شۆڕشی نوێ و یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بەرهەمێکی تری بۆردی هۆشیارییە

09:54 - 2025-06-30
هەمەرەنگ
20 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی- بەرزنجی، كتێبی (شۆڕشی نوێ و یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان)ی نووسیوە و بۆردی هۆشیاری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاویكردۆتەوە.
نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەدا باس لەوە دەكات ئەو یەكێتیی مامۆستایانەی كە ئەو باسی دەكات ئەو یەكێتییە نییە كە لە ساڵانی شەستەكاندا (20/5/1962) دامەزراوە، بەڵكو ئەو یەكێتییەیە كە لەگەڵ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ لە ساڵی (1976) دەستیپێكردووە و یەكەمجار لە شار و دووەم جار لە شاخ دامەزراوە، لە ئەنجامدا هەردوو دامەزراوەكە لە كۆنفرانسی (دوو)دا بووەتە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان (ی.م.ك) كە نووسەر لە ساڵی 1981 كاری تێداكردووە و لە دوو كۆنفرانسیدا بەشدار بووە.
نووسەر نووسیویەتی: دەمێك بووە لە خولیای ئەوەدابووە كە وەك بیرەوەریی چەند لاپەڕەیەك لەسەر یەكێتییەكە بنووسێت، بەڵام هەلی تەواوی بۆ نەڕەخسا تا ئەوكاتەی دەستی بە نووسینی یاداشتەكانی كردووە و لەگەڵ نووسینەوەی بیرەوەرییەكانیی دەستی بە نووسینی ئەو خەباتە پیشەییە كردووە و لەوبارەیەوە پەیوەندی بە چەندین مامۆستا كردووە.
لە بەشێكی تری كتێبەكەدا هاتووە: دەكرێت بڵێین ئەم كتێبە تاكە سەرچاوەیە لە مڕۆدا كە  خوێنەر بە مێژووی پڕ سەروەریی ئەو رێكخراوە و ساڵانی خەباتی (یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان) ئاشنا دەكات. نووسەر باسی لەوەشكردووە كە بە داخەوە زۆربەی ئەو مامۆستایانەی لە خەباتدا بەشدار بوون نەیانتوانیوە هەر یەكەیان چەند لاپەڕەیەك لەسەر مێژووی خۆیان و شێوەی كاركردنیان لەو یەكێتییەدا بنووسنەوە و تەنها كەسێك كە نووسیبێتی (مامۆستا محەمەدی مەلا حسێن) بووە ئەویش لەسەر داوای نووسەری ئەم كتێبە بووە.
كتێبەكە لە دووبەش و چەندین تەوەر پێكهاتووە، بەشی یەكەم، دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، یەكێتیی مامۆستایان و سەنگەرێكی تری خەبات، یەكێتیی چۆن و كەی دامەزراوە، بەستنی كۆنفرانسی دوو. یەكێتیی مەكتەبی سیاسی و لیژنەی نووسین و داڕشتنی بەیاننامەی كۆتایی، دووەم كۆنفرانسی ی.ن.ك، كۆنفرانسی سێی ن.ی.ك. لە بەشی دووەمی كتێبەكەدا، باس لە گۆڤاری خەباتی مامۆستای دەنگی(ی.م.ك) لە شاخ، نووسەرانی شار، نووسەرانی شاخ و چەندین بابەتی دیكە کراوە.
كۆتایی كتێبەكەش بۆ سەرچاوەكان و كورتەیەك لە ژیانی نووسەر تەرخان كراوە. 
باشیلا جەعفەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان