌رفه‌تى سه‌ركردایه‌تیكردنى وڵات و به‌جێگه‌یاندنى نه‌خشه‌ڕێگاى ریفۆڕم و جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى هه‌ڵبژاردن ئۆپۆزسیۆن دروستی ده‌كات، له دۆخی پاش هه‌ڵبژاردن ئه‌و پارت و هێزانه‌ى نابنه به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و چانسی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیان پێ ناسپێردرێت له رێگه‌یه‌كى دیكه‌وه خۆیان بۆ ئه‌و مۆدێله له به‌شداریی یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، خودى ئه‌و پڕۆسه‌یه جۆرێكه له نه‌رمكردنى ده‌ست و په‌نجه بۆ راستكردنه‌وه‌ى چه‌وتییه‌كانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌زموون بۆ خولی داهاتوو، له‌هه‌مانكاتدا به‌ده‌ستهێنانى سه‌رنجى راى گشتییه له رێگه‌ى ره‌خنه‌گرتن له‌ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و پێشكه‌شكردنى پڕۆژە یاسا و ته‌رحكردنى سیاسه‌تێكى كارگێڕیی و به‌ڕێوه‌بردن بۆ حكومه‌تى باڵاده‌ست. به مانا‌ى قۆناغی راگوزه‌ره‌ى دواى هه‌ڵبژاردن به‌پێی سروشتى ده‌وڵه‌تان ده‌شێت گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت، به‌ڵام به‌شێوه باوه‌كه‌ى له‌و دۆخه‌دا ئۆپۆزسیۆن بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌و ویستانه بژارده‌ى كابینه‌ى سێبه‌ر په‌سه‌ند ده‌كات، كه چاودێری حكومه‌ت ده‌كات و ئاماده‌سازیی بۆ ستاف و تیمى خۆشی ده‌كات بۆ ئه‌گه‌ری به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى ده‌سه‌ڵات. به‌مانا لۆژیكه‌كه‌ى ده‌شێت هه‌ندێك سیستمی كامڵ و كه‌ماڵ زۆرجار وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى سێبه‌ریش له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا، ئه‌وانه‌ى هه‌ڵگریی ره‌هه‌ندی نیشتمانین له كۆبوونه‌وه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن به‌شداریی بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى له شانشینى به‌ریتانى په‌یڕە‌و ده‌كرێت، له‌و دۆخه‌شدا حكومه‌تى سێبه‌ر له‌ناو سیستمدا له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى ركابه‌ر بێت له كرده ستراتیژییه‌كان ده‌بێته هاوبه‌ش و له به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا ئه‌ركى له ئه‌ستۆدا ده‌بێت.
مێژووى ده‌ركه‌وتنى (حكومه‌تى سێبه‌ر) وه‌ك كۆنسێپتێكى سیاسیی بۆ كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزده ده‌گه‌ڕێته‌وه له به‌ریتانیا، پاش ئه‌وه‌ى حكومه‌تى شكستخوارد و به‌ناچاری رێگاى راده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ئۆپۆزسیۆنه وه‌فاداره‌كه‌ى ده‌وڵه‌ت چۆڵكرد
مێژووى ده‌ركه‌وتنى (حكومه‌تى سێبه‌ر) وه‌ك كۆنسێپتێكى سیاسیی بۆ كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزده ده‌گه‌ڕێته‌وه له به‌ریتانیا، پاش ئه‌وه‌ى حكومه‌تى شكستخوارد و به‌ناچاری رێگاى راده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ئۆپۆزسیۆنه وه‌فاداره‌كه‌ى ده‌وڵه‌ت چۆڵكرد و له رێگه‌ى بونیادى ئه‌و حكومه‌ته سێبه‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌وه كابینه‌ی نوێ راگه‌یه‌نرا، له قۆناغێكى تردا و له‌دواى په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردووشه‌وه ئیدى له‌ناو سیستمى به‌ریتانیدا ده‌بێته پارچه‌یه‌كى جێگیر و نه‌گۆڕ و ئیتارێكى یاسایی پێبه‌خشرا، له‌وكاته‌وه و به‌رده‌وام له‌دواى هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك وه‌ك عورفێكى دیموكراسی و نیشتمانیی خۆى فۆرمه‌ڵه ده‌كاته‌وه.
حکومەتی سێبەر خەمخۆری وڵات و کۆمەڵگەیە، وەک حکومەتە بەرچاوەکە
ئه‌م چه‌مكه له دیدى (لۆریان فریده) دوو ئاراسته‌یه، ده‌كرێت وا لێك بدرێته‌وه كه پارتێكه له ئۆپۆزسیۆنى نیشتمانیی و رێشی تێده‌چێت به ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تێكى نهێنێ و نه‌بینراو وێنا بكرێت، بنه‌ماكانى ئه‌و تێڕوانینه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتى سیاسی راسته‌قینه و كرداریی به‌ده‌ست ئه‌و نوێنه‌ره گه‌ل په‌سه‌ندانه‌وه نین كه خه‌ڵك هه‌ڵیبژاردوون، به‌ڵكو پاوه‌ری راسته‌قینه له ده‌ست ئه‌وانه‌یه كه له په‌نهاندا ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن و سیستم ئیداره ده‌ده‌ن و حكومه‌ته روخسار دیارەكە له بنه‌ماوه له‌لایه‌ن حكومه‌ته خه‌فه بووه‌كه‌وە به‌ڕێوه‌ده‌برێت، به‌تایبه‌ت سروشتى ئه‌وجۆره له حكومه‌تى سێبه‌ر خۆى له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كات كه ده‌زگاى هه‌واڵگریی قسه‌ى سه‌ره‌تا و كۆتایی له ده‌سته. (فریدین گلاسمان) بیانووی ناونانى حكومه‌تى سێبه‌ر بەوە‌وه گرێده‌دات كه له‌بنه‌ڕە‌ته‌وه حكومه‌تێكى ناڕە‌سمییه و خاوه‌ن پاوه‌ری راسته‌قینه نییه، به‌ڵام له‌رێگه‌ى ره‌خنه و ئۆپۆزسیۆن بوونێكى ئه‌رێنییه‌وه رێگا دروسته‌كه بۆ حكومه‌ت ده‌خا‌ته‌ڕوو یان ئاماده‌سازیی بۆ نه‌خشه‌رێگایه‌كى نیشتمانیی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له دۆخى هه‌ڵبژاردن و بردنه‌وه‌دا پێشوه‌خته كابینه‌ى حكومه‌تییان ئاماده‌بێت، به‌و مانایه‌ى كه حكومه‌تى سێبه‌ر ته‌نها هه‌ڵگری ئه‌و روخساره ئه‌رێنیه نییه كه زانستى سیاسی و عورفی دیموكراسی هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت پێمانى ده‌به‌خشێت، به‌ڵكە له هه‌ندێك جوگرافیا و به‌پێی دیدگاى هه‌ندێك تیۆرسینانی سیاسی ده‌شێت دیوى نه‌رێنیشی هه‌بێت كه خۆى له هێزی په‌نهانی ده‌وڵه‌تدا ده‌بینێته‌وه كه جڵه‌وى ئابووری و هه‌واڵگری و دیپلۆماسی له‌ده‌سته و حكومه‌ته شه‌رعییه‌كه به چه‌شنى لێبووكێك له ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا هه‌ڵده‌سوڕێنێ.
