راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
سەلمە عەبدوڵڵا ژنێکی تەمەن 52 ساڵە، خاوەنی چوار منداڵە، کۆتا منداڵی توشبووی ئۆتیزمە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: کوڕەکەم تەمەنی دوو ساڵ و نیو بوو کە بە تەواویی زانیم توشبووی ئۆتیزمە، تەواو نائومێد بووم، بەڵام هێزم دایە بەر خۆم و بڕیارمدا وەک خەڵاتێك لەلایەن پەروەردگارەوە قبووڵی بکەم و تەواوی ژیانمی بۆ تەرخان بکەم.
ئۆتیزم ئاڵۆزترین حاڵەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، کە گرفتێکی ژیرییە و پەیوەندی بە گەشەی دەمارەکانی مێشکەوە هەیە، گرفتی تێدا دروست دەبێت و کێشەی بۆ دروست دەکات لە مامەڵەی رۆژانەیدا لەگەڵ کەسانی چواردەوری.
سەلمە ماوەی سێ ساڵ کوڕەکەی بردووەتە سەنتەری راهێنان، بەڵام دواتر بڕیاریداوە خۆی ببێت بە راهێنەر بۆی و وتی: دۆخی ژیانمان باش نەبوو، لەگەڵ ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆرم دەدا بە سەنتەر هێشتا دڵم لەلای منداڵەکەشم بوو لەبەرئەوە وازم لە کارەکەم هێنا و دەستم کرد بە بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن و راهێنانی کوڕەکەم بە ئامانجی باشتربوونی.
وتیشی: کوڕەکەم ئێستا تەمەنی 12 ساڵە، تا ئەوکاتەی منداڵ بوو هێمنتر بوو، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی حاڵەتەکەی قورستر دەبێت، زۆربەی کات هاوار دەکات گاز لەخۆی دەگرێت و بە دەستەکانی بە سەر و جەستەی خۆیدا دەکێشێت.
ئاماری سەنتەرەکان و توشبووان
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان شەش سەنتەری راهێنانی حکومی هەیە، بۆ زیاتر لە چوار هەزار منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم.
ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: سەنتەرە حکومییەکانی تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم دەکەونە شارەکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، دەربەندیخان و کۆیە، هەروەها سەنتەرە حکومییەکان توانای وەرگرتنی منداڵیان سنووردارە و هەر سەنتەرێک ناتوانێت لە 50 منداڵ زیاتر وەربگرێت.
وتیشی: ژمارەی توشبووانی ئۆتیزم لە هەرێم بەردەوام لە زیادبووندایە کە جێی مەترسییە، بە تایبەت زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵە لەبەرئەوەی سەنتەریش وەریان ناگرێت.
دۆخی خێزانیی توشبووانی ئۆتیزم
سەنتەرە حکومییەکان توانای وەرگرتنی منداڵیان سنووردارە، ئەوەش دۆخی ئەو توشبووانەی خراپتر کردووە کە خێزانەکانیان توانایان نییە لە سەنتەرە ئەهلییەکان راهێنانیان پێ بکەن.
سەلمە دەڵێت: لەبەر کوڕەکەم بەردەوام لە ماڵەوە دەمێنمەوە ناچم بۆ ماڵی هیچ کەسێک، کەسی زۆر نزیکیش نەبێت میوانم نایەت، ئەوانەی دەمناسن لە حاڵم تێدەگەن و ئەگەر دۆخێکی وەک شایی و پرسەش هەبێت، تەنها بە تەلەفۆن پەیوەندی بە کەسەکانەوە دەکەم.
وتیشی: دۆخێكی زۆر قورسە چەند بۆت باس بکەم، ناتوانیت بە تەواویی هەستی پێ بکەیت تا خۆت بە فیعلی تیایدا نەژیت، بە راستی ماندووم لە رووی جەستە و دەروونیشەوە لەبەرئەوەی تەواوی ئەرکی کوڕەکەمم خستووەتە سەرشانی خۆم و کەس وەک من لێی تێناگات.
ئەوە نموونەی خراپیی دۆخی سەدان خێزانە کە منداڵی توشبووی ئۆتیزمیان هەیە، تائێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە، بەڵام دەوترێت هۆکاری ژینگەیی وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەکان لە ماوەی دووگیانی ئەگەری تووشبوونی کۆرپە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.
گرانیی نرخی راهێنان
کامەران سالار راهێنەری منداڵانی ئۆتیزم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو منداڵانەی لە قۆناغێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشان دەکرێن و دەست بە چارەسەرکردنیان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە باشتردەبن.
نیشانەکانی ئۆتیزم لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، هەندێکجار دەوترێت هیچکات دوو تووشبووی ئۆتیزم نیشانەکانیان لە یەکدی ناچن.
کامەران سالار دەڵێت: بڕیاردان لە ئۆتیزم ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵەکە ئۆتیزمە یان نا گرنگ نییە، ئەوەی زۆر گرنگە بە زوویی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی و دەستکردنە بە هەنگاوەکانی چارەسەرکردن، لەبەرئەوەی ئەگەر منداڵەکە لە تەمەنێکی کەمدا حاڵەتەکەی دەستنیشان کرا، دەکرێت زووتر فریای بکەویت.
لە هەرێم دەیان سەنتەری ئەهلی بە جۆر و کوالێتی جیاواز بۆ راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەیە و نرخ تیایاندا جیاوازە، کەمال جەبار سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: نرخی راهێنان بۆ هەر منداڵێک لەنێوان 300 بۆ 1200 دۆلاردایە، ئەوەش دۆخی خێزانی منداڵانی ئۆتیزمی زۆر قورس کردووە لەبەرئەوە پێویستە لەلایەن وەزارەتەوە رێک بخرێتەوە.
دانانی سنوورێک بۆ نرخی راهێنان لە سەنتەرە ئەهلییەکاندا داواکاریی کەسوکاری منداڵانی توشبووی ئۆتیزمیشە، بەڵام وتەبێژی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: وەزارەت ناتوانێت نرخ بۆ سەنتەرە ئەهلییەکانی راهێنانی ئۆتیزم دیاری بکات، لەبەرئەوەی سەنتەر هەیە پسپۆڕ و راهێنەری زۆر شارەزای لە دەرەوەی وڵات هێناوە بە بڕێک پارەی زۆر و راهێنان بە منداڵان دەکەن، ئەگەر نرخی بۆ دیاری بکەیت لە ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە کەم دەبێتەوە کە پێشکەشی منداڵەکە دەکرێت.
نیشانەکانی ئۆتیزم
ئۆتیزم وەک هەموو نەخۆشییەکانی دیکە کۆمەڵێک نیشانەی گشتی هەیە، دەتوانرێت لە رێگەیانەوە کەسانی توشبوو دەستنیشان بکرێن لەوانە:
*توشبوو پەیوەندی لەگەڵ