راپۆرتی/ هێدی گەڵاڵی
نزیکەی دوو مانگ دەبێت سایلۆی مەخموور بە رووی جووتیارانی قەزای مەخموور و گوندەکانی سنووری قەراج و کەندێناوەدا داخراوە و جووتیاران گەنمەکانیان لێوەرناگیرێت، ئەمەش گلەیی و سکاڵای جووتیارانی لێکەوتووەتەوە و جووتیارانی ناوچەکەش لە رێی ئەندام پەرلەمانێکی سەر بە فراکسیۆنی سەوزەوە دەنگی خۆیان گەیاندۆتە پەرلەمانی عیراق بۆ چارەسەری کێشەکەیان.
غازی فەیسەڵ جووتیارێکی ناوچەکەیە و بە کوردستانی نوێی راگەیاند:
نزیکی دوو مانگێک دەبێت سایلۆی مەخموور لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیدارەی قەزای مەخموور و موسڵەوە بە رووی جووتیارانی سنوورەکەدا داخراوە و لە نێوان هەردوو ئیدارەی موسڵ و هەرێمدا جووتیاران بێخاوەن ماونەتەوە و هیچ بەرپرسێکی قەزاکە خۆی بە خاوەنی کێشەکە نازانێت.
کرێی بارهەڵگرەکان زیاد دەکات
وتیشی: دەبوایە لە مانگی چواردا ئامادەکاری و پاککردنەوە بۆ سایلۆکە بکرایە بۆئەوەی لە 1/5دا دەستیان بەوەرگرتنی گەنم بکردایە، بەڵام وا نزیک کۆتایی مانگی شەشە و هێشتا سایلۆکە نەکراوەتەوە و بۆ یەک مانگ و نیو دەچێت جووتیارانی قەراج و کەندێناوە و مەخموور گەنمیان لەناو بارهەڵگرەکاندایە لە چاوەڕوانی نۆرەدا تا ئەو رۆژەی بڕیاری کردنەوەی سایلۆکە دەدرێت، بەشێکیش لەو گەنمانەی لەناو لۆرییەکاندایە خراپ بووە.
باسی لەوەشکرد: وەزارەتی کشتوکاڵی هەولێر و وەزارەتی کشتوکاڵی بەغدا و پارێزگاری موسڵ و قائیمقامی مەخموور و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی مەخموور زۆر کەمتەرخەمن لە ئاست چارەسەری کێشەکەدا.
تەحسین بەردی سپی، یەکێکە لە جووتیارانی گوندی بەردی سپی سنوورەکە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە 25/5ەوە نۆرەم گرتووە بۆئەوەی بڕە گەنمەکەم لەلایەن سایلۆی مەخموورەوە وەربگیرێت، بەڵام سایلۆکە داخراوە و هیچ ئامادەکاری و ئاسانکارییەکیان بۆ ئێمەی جووتیاران نەکردووە. وتیشی: جووتیار هەیە یەک مانگە گەنمەکەی لە ناو بارهەڵگرەکانە هەشە بۆ مانگ و نیوێک دەچێت لەناو لۆرییەکان ئاخنراوە، بارهەڵگرەکانیش تا زیاتر بمێننەوە کرێی بارەکانیان زیاتر لەسەرمان دەکەوێت، کرێی هەر بارهەڵگرێک تا ئەو رۆژەی گەنمەکە دەدرێت بە سایلۆکە بڕی دوو ملیۆن و نیو تا دوو ملیۆن و 700 هەزار دینار دەبێت،ئەمەش نرخێکی زۆرە و کاریگەریی لەسەر بژێوی ژیانمان دروست دەکات.
بە هەوڵی فراکسیۆنی سەوز دەکرێتەوە
ئەحلام رەمەزان کاکەیی ئەندامی پەرلەمانی عیراق سەر بە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند:
دوای ئەوەی جووتیارانی قەزای مەخموور و دەوروبەری هانایان بۆ هێنام بۆئەوەی سایلۆی مەخموور بە روویاندا بکرێتەوە تاکو گەنمەکانیان وەربگیرێت، بە هاوکاری خالید شوانی وەزیری دادی عیراق سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیم کرد و لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عیراق کێشەکەمان بەرزکردەوە و دواتر بە رەسمی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی موسڵ ئاگادار کرایەوە بۆ کردنەوەی سایلۆکە. وتیشی: لەم هەفتەیەدا سایلۆی مەخموور بە رووی جووتیارانی سنووری قەزای مەخمووردا دەکرێتەوە.