په‌یوه‌ندى حكومه‌تى سێبه‌ر به دیموكراسییه‌وه
زانایانى بواری زانستى پۆله‌تیك ده‌ركه‌وته‌ى حكومه‌تى سێبه‌ر به ئاستێكى گه‌وره به دیموكراسی و ده‌وڵه‌تێكى كراوه‌وە ده‌به‌ستنه‌وه، له‌ناو سیستمه دیموكراسییه‌كاندا مۆدێلى په‌رله‌مانیی گونجاوترین پانتاییه كه ئه‌و فۆرمه تێیدا باڵا ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ى له سیستمى سه‌رۆكایه‌تیدا بۆى مه‌یسه‌ر ده‌بێت، چونكه هه‌ر خودی سیستمی په‌رله‌مانى ده‌رفه‌تى باشتر بۆ ئۆپۆزسیۆن ده‌ڕە‌خسێنێ كه چاودێریی حكومه‌ت بكات و دیموکراسی و شه‌فافیه‌ت و ریفۆرمى سیاسی قوڵتربکاتەوە، له‌به‌رئه‌مه‌ش ده‌شێت ئاماژە به‌وه بكه‌ین كه سیستمه په‌رله‌مانییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌و سیستمانه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى دیموكراسیی دامه‌زراون ئۆپۆزسیۆن له‌ناوه‌وه و له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان به یاسایی ناسێنراوه و ده‌رفه‌تى كار و جووڵه‌ى پێدراوه، باشتر ده‌بێته ژینگه‌یه‌كى گونجاو بۆ ئۆپۆزسیۆن تا رۆڵى مێژوویی خۆى ببینێت و ره‌قیبى ده‌سه‌ڵات بێت له‌سه‌ره‌ڕۆیی و لادان.
كه‌وایه له سیستمى په‌رله‌مانیدا ده‌رفه‌ته راسته‌قینه‌كه بۆ ئۆپۆزسیۆن ته‌نها له رۆڵه چاودێرییه‌كه‌دا كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و هیممه‌ته دیموكراسییه سه‌ر ده‌كێشێت بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى سێبه‌ریش، حكومه‌تێك كه بارته‌قاى ده‌سه‌ڵاته شه‌رعی و دیموكراسییه‌كه له‌ناو پڕۆسه‌ى سیاسی‌دا جێگه ده‌گرێ، ئه‌مه له‌دیدى زۆرێك له توێژە‌رانەوە به ته‌نها بریتی نابێت له سوودى ئۆپۆزسیۆن خۆى، به‌ڵكو به ئه‌ندازه‌ى ئه‌مه بۆ حكومه‌تی دانپیانراویش ده‌بێت به سه‌رچاوه‌ى حاڵه‌تێكى ئه‌رێنى، كه ده‌ركه‌وتنى ئه‌ڵته‌رناتیڤێكه ئه‌گه‌ر به سه‌نگینییه‌وه ده‌وڵه‌ت و جڤاك به‌ڕێوه نه‌به‌ن جێگره‌وه‌كه‌ى چانسى گه‌وره‌ى بۆ ده‌ڕە‌خسێت، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌م ستایڵه‌وه لەسیستمى سه‌رۆكایه‌تیدا به تێڕوانینى (د. شێركۆ كرمانج) ئامادەیی ئەو هەموو هەلە لەبەردەست هاووڵاتیاندا کە لە سیستمە پەرلەمانییەکاندا هەیە لە سیستمی سەرۆکایەتیدا نییە، چونكه دەنگدەر لە سیستمە سەرۆکایەتییەکاندا ماوه‌یه‌كى كه‌م پێش هەڵبژاردنەکان دەزانن کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆکایەتی کێیە. لەوەش خراپتر تا دوای هەڵبژاردنەکان نازانن ئایا کابینەی حوکم لە کێ پێکدێت، چونکە سەرۆک دوای هەڵبژاردن ئەندامانی کابینە دیاری دەکات، کەچی، لە سیستمی پەرلەمانیدا هاووڵاتی بەردەوام دەزانێت کە کێ لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بە سەرۆک وەزیران. سەرۆک وەزیرانی چاوەڕوانکراو (سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن) دەبێت بەردەوام لەبەرامبەر پۆستی هەر وەزیرێک پێش هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکان بەردەوام ئەندامانی کابینە چاوەڕوانکراوەکەی لە حکومەتەکەی سێبەردا دەستنیشان کردبێت.
