رێگەی سەرەکیی دهۆك – ئامێدی پێویستی بە دووسایدکردنە

09:52 - 2025-06-17
ڕاپۆرت
34 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی


رێگەی یەک سایدی دهۆک - ئامێدی، رێگەیەکی سەرەکییە قەزای ئامێدی بە دهۆک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە ده‌به‌ستێتەوە، هاتنی گەشتیارێکی زۆر لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا بۆ سنووری قەزای ئامێدی قەرەباڵغی و ئاستەنگیی بۆ شۆفێرانی ناوچەکە دروستکردووە.
عمری رێكانی هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی شێلادزێیە، بۆ‌ كوردستانی نوێ وتی: رێگەی ئامێدی - دهۆک، رێگەیەکی سەرەکییە و چەند ناوچەیەک بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەتی رۆژانی هەینی و شەممە کاتێک ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە ناوچەکە دەکەن  قەرەباڵغی و ئاستەنگی زیاتر بۆ شۆفێران و خەڵکی ناوچەکە دروست دەبێت، هەروەها رێگەکە شاخاوییە و لە وەرزی زستاندا ئاسته‌نگییەکە زیاتر دەبێت‌.
وتیشی: داواکارین رێگەکە بکرێتە دووساید و فراوان بکرێت، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر شۆفێران و خەڵکی ناوچەکە کەمتربێت، هەروەها رووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە.
بەرپرسانی ناوچەکە ئاگاداری خراپیی رێگەکەن و پلانی چاککردنیان هەیە.
ئه‌ندازیار خه‌جیجه‌ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری رێگه‌ و پردی پارێزگای دهۆك به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: رێگەکەمان لە سیارەتیکاوە بۆ سەرسەنگ دیزاین کردووە بە مەبەستی چاککردنی، بەڵام رێگەكه‌ شاخاوییە و پێویستی بە کات و كارکردنی زۆره.
وتیشی: رێگەی سەرەکی ئامێدی - دهۆک، دیزاینێکی نوێمان بۆ کێشاوە و لە پلانماندایە بیکەینە دووساید، هەرکاتێک پارەی پێویستی بۆ دابینکرا دەست بە دروستکردن و چاککردنی دەکەین.
خراپیی رێگەکە گرفتی بۆ ئەو شۆفێرانە دروست کردووە کە رۆژانە بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانیان لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەکەن.
سه‌باح سه‌دیق شۆفێری ته‌كسییە له‌ قه‌زای ئامێدی، بۆ كوردستانی نوێ وتی: رۆژانە لەم رێگەیەدا شۆفێری ده‌كه‌م، بەهۆی قەرەباڵغییەوە گرفتی زۆرمان بۆ دروست ده‌بێت، بە تایبەتی لە هاوینەهەواری سۆلاڤ، زاوێتە و کۆمەڵگەی قەدش.
وتیشی: زیاتر لە دوو سەعاتت پێویسته‌ تا دەگەیتە شوێنی مەبەست، لە کاتێکدا ئەگەر رێگەکە باش بێت بە کەمتر دەگەیت، هەروەها بەهۆی خراپیی رێگەکە رۆژانە رووداوی هاتوچۆ روودەدات و داوا لەلایەنی پەیوەندیدار ده‌كه‌ین رێگەکە بکاتە دووساید و فراوانی بکات به‌ مەبە‌ستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.
بە مەبەستی دەستکەوتنی ئاماری رووداو و قوربانیانی سەر رێگەی دهۆک – ئامێدی پەیوەندیمان بە ئازاد تەها وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای دهۆکه‌وه‌ کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ ئامارێک لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات.
عه‌لی ئامێدی شۆفێرێكی دیكه‌یە بۆ كوردستانی نوێ وتی: یەک سایدی رێگەکە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و شۆفێران به‌ گشتی دروستکردووە و رۆژانە رووداوی هاتوچۆی تێدا روو دەدات، بەهۆیەوە جگە لە زیانی گیانی زیانی مادیش بەر شۆفێران دەکەوێت.
تەنها رێگەی سەرەکیی دهۆک – ئامێدی نییە پێویستی بە چاککردنە، بەڵکو هاووڵاتیان داوا دەکەن، سەرجەم رێگەکانی دیکەش چاکبکرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری رێگه‌ و پردی پارێزگای دهۆك دەڵێت: بەپێی ماستەرپلانی بەڕێوەبەری رێگەوبان و پردەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی پارێزگاکە سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی نێوان قەزاکان بۆ شاری دهۆک کراونەتە دووساید و تەنها رێگەی نێوان دهۆک - ئامێدی ماوە دووساید بكرێت.
وتیشی: بابەتی دووسایدکردنی رێگە سەرەکییەکان ئامانجی سەرەکیمانە و پلانی جێبەجێکردنی سەرجەم رێگەکانمان هەیە.
لە ماوەی رابردوودا چەندین رووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک روویانداوە، بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە، هۆکاری بەشێک لەو رووداوانە بۆ یەک سایدی و خراپی رێگەکان دەگەڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان