راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا
یەکێک لە لێکەوتەکانی هەر جەنگ و ململانێیەکی سەربازی نێوان وڵاتان، پیسبوون و تێکچوونی ژینگەی ئەو وڵاتانە و دەوروبەرەکەی لێدەکەوێتەوە، زۆرجار کاریگەرییەکانی بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە، ئێستاش لە سەروبەندی جەنگ و پێکدادانە موشەکییەکانی ناوچەکەدا شارەزایانی بواری ژینگە دەڵێن: ئەو جەنگە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژینگەی عیراق و هەرێمی کوردستان دەبێت و رەوشی ژینگە و سروشتەکەی ئەوەندەی دیکە خراپتر دەکات.
گۆڕینی سیستمی ژینگە
د.سەنعان عەبدوڵڵا پسپۆڕی بواری ژینگە و وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ماوەی چەند ساڵێكە جیهان بە گشتی كاریگەریی گۆڕانكاری كەشوهەوای لەسەرە، كاتێكیش جەنگێك روودەدات ئەو كاریگەرییانە زیاتر دەردەكەوێت، بە تایبەتی ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە لە نێوان ئیسرائیل و كۆماری ئیسلامی ئێراندا روودەدات.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی لەم جەنگەدا چەندین جۆر چەك بەكاردەهێندرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە سیستمی ژینگەدا، لەوانە بەبیابان بوون و كەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی و هەرەسپێهێنانی هەموو ئەو بەرنامە و پلانەی بۆ رووبەڕوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا دانراوە.
لە رابردوودا بینیمان ئەنجامی ئەو جەنگانەی لە عیراق و ناوچەكەدا روویاندا، تائێستا كاریگەرییەكانی بەسەر خەڵكەوە ماوە، بە تایبەتی كیمیاباران و مین و تەقەمەنییەكان، ئەمە جگە لەوەی لە رووی دەروونییەوە وای لە خەڵك كردووە بەردەوام کاریگەری نەرێنی ئەو جەنگ و كاولكارییانەی لەسەر بمێنێت.
وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم دەڵێت: هەرچەندە ئێمە لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام پلانی خۆگونجاندنمان هەیە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی بارودۆخێكی لەو جۆرە و پاراستنی ژینگە، لەوانە دورستكردنی پۆند و بەنداو و گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، بەڵام رەنگە لەم بارودۆخەدا نەتوانرێ ئەو پلانە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، لەبەرئەوەی پێویستی بە بودجەی زیاتر و دروستکردنی هاوكاری و هەماهەنگی خێرایە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا.
بەکارهێنانی چەکی قورس لە جەنگەکاندا بە رێژەیەکی زۆر گازێکی کوشندە بڵاودەکاتەوە، پێویستە حکومەت و رێکخراوەکانی ژینگە رێنمایی خۆپارێزی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بڵاوبکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی
پیسبوونی کۆی رەگەزەکان
جەنگ دەبێتە هۆی پیسبوونی کۆی رەگەزەکانی خاک، هەوا، ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییش، کە دواتر لەگەڵ دەرهێنان و بەکارهێنانی ئەو ئاوە بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.
رێژنە مەجید چالاکوانی بواری ژینگە بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەر بەهۆی جەنگەوە، بە تایبەتی ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا روودەدات بەکارهێنانی چەکی قورس بە رێژەیەکی زۆر، گازێکی کوشندە بڵاودەکاتەوە، بۆیە پێویستە لەوبارەیەوە حکومەت و رێکخراوەکانی بواری ژینگە رێنمایی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بڵاوبکەنەوە، بۆ خۆپارێزی و لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.
وتیشی: هەرکاتێک خەڵک هەستی بە بارودۆخێکی نا ئاسایی ژینگەیی کرد، پێویستە بەر لە هەموو شتێک ماسک ببەستن، خۆیان لە خواردنی ئەو خۆراکانە بپارێزن کە سەرکراوەن، ئەمە جگە لەوەی پێویستە دەرگا و پەنجەرەکانیان بەباشی دابخەن و زوو زوو جلوبەرگەکانیان بگۆڕن و هی تازە و پاک بپۆشن.
هەرچەندە هەرێم پلانی خۆگونجاندنی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی شەڕ و پاراستنی ژینگە هەیە، بەڵام رەنگە لەم بارودۆخەدا نەتوانرێ وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، لەبەرئەوەی پێویستی بە بودجەی زیاتر و دروستکردنی هەماهەنگی خێرایە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا
گواستنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ
پیسبوونی ژینگە بەهۆی جەنگەوە، راستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاژەڵ و باڵندەکان و کۆی زیندەوەران بەجێدەهێڵێت.
عەبدولڕەزاق خەیلانی پسپۆڕی بواری ژینگە بۆ کوردستانی نوێ وتی: بە دڵنیاییەوە هەموو جۆرە شەڕێك دژی ژینگەیە، تەقاندنەوەی جۆرەها چەكی پێشكەوتوو، جگە لە زیانی گیانی دەبێتە هۆی تێكدانی سروشت، ئەویش لەناوبردنی سەوزایی، ئاژەڵ و زیندەوەرەكان، بە تایبەتی كاتێك بۆردومانكردنی ئەو كۆگا و شوێنانە دەكرێت، كە ماددەی تیشكاوەر و ئەتۆمی تێدابێت.
وتیشی: كاتێك ژینگە پیس دەبێت كە هەرسێ رەگەزەکەی ئاو، هەوا و خاك دەگرێتەوە، بەگشتی كاریگەریی لەسەر ناوچەكە دەبێت، هەرچەندە لە رووی خاكەوە رەنگە كاریگەرییەكەی تەنیا لەسەر ئەو وڵاتە بێ كە جەنگەكەی تێدا هەڵگیرساوە، بەڵام لە رووی ئاو و هەواوە كاریگەرییەكەی بۆ وڵاتانی ناوچەكە دەگوازرێتەوە.
ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە ئاماژەی بەوەکرد: لەپێناو كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەو جەنگە لەسەر هەرێمی كوردستان و عیراق بە گشتی، پێویستە لایەنی بەرپرس رێنمایی زیاتری ژینگەیی تایبەت بەم بارودۆخە بڵاوبكاتە و داوا لە خەڵك بكرێت، لە شوێنە سەربازییەكان دووربكەوێتەوە و لە خاڵە سنورییەكانەوە رێگە لە هێنانی پاشماوەكانی جەنگ بگیرێت.