ئۆپۆزسیۆنى سیاسی له‌ناو سیستمى سیاسی كوردستاندا له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى بچێته‌وه سه‌ر (وه‌فاداری)یه لۆژیكییه‌كه له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه، ده‌چێته‌وه سه‌ر مۆدێلى پۆپۆلیستی، كه ته‌نها سه‌رقاڵى به‌رهه‌مهێنانى ژاوه‌ژاوى گه‌وره و شۆى میدیایین
ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كانى حكومه‌تى سێبه‌ر
دنیاى دیموكراسیی هه‌ڵگری چه‌ندین فۆرم و ستایلى حكومه‌تى سێبه‌ره و هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له‌ژێر رۆشنایی یاسا‌و رێسا دیموكراسییه‌كانى، به‌هۆى كاریگه‌ری و كارتێكردنه‌كانى عورف و پێشینه‌كانى ئیداره‌دانى ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانییه‌وه به‌جۆرێك حكومه‌ته سێبه‌ره‌كه‌ى له‌دایك ده‌بێت، ره‌نگه ئه‌زموونه سپێسیالەكەى به‌ریتانیا له‌هه‌موویان جیاواز تر بێت، چونكه ئه‌و وڵاته له یه‌ككاتدا ئه‌و نوخبه سیاسییه‌ى به‌یاسایی ناساندووه و ده‌سته‌به‌ری مافه داراییه‌كانى ئه‌و تیمه‌ش ده‌كات كه له‌ناو حكومه‌ته سێبه‌ره‌كه‌دا رۆڵ ده‌بینن، به‌و واتایه‌ى وه‌ك چۆن مامه‌ڵه‌ى شایسته داراییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانى میریی ده‌كات، به‌هه‌مان پێوه‌ریش له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كانى حكومه‌تی سێبه‌ر ده‌جوڵێته‌وه و له به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا و سیستمدا پشكدارییان ده‌كات.
ئه‌م دیموكراسییه‌ى شانشینى به‌ریتانیا له ته‌رحكردنى مۆدێلى حكومه‌تى سێبه‌ر به سیاسه‌ت و زانستى سیاسه‌تى، مۆدێلێكه ته‌نها له‌وه‌دا كورت نابێته‌وه كه ئه‌ركه دیموكراسییه‌كه به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو له رێگه‌ى وه‌فاداری دیوه‌كه‌ى تری هێز (ئۆپۆزسیۆن) پایه‌كانى ده‌وڵه‌تداری و حوكمى ره‌شید بۆ وڵات به‌هێزتر ده‌كات، واتا چیتر ده‌رفه‌تى ناكۆكى و به‌ریه‌ككه‌وتن له‌ناو سیستمدا رێگه پێدراو نابێ و گوتاری بارگاوى به رق و توندی له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا نابێته سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی و ئارامیی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و هاوبه‌شیه له‌ناو سیستم خۆیدا ده‌وڵه‌ت به‌هێزتر ده‌كات.
له‌نموونه هه‌ره دیاره‌كانى ئه‌زموونى ئه‌و پارتانه‌ى كه حكومه‌تى سێبه‌ریان به‌ڕێوه‌بردووه و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون، (پارتى كرێكارانى به‌ریتانیا) و (پارتى دیمو‌كراتى ژاپۆنى) و (لۆبی جوله‌كه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا) هه‌روه‌ك ئه‌زموونى پارته سیاسییه‌كانى دیكه‌ى سوید و ئۆكرانیا و رۆمانیا و فەڕەنسا و ئوسترالیا و سودانن، كه وه‌ك مۆدێلێكى دیموكراسی شایسته به به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت له‌ناو مێژووی سیستمه سیاسییه‌كان سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تدارییان نووسیوه‌ته‌وه.
سیستمی په‌رله‌مانى ده‌رفه‌تى باشتر بۆ ئۆپۆزسیۆن ده‌ڕە‌خسێنێ كه چاودێریی حكومه‌ت بكات و دیموکراسی و شه‌فافیه‌ت و ریفۆرمى سیاسی قوڵتربکاتەوە
كوردستان و حكومه‌تى سێبه‌ر
ئه‌گه‌ر پێناسه گشتییه‌كه‌ى ئه‌م تێرمه به هه‌ند وه‌ربگرین، كه حكومه‌تى سێبه‌ر فه‌زیله‌تی ئۆپۆزسیۆنى وه‌فادار و نیشتمانییه، ئه‌گه‌ر ئه‌و دیده بكه‌ینه سه‌رچاوه‌ى ئه‌نالیزه‌كردنى دیارده‌ى نه‌خه‌مڵینى حكومه‌تى سێبه‌ر له‌ناو سیستمى سیاسی كوردستانیدا، ده‌شێت له‌و گۆشە‌یه‌وه پێویست بێت له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن خۆى قسه بكه‌ین، چونكه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ئۆپۆزسیۆنى سیاسی له‌ناو سیستمى سیاسی كوردستاندا له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى بچێته‌وه سه‌ر (وه‌فاداری)یه لۆژیكییه‌كه له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه، ده‌چێته‌وه سه‌ر مۆدێلى پۆپۆلیستی، كه ته‌نها سه‌رقاڵى به‌رهه‌مهێنانى ژاوه‌ژاوى گه‌وره و شۆى میدیایین.
مۆدێلى حزبایه‌تى له كوردستان، مۆدێله كلاسیكیه‌كه‌ى ناو فه‌رهه‌نگی چه‌پ و چه‌پگه‌راكانه و به‌وانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وانه‌شی له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن ساغبوونه‌ته‌وه تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته خه‌مڵینى راسته‌قینه‌ى دیموكراسی، له‌به‌رئه‌وه‌ى خودی سیستمه‌كه خۆى له‌گه‌ڵ پێسپاردنى رۆڵه وه‌فاداره‌كه نییه به ئۆپۆزسیۆن، بۆیه به‌رده‌وام ئه‌و گوتاره بارگاوییه ده‌بینین، له هه‌مانكاتیشدا حكومه‌تى سێبه‌ریش له‌سایه‌ى ئه‌و دۆخه‌وه چانسی ده‌ركه‌وتنى نه‌بووه و نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بووه ته‌نها تایپێك بووه له ئۆپۆزسیۆنى په‌رله‌مانیی كه شوێن هاش و هوشی گه‌وره و ده‌نگ هه‌ڵبڕینى گه‌وره‌تر ده‌كه‌وێت. بەپێی ئەم دۆخه، دیموكراسیی راسته‌قینه وه‌ك به‌ها و بنه‌ما دواده‌كه‌وێت و ده‌ركه‌وتنى حكومه‌تی سێبه‌ریش به مۆدێله به‌ریتانییه‌كه‌ى له سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوون په‌كى ده‌كه‌وێت. پرۆسه‌ی سیاسی له كوردستان بۆیه نه‌بۆته خاوه‌ن حكومه‌تێكى سێبه‌ر و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌شی نه‌یتوانیووه سپێسیالیتییە به‌ریتانییه‌كه وه‌ربگرێ، چونكه له‌نێوان چه‌ند جۆرێكى پارتى سیاسیی گیرۆده بووه، جۆره كاریگه‌ره‌كه‌ى ئه‌و پارته سیاسییانه بۆ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین ده‌نگ له‌بری ئه‌وه‌ى سه‌رگه‌رمى چاودێریكردنى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بن و له‌رێگه‌ى پڕۆژە یاسا و چاودێرییه‌وه رۆڵى حكومه‌ته شاردراوه‌كه ببینن و دیموكراسی زیاتر قاڵ و قووڵ بكه‌نه‌وه، به ده‌وری هێزی پۆپۆلیستى دەبینن و خاوه‌ندارییه‌تى له گوتاری توند و ده‌ستبردن بۆ شه‌قام ده‌كه‌ن، به‌و واتایه‌ى هێنده‌ى ده‌ست له شه‌قام و راى گشتى وه‌رده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ببنه سه‌رچاوه‌ى شۆى ناو میدیا و سۆشیاڵ میدیا، ئه‌وه‌نده به خه‌باتى په‌رله‌مانیی و دیموكراسییه‌وه سه‌رقاڵ نابن كه دروستكردنى (حكومه‌تى سێبه‌ر) ئه‌ڵقه‌یه‌كه له ئه‌ڵقه‌كانى ئه‌مجۆره‌ى سیستمى كامڵ و سه‌نگین. جۆره‌كه‌ى دیكه‌ى پارته سیاسییه‌كانیش كه سه‌ر به‌و ئاراسته‌ى بیركردنه‌وه نین هه‌ر ئه‌و رۆڵه نابینن و له‌جیاتى ئه‌وه‌ى (حكومه‌تى سێبه‌ر) بۆ دیموكراسیی و ده‌وڵه‌تداری دروست بكه‌ن، خۆیان ده‌بنه (سێبه‌ری حكومه‌ت) و له‌رێگه‌ى ده‌ستبه‌ردان له به‌هاو بنه‌ماكانى ئۆپۆزسیۆن بوون ته‌نها ده‌ستیان به هێشتنه‌وه‌ى پایه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌ناو چه‌وتی و نه‌نگیه‌كانیش نغرۆ بووبیت. دۆخی شڵه‌ژاوى ناو پارته سیاسییه‌كان له كوردستاندا له‌نێوان دوو مۆدیلدایه، یه‌كه‌میان (ده‌وڵه‌تى قووڵ)ە به دیزایینه توركییه‌كه‌ى و دووه‌میش (حكومه‌تى سێبه‌ر)ە به شكڵه به‌ریتانییه‌كه‌ى، كه یه‌كه‌میان حكومه‌تێكه له‌ناو حكومه‌ت و ئامانج لێی روخان و لاوازكردنى نه‌ك هه‌ر حكومه‌ت، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تیشه، له‌كاتێكدا دووه‌میان له ركابه‌رییه‌كى به‌رپرسیارانه‌دا ده‌بێته هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت و پایه‌كانى ده‌وڵه‌تداری به ته‌رحكردنى پڕۆژه‌ى ستراتیژی و هه‌ڵوێستی دوورمه‌ودا به‌هێز ده‌كات، به‌و مانایه‌ى ده‌وڵه‌تى قووڵ ده‌كرێت مۆرانه‌ى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بێ و حكومه‌تى سێبه‌ریش سه‌رچاوه‌ى به‌تینكردنى پایه‌كانى نیشتمان سازیی نێوان دوالیزمى (ده‌سه‌ڵات-ئۆپۆزسیۆن) بێت.
ئۆپۆزسیۆنی زانستی و حکومەتی بەرپرسیار دەتوانن پلۆرالیزمی سیاسی بەدیبهێنن
راستی پێش مه‌رجى هه‌ڵكشانى ئاراسته پۆزه‌تیڤه‌كه‌ى ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی كوردستان ته‌نها به خۆگۆڕینى ئۆپۆزسیۆن نایه‌ته‌دی، به‌وه‌ى كه له مۆدێله ته‌قلیدییه‌كه‌ى دروستكردنى ژاوه ژاو دوور بكه‌وێته‌وه و به پلانی هاوبه‌شییه‌وه له‌ناو سیستمه‌كه‌دا بجووڵێت، به‌ڵكو به ته‌واوكردنى مه‌رجه دیموكراسییه‌كان و په‌سه‌ندكردنى وه‌ك خۆى، پلۆرالیزمى سیاسی فه‌راهه‌م ده‌بێت، پلۆرالیزم و فره‌ییه‌ك كه ده‌سه‌ڵاتى سیاسی له پڕۆسه‌ى به(سێبه‌ر)كردنی پارته‌كان دووربكه‌وێته‌وه و چانسی ئه‌و رۆڵه مێژوویه‌یان پێبدات، تا ئه‌و قۆناغه‌ش به‌دی نه‌یه‌ت نه ئۆپۆزسیۆنى وه‌فادار ده‌بینین و نه ده‌شبینه خاوه‌نى راسته‌قینه‌ى (حكومه‌تێكى سێبه‌ر)، كه ببێته سایه و سێبه‌ری پاراستنى ئه‌زموون و ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیه‌تى هه‌رێمی كوردستان.
سەرچاوەکان:
1ـ محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار شه‌بوت، حكومة الظل المعارضة، شبكة النبأ المعلوماتية.
2ـ محي الدين محمد، كيف سيطرت حكومات الظل علي الشعوب العربية، الموقع المدونات..
3ـ د. سه‌باح به‌هرامی، تێگه‌یشتن له حكومه‌تى سێبه‌ر و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆن، رۆژنامه‌ى چه‌تر، ژماره 24.
4ـ خالد المطلق، حكومة الظل والحرب العالمية الثالثة، المركز حرمون للدراسات السياسية.