ئا/ بورهان ئەمین
لەچەند رۆژی رابردوودا وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ لە لاهای هۆڵەندا کۆبونەوە و بڕیاریاندا خەرجییە سەربازیەکانیان بۆ 5% بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، لێدوانی روونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پابەندبوون بە هاوکارییەکان وتی: «من بۆیە هاتومەتە ئێرە تا پشتیوانتان بم»، میدیاکان بەمجۆرە قسەی لەسەر دەکەن.
سکرتێری ناتۆ نازناوی « باوک»ی بە ترەمپ بەخشی
رۆژنامەی KARJALAINEN ی فنلەندی ستایشی کۆبونەوەکە دەکات و دەڵێت، وڵاتانی ناتۆ سەلماندیان کە یەکگرتوون، ئەمەش پێویست بوو، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئەوروپییەکان چیتر ناتوانن دڵنیابن لەوەی کە ئەمریکا دەیانپارێزێت، سەرۆکی ئەمریکا مەبەستی بوو ئەوە نیشان بدات کە لە سەرووی هاوپەیمانەتیەکەوەیە، ئەمە لەلایەک لاکەی تریش داوای لێکردن خەرجییەکانی بەرگری زیاد بکەن و کردیان، توانی سکرتێری ناتۆش بەلای خۆیدا رابکێشێت، هەرچەندە ترەمپ بەهێزترین پیاوی جیهانە، بەڵام «مارک رۆتە» نازناوێکی نوێی پێبەخشی کە پێی ووت «باوکە».
ناتۆ دەیەوێت بچێتە ئاسیاش
رۆژنامەی HUANQIU SHIBAO ی چینی رەخنە لە بڕیارەکەی ناتۆ دەگرێت و دەڵێت، وڵاتانی ئەوروپا بەزیادبوونی خەرجیەکانی بەرگری بارگرانیەکی گەورەیان بۆ دروست دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدادەبێت پابەندن بە داواکارییەکانی ئەمریکاوە، وەک ئەوەی ئەمن و ئاسایشی خۆیان بکڕنەوە، لەوەش خراپتر ئەوەیە، سکرتێری گشتی ناتۆ «مارک رۆتە»، تەنانەت چینیش وەک بیانوویەک بەکار دەهێنێت وەک پاساوێک بۆ زیادکردنی بودجەی بەرگری، چین هەڕەشە لە کەس ناکات، کەچی ناتۆ تەنها هەوڵی ئەوە دەدات پەل بکێشێتە ناو وڵاتانی ئاسیا و خۆی قەبەتر بکات، ئەوە شتێکی زۆر ترسناکە کە ئەوروپا لە رووی ستراتیژییەوە متمانەی بەخۆی نەبێت.
بودجەی کەش و هەوا پێویستتر بوو
رۆژنامەی De Standaard ی بەلجیکی، بڵاویکردۆتەوە، پێویستە وڵاتان وەک ئەجێندایەک پەیڕەوی لەو بانگەوازە بکەن بۆ پاراستنی زیاتری کەشوهەوا، چونکە کارەساتەکانی کەشوهەوا دەبنە هۆی شەڕ، شەڕەکانیش خۆیان کارەساتی کەشوهەوا دروست دەکەن، دوای سێ ساڵ لە شەڕی ئۆکرانیا رێژەی CO2 زۆر زیادی کردووە، لەکاتێکدا کە ئەمریکا لە رێککەتننامەی گۆڕانی کەشوهەوا کشاوەتەوە، کەچی داوای زیادکردنی بەرگری چەک و تەقەمەنی دەکات.
وڵاتان متمانەیان بە ئەمریکا نییە
رۆژنامەی 15 Minی لیتوانی دەنووسێت، ناتۆ وەک کەشتییەکی گەورە وایە، بەناو شەپۆلە گەورەکانی دەریا و زریانەکاندا هەنگاو دەنێت، سەرنشینەکان کەسیان متمانەیان بە کاپتنەکە کە ئەمریکایە نییە، بۆیە ژمارەیەکیان بیر لەوە دەکەنەوە کە خۆیان فڕی بدەنە ناو دەریاکەوە، بەڵام ئەلتەرناتیڤیان نییە و هیج کەشتییەکی تر بەدی ناکەن تا پەنای بۆ ببەن، تەنانەت کاپتنەکەش تێگەیشتووە لەوەی کە مانەوەی سوکانی کەشتییەکە بەدەستیەوە شتێکی خراپە، بۆیە کەشتیەکە بەردەوامە لە لەرزین و ترس و دڵەراوکێ لەناو سەرنشینەکان دروست دەکات، بەڵام هەر بەرەو پێشەوەش دەڕوات.