ئەڵمانیا لە نێوان ناتۆ و روسیادا

01:22 - 2022-08-15
ڕاپۆرت
710 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

لە نێوان مەترسییەكانی روسیا بە هەڵپەساردنی هەناردەكردنی غازی سروشتی لە بۆرییەكانی نۆرد ستریم یەك-ەوە بۆ ئەوروپا لەلایەك ‌و پشتیوانیكردنی وڵاتانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەلایەكی دیكەوە، بۆ توندكردنەوەی سزاكانی سەر مۆسكۆ بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە، كە گوشاری ئابووریی لەسەر بەرلین زیادكردووە، ئەڵمانیا تووشی هەڵوێستێكی سەخت بووە.

بەرلین دوای سیاسەتی ناتۆ دەكەوێت
بەپێی لێدوانی وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانیا: ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری وڵاتەكەی، لە سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا بیر لە پاشگەزبوونەوە ناكاتەوە، تەنانەت ئەگەر نرخی سووتەمەنی گرانتریش بێت.
بەبۆچوونی شارەزایانی سیاسی و ئابووری، وێڕای هەڕەشەكانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا بە راگرتنی هەناردەی غازی سروشتی بۆ ئەڵمانیا، كە كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوورییەكەی دەبێت، بەڵام بەرلین لە تەنگژەی ئۆكرانیادا دوای سیاسەتی ناتۆ دەكەوێت بۆ سەپاندنی سزای دیكە بەسەر مۆسكۆدا.

كەوتۆتە نێوان دوو بەرداشەوە
ئاماژە بەوەش دەدەن، كە ئەڵمانیا كەوتۆتە نێوان دوو بەرداشەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە بە شێوەیەكی زۆر پشتی بە غاز و نەوتی روسیا بەستووە و بەدیلی ئەوتۆشی نییە. دووەمیشیان ئەوەیە كە دەبێت سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا پەیڕەو بكات بۆ گوشار خستنەسەر ئابووریی روسیا. روونیشیانكردۆتەوە: حكومەتی بەرلین ئامادەكاریی دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری كەمبوونەوەی سووتەمەنیی روسیا، لەوانە، دامەزراندنی ژووری ئیدارەدانی تەنگژەكان و بەكارهێنانی غازی ئەمباركراو و ئاستی مەترسییەكانی كەمیی غازی سروشتی بۆ قۆناغی ئاگاداركردنەوە، بەرزكردۆتەوە.

تائێستاش رەخنەی ئاراستە دەكرێت
رێژەی پڕكردنی ئەنبارەكانی غاز لە ئەڵمانیا گەیشتۆتە نزیكەی %65، بەڵام تا مانگی 11ی ئەمساڵ و بەر لە هاتنی وەرزی زستان، بەرلین هەوڵدەدات ئەو رێژەیە بگەیەنێتە %90. هەروەها داوای لە بەكارهێنەرانی سووتەمەنی كردووە، كە هەوڵبدەن لانیكەم %20ی بەكارهێنانی كەم بكەنەوە، بۆ ئەوەی تا مانگی 12ی ئەمساڵ گرفتی كەمیی سووتەمەنی دروست نەبێت. داواشی لە كۆمپانیاكانی بوارەكە كردووە، غازی سروشتیی دابین بكەن.
چاودێران دەڵێن: لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا هەموو ئەو رێكارانەی گرتۆتەبەر، بەڵام تائێستاش لەلایەن چەند وڵاتێكی ئەوروپییەوە رەخنەی ئاراستە دەكرێت بەوەی پشتیوانیی تەواوی ئۆكرانیا ناكات.
ئاماژەیان بەوەشداوە: روسیا سەرچاوەی %65ی ئەو غازەیە كە ئەڵمانیا هاوردەی دەكات، بەڵام بەهۆی كاردانەوەی مۆسكۆ لە بەرامبەر جێبەجێكردنی بڕیاری سزاكانی ئەوروپا لەلایەن بەرلینەوە، مۆسكۆ غازی سروشتی وەك چەكێك بەكاردەهێنێت و هەناردەی غازی بۆ ئەوروپا كەمكردۆتەوە، بە تایبەتی بۆ ئەڵمانیا كە رێژەكەی بۆ %40 كەمكردۆتەوە.

تووشی كێشەی زۆرتر دەبێت
پێشبینی ئەوەش دەكەن، لەبەرئەوەی بەدیلەكانی هەناردەكردنی غازی سروشتی لە وڵاتانی دیكەوە زۆر كەمن و نرخەكەشی زۆر بەرزبۆتەوە، پێدەچێت ئەڵمانیا لە داهاتوودا تووشی كێشەی زۆرتر ببێت، چونكە زۆربەی خێزانەكانی ئەو وڵاتە، غازی سروشتی بۆ گەرمكەرەوە بەكاردەهێنن و نرخەكەشی ئاستی پێوانەیی تۆماركردووە و تائێستاش روسیا هێڵی نۆرد ستریم یەك-ی راگرتووە.
هەروەها پێشبینی ئەوە دەكەن، لەگەڵ جێبەجێكردنی پلانی ئەوروپا بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی غازی روسی بە رێژەی %15، دەبێت ئەڵمانیا 10 ملیار مەتر سێجا لە بەكارهێنانی غاز كەم بكاتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#ئەڵمانیا #روسیا #ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان