״پشتیوانی لە هێوركردنەوەی بارودۆخەكە پێویستە״

11:55 - 2025-06-18
عیراق
68 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوە و گفتوگۆیان كرد لەبارەی پەرەسەندنەكانی رووداوە ئەمنییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر عیراق و پێویستی پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی.  
دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار لەگەڵ د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و سەرۆك كۆمار تەئكیدی لەگرنگی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریكردندا كردەوە و پێویستی سوودوەرگرتنی لە ماوەكانی دانیشتنی ئێستای ئەنجومەنەكە بە گرنگزانی بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆژەیاساكانی پەیوەست بە داواكاری و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان.
هەردوێنێ، سەرۆك كۆمار چاویكەوت بە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و لە دیدارێكدا پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهان تاوتوێكران و داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی جەنگ لە ناوچەكە و كاركردن بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی بۆ گەلانی ناوچەكە.
هەمان رۆژ، سەرۆك كۆمار لە بەغدا لەگەڵ دادوەر فائق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبووەوە و سەرۆك كۆمار جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی گیانی هاوكاری بەردەوام لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەت كردەوە بۆ بەشداریكردن لە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان