راپۆرتی/ محەمەد عەبدولڕەحمان
کەمیی بڕی بارانبارین لەمساڵدا بووەتە هۆی وشکبوونی بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەش تەنگی بە ژمارەیەک لە گوندنشینان هەڵچنیوە و داوای دابینکردنی بڕی پێویستی ئاو لە بەرپرسانی ناوچەکانیان دەکەن.
گوندی مۆرتکەی سەر بە قەزای دەربەندیخان زیاتر لە 60 ماڵی تێدایە، ئەمساڵ بەهۆی کەم بارانییەوە زۆربەی کانی و کارێزەکانی گوندەکە وشکی کردووە، شامیر مەجید دانیشتووی گوندەکە بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەهۆی کەم بارانییەوە تەواوی کانییەکانی گوند وشکی کردووە، ئەمەش وایکردووە گوندەکەمان بەرەو چۆڵ بوون بچێت، داواکارین لایەنی بەرپرس لە رێگەی دیکەوە ئاومان بۆ دابین بکات.
وتیشی: تەنها کەم ئاویی نییە، گوندەکەمان لە زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک خراپی رێگە، نەبوونی ئاو، ئاوەڕۆ و بنکەی تەندروستی بێبەشە و داوای دابینکردنی دەکەین.
ئاماری وشکبوونی کانی و کارێزەکان
بەپێی ئامارێکی کشتوکاڵی قەزای دەربەندیخان، ئەمساڵ رێژەی %80 ی سەرچاوەکانی ئاوی گوندەکانی سەر بە قەزاکە وشک بوون، ساڵی رابردوو 298 کانی لە سنوورەکەدا ئاویان تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ تەنها 13 کانی ئاوی تێدایە، هەروەها ساڵی رابردوو 13 کارێزی سنوورەکە ئاوی تێدا بووە، ئەمساڵ تەنها چوار دانەیان ئاویان تێدایە و ئەوانی دیکە وشک بوون.
ئەمجەد ئەسعەد بەڕێوبەری کشتوکاڵی قەزای دەربەندیخان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: وشکبوونی زۆرینەی کانی و کارێزەکانی سنووری قەزای دەربەندیخان وایکردووە ئاوەدانی لە گوندەکاندا نەمێنێت و ئەگەر پەلە نەکرێت لە دابینکردنی ئاو بە تانکەر بێت یان هەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی مەترسی چۆڵ بوونی تەواوی گوندەکان و کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ لە سنووری قەزاکەدا هەیە.
قەزای دەربەندیخان 54 گوند لەخۆدەگرێت، کەمیی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، بووەتە هۆی دابەزینی ئاوی بەنداو و سەرچاوەکان، زۆربەی گوندەکان پێویستیان بەئاوە بۆ خواردنەوە، ئاژەڵ و کشتوکاڵ.
بەهادین حەسەن دانیشتووی گوندی زمناکۆ بۆ کوردستانی نوێ وتی: گوندەکەمان زیاتر له 80 ماڵی تێدایە و نەبوونی زۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ و خراپی رێگە ژیانی سەخت کردبووین ئەمساڵ کەم ئاویشی هاتووەتە سەر و داوای دابینکردنیان لە لایەنی بەرپرس دەکەین.
بەپێی ئامارێکی کشتوکاڵی قەزای دەربەندیخان، ئەمساڵ رێژەی %80 ی سەرچاوەکانی ئاوی گوندەکانی سەر بە قەزاکە وشک بوون
پلانی جێگرەوە
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی قەزای دەربەندیخان، بەهۆی کەم ئاوییەوە جووتیارانی ئاگادارکردووەتەوە بەرهەمێک نەچێنن کە ئاوی زۆری پێویست بێت بە تایبەت مەرەزە و گەنمە شامی.
هەروەها دەڵێت: ئێمە بەرپرس نین لە خراپبوونی ئەو بەرهەمەی ئاوی زۆری پێویستە و جووتیاران دەیچێنن، لەبەرئەوەی پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە.
وتیشی: لە ساڵی 2013ەوە مەترسییەکانی کەم ئاوی و پلانی جێگرەوەمان بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە خستووەتە بەرنامەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت.
پرۆژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەم ئاویی بریتییە: لە راکێشانی ئاوی رووباری سیروان بۆ 10 گوندی ناوچەی پێباز و گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لە دێمەوە بۆ بەراو، بۆئەوەی چوار وەرزی ساڵ بەرهەمی هەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە زۆرینەی جووتیارانی ناوچەکە بۆ کشتوکاڵ پشت بە باران دەبەستن و ئەگەر جێبەجێ بکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سنوورەکەدا دروست دەبێت.
پێشنیازەکانی لایەنی بەرپرس
هەفتەی رابردوو نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێریی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دەربەندیخان و فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان بۆ گفتوگۆ لەسەر کێشەی کەم ئاویی گوندەکانی سنووری قەزاکە کۆبوونەوە، بە ئامانجی کارکردن و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، داتا و زانیاری ورد خرایەڕوو.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بڕیاردرا لە فۆرمێکی تایبەتدا کە لەلایەن ئاودێرییەوە ئامادەکراوە زانیاریی و پێشنیازەکان بەرزبکرێنەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ بڕیاردان لەسەری.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دوو پێشنیاز خراوەتەڕوو، یەکەم: دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و مەڕ و ماڵات بە رێژەی پێویست. دووەم: رێگریی لە بەفیڕۆدانی ئاو و چاندنی بەرهەمەکانی چەڵتوک و گەنمەشامی لەمساڵدا یان چاندنیان بە رێژەیەکی کەم.
قائیمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵیت: پێویستە چارەسەری گونجاو بۆ کەم ئاویی سنوورەکە بدۆزینەوە و لیژنەکانمان راسپاردووە هەرکەسێک ئاو بەفیڕۆ بدات سزای بدەن.