کۆمسیۆنی نیشتمانیی رێکخستنی ئەتۆمی و تیشکی عیراق رایگەیاند: لە ئەنجامی بۆردوومانی نێوان ئیسرائیل و ئێران هیچ نیشانەیەکی مەترسیداریان دەستنیشان نەکردووە.
بەگوێرەی لێدوانێکی سەباح ئەلحوسێنی بەڕێوەبەری پاراستن و تیشکدانەوە لە کۆمسیۆن بۆ ئاژانسی هەواڵی رەسمیی عیراق، رایگەیاندووە: لە ژێر رۆشنایی هەلومەرجی هەنووکەیی و رووداوەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کۆمسیۆنەکەمان بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە رێگەی تۆڕی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کە لە سەرانسەری عیراقدا بڵاوبووەتەوە.
روونیکردۆتەوە: بە بەکارهێنانی دەروازەکانی پشکنینی تیشک، چاودێریی دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، کە تێیدا پاشخانی تیشکدانەوە دەخوێنرێتەوە و راستەوخۆ دەنێردرێت بۆ وێستگە ناوەندییەکان لە فەرمانگەکانی کۆمسیۆن، بەڵام لەم قۆناغەدا کارەکان بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبن «چاودێریکردن» و «وەڵامدانەوە».
ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق خاوەنی سیستمی مۆدێرنە کە توانای چاودێریکردن و دەستنیشانکردنی هەر زیادبوونێکی تیشکی پاشخانی هەیە. تا ئێستا سەرەڕای ئەو گورزانەی کە دامەزراوەکانی ناو ئێرانیان کردۆتە ئامانج، هیچ پەککەوتن و زیادبوونێکی تیشکدانەوە لەسەر خاکی عیراق تۆمارنەکراوە».
ئاژانسەکان، ئازاد ئیبراهیم