لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا سات بە سات پێشهاتی نوێی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی هەیە، لەگەڵ ئەوەی دوێنێ بۆ چوارەم رۆژ هەردوولا بە فڕۆكە و درۆن و مووشەك بۆردومانی یەكترییان دەكرد، هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیش بە ئاراستەی هێوركردنەوە و راگرتنی شەڕەكە بەردەوام بوون.
زانیاری میدیا
جگە لە هەواڵ و راپۆرتەكانی پەیوەست بە وردەكارییەكانی جەنگەكە، میدیای جیهانی بە دوای زانیاری سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاشتیدا دەگەڕێت. لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویانكردووەتەوە، ئێران داوای لە نێوەندگیرە عەرەبەكان كردووە گوشار لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بكەن بۆئەوەی نفوزی خۆی بەكاربهێنێت بۆ گوشاركردن لە ئیسرائیل تا قایل بێت دەستبەجێ شەڕ رابگرێت و لەبەرامبەردا تاران لە دانوستاندنی ئەتۆمیدا نەرمی بنوێنێت.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، تاران داوای لە قەتەر و سعودیە و سوڵتاننشینی عوممان كردووە واشنتۆن ئاگاداربكەنەوە لەوەی ئامادەیە لە گفتوگۆكانی ئەتۆمیدا نەرمی بنوێنێت ئەگەر بتوانرێت ئاگربەست بەدیبهێنرێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش مەرجێكی ئێرانی لەو هەنگاوەدا بڵاوكردووەتەوە، كە ئەویش بریتییە لەوەی ئەمریكا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری لە پەلامارە سەربازییەكاندا نەكات.
پێشتریش ئێران رەتیكردبووەوە لە رێی قوبرسەوە هیچ نامەیەكی بۆ ئیسرائیل ناردبێت.
ترەمپ چی دەڵێت؟
لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی لووتكەی (G7) لە كەنەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: ئامادەیی ئێران بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن، ئاماژەیە بۆ نیازی لە كەمكردنەوەی پەرەسەندنی بارگرژی بەرامبەر ئیسرائیل.
جەختی لەوەشكردەوە، دەبێت هەردوولا بگەنە رێككەوتن، كە ئازاربەخشە بۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانێت ئێران دەستبەجێ دانوستاندن بكات بەرلەوەی كار لە كار بترازێت.
لە هەژماری خۆیشی لە تۆڕی (تروس سۆشیال)، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، بەمنزیكانە ئیسرائیل و ئێران دەگەن بە ئاشتی.
بە یەك تەلەفۆن كارەكە دەكرێت
لەم نێوەندەدا عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی X جەختیكردەوە، كە بە یەك پەیوەندی تەلەفۆنی لە واشنتۆنەوە، دەتوانرێت جەنگی ئیسرائیل رابگیرێت و رێگەخۆشبكرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەت.
سەرلەنوێ دووپاتیكردەوە، كە ئێران جەنگی هەڵنەگیرساندووە، بەڵام ئامادەیە تا دوا سات بجەنگێت، هەربۆیە وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت مادام هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوامن.
بۆردومانكردنی رادیۆ و تەلەفزیۆن
ئەو لێدوانانەی سەبارەت بە دانوستاندن و ئاگربەست لە میدیاوە بڵاوكرانەوە، بەڵام هەر دوێنێ ئیسرائیل بۆردومانی باڵەخانەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی رەسمیی ئێرانی كرد و پاش چەند ساتێك لە بچڕانی پەخش، سەرلەنوێ سەدا و سیما كەوتەوە كار.
ئاژانسی هەواڵی «فارس»ی ئێرانیش بڵاویكردەوە، بۆردومانەكە بووەتەهۆی كوژرانی ژمارەیەك كارمەندی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران.
كوردستانی نوێ