بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"ی بەریتانی، چین لە هەوڵێکی ستراتیژی و بەرنامە بۆ داڕێژراودایە بۆ دروستکردنی "سوپایەک" لە ئەندازیارانی کۆمپیوتەر و زیرەکیی دەستکرد، کە ئامانجی سەرەکیی مسۆگەرکردنی پێشەنگایەتیی جیهانە لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا تا ساڵی 2030.
ئەم سیاسەتە ئاراستەکراوەی حکومەت، گەنجان بەرەو خوێندنی ئەندازیاری هان دەدات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئابووریی وڵاتەکە خاوبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و رێژەی بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆدا بەرزە.
لە نوێترین تاقیکردنەوەی نیشتمانیی وەرگرتن لە زانکۆکان (گاوکاو)، زیاتر لە یەک لەسەر سێی خوێندکاران، کە دەکاتە نزیکەی 1.6 ملیۆن خوێندکار، پسپۆڕییە ئەندازیارییەکانیان هەڵبژاردووە. ئەم رێژەیە بەراورد بە وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا کە لە 5٪ تێناپەڕێت، نیشانەی جەختکردنەوەیەکی بێوێنەی چینە لەسەر ئەم بوارە. حکومەتی پەکین داوای لە زانکۆکان کردووە پرۆگرامەکانیان لەگەڵ پێداویستییە نیشتمانییەکاندا بگونجێنن، بەتایبەت لە سێکتەرە گرنگەکانی وەک زیرەکیی دەستکرد، ئۆتۆمبێلی فڕیو، و پیشەسازیی ئامێری پزیشکی. لە ئێستادا زیاتر لە 600 زانکۆی چینی پرۆگرامی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد پێشکەش دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم بایەخپێدانە بە ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و زیرەکیی دەستکرد بووەتە هۆی پاشەکشەی پسپۆڕییەکانی وەک بەڕێوەبردنی کار و زانستە مرۆڤایەتییەکان، کە هەزاران پرۆگرامیان لە چەند ساڵی رابردوودا هەڵوەشێنراوەتەوە.
بەڵام جێگەی سەرنجە، ئەو بەشانەی پەیوەستن بە ئایدیۆلۆژیای حزبی شیوعییەوە، وەک خوێندنی مارکسیزم و بیری سەرۆک شی جین پینگ، گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
ئەم پرۆسەیە، تەنها ئامانجی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ داڕشتنی نەوەیەکی نوێ لە نوخبەیەکی تەکنەلۆژیی دڵسۆز بۆ حزب، کە بتوانێت خزمەت بە ئامانجە پیشەسازی و سیاسییەکانی چین بکات لە داهاتوودا.