لە هۆڵەندییەوە: بافڵ هیوا سەرهەنگ
سەدەی حەڤدە لە مێژووی هۆڵەندا، بە سەردەمی زێڕین ناسراوە. لەم ماوەیەدا هۆڵەندا سەرەڕای جوگرافیای بچووک و سنوورداربوونی سامانە سروشتییەکانی، گۆڕا بۆ یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان. ئەم گەشەسەندنە بەهۆی تێکەڵەیەکی ناوازەی فاکتەری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها داهێنانی تەکنۆلۆژی و دیدگای ستراتیژی بوو. بنەمای دەسەڵاتی هۆڵەندا لە سەردەمی زێڕیندا، خۆشگوزەرانی ئابووری بوو. لەم کاتەدا بوو بە ناوەندی بازرگانی جیهان، تۆڕێکی بازرگانی پێشکەوتووی هەبوو کە لە سەرانسەری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکادا درێژببوەوە.
دامەزراندنی کۆمپانیای هۆڵەندی خۆرهەڵاتی هیندستان (VOC) لە ساڵی 1602 و کۆمپانیای هۆڵەندی خۆرئاوای هیندستان (WIC) لە ساڵی 1621 زۆر گرنگ بوون. VOC کە زۆرجار وەک یەکەم کۆمپانیای فرەنەتەوەیی جیهان دادەنرێت، رێڕەوی بازرگانی قازانجبەخش و بازرگانی بەهاراتی لە ئاسیادا کۆنترۆڵ دەکرد، لەکاتێکدا WIC سەرنجی لەسەر بازرگانی دەرەوەی ئەتڵەسی بوو، لەوانەش: شەکر و تووتن و بازرگانی کۆیلە.
بەندەری ئەمستردام گەشەیکرد و بوو بە گرنگترین ناوەندیی بازرگانی ئەوروپا، کە کاڵاکانی وەک: دانەوێڵە و دار و بەهارات، لەوێ هەڵدەگیران و بازرگانییان پێوەدەکرا و زیاتر دابەشدەکران. بازرگانانی هۆڵەندی بە کەشتییە کارامەکانیان ناسرا بوون، کە پێیان دەگوترا کەشتییە فلووتەکان، کە تێچووی گواستنەوەی کەمتر و قازانجی زیاتریان مسۆگەر دەکرد. هێزی دەریایی هۆڵەندا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی رێگا بازرگانییەکان و فراوانکردنی کایە کاریگەرییەکانی. دەریاوانەکانی وەک میکیل (دی رویتەر) لە جەنگی دووەمی نێوان بەریتانیا و هۆڵەندا، سەرکەوتنی سەرنجڕاکێشیان بەدەستهێنا، کە هۆڵەندا بە کەشتی، بە درێژایی رووباری تایمز، بەلەمەکانی بەریتانیای تێکشکاند.
سەردەمی زێڕین، تەنیا سەردەمی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی نەبوو، بەڵکو سەردەمی گەشەسەندنی کەلتوری و هزریش بوو. زانایانی وەک کریستیان هویگنس و ئەنتۆنی ڤان لیوینهۆک لە بوارەکانی فیزیا و مایکرۆبایۆلۆجیدا کاری پێشکەوتووانەیان ئەنجامدا. لە بواری هونەردا، مامۆستاکانی وەک رێمبرانت ڤان ڕین، یۆهانس ڤێرمیر و فرانس هالس، زاڵبوون بەسەر نیگارکێشیدا، بە بەرهەمێک کە تا ئێستاش سەرسامن.
ئەم گەشەسەندنە بە هۆی خۆشگوزەرانی بۆرژوازییەوە بوو، کە سپۆنسەری هونەرییان دەکرد و وەک هێمای پێگەیەک بەهایان پێدەدا. هۆڵەندا لە سەدەی حەڤدەدا، لە رێگەی تێکەڵەیەک لە بازرگانی و تێڕوانینی ستراتیژی و داهێنانی تەکنۆلۆژی و گەشەسەندنی کەلتورییەوە، گەشەیکرد و بوو بە زلهێزێکی جیهانی. قۆناغێک بوو کە وڵاتێکی بچووک، توانی خۆی وەک زلهێزێکی گەورە بسەلمێنێت، دەستکەوتێکە تا ئەمڕۆش لە مێژوودا، شانازی پێوەدەکرێت.
سەرچاوە:
Het verhail von Nederland