كێبڕكێی پۆستی سەرۆك وەزیران لە بەریتانیا

12:24 - 2022-08-15
جیهان
691 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

لە بەریتانیا، كێبڕكێی نێوان لیز ترەس وەزیری دەرەوە ‌و ریشی سوناك وەزیری پێشووی دارایی بەردەوامە بۆ شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی وڵاتەكەیان.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەكیش، كە پەیمانگەی ئۆپینیوم بۆ راپرسیی كردوویەتی، لیز ترەس بە جیاوازییەكی زۆر، پێش ریشی سوناك كەوتووە ‌و چانسی شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسۆن-ی زیاترە.
لە راپرسییەكەدا كە 450 ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بەشدارییان تێداكردووە، لیز ترەس بە رێژەی %22ی دەنگەكان، پێش ریشی سوناك كەوتووە، بەجۆرێك لیز ترەس %61 ‌و ریشی سوناك ٪39ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. 
ئەنجامەكانی چەند راپرسییەكی پێشتریش دەریانخستووە، كە لیز ترەس چانسی شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسۆن-ی زیاترە.  
ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بۆ دەستنیشانكردنی شوێنگرەوەی بۆریس جۆنسۆن لە پڕۆسەی دەنگداندا بەشداریی دەكەن ‌و چەند كەسایەتییەكی دیاری ئەو پارتەش پشتیوانیی خۆیان بۆ لیز ترەس دەربڕیوە. هەروەها دەنگدانەكە لە رێی پۆستەوە بەڕێوەدەچێت ‌و تا رۆژی 2ی ئەیلول بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوودا، بۆریس جۆنسۆن، دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كێشایەوە ‌و ئەگەر هەر یەكێك لە كاندیدەكان سەركەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ‌و پاشان دەبێت بە سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#بەریتانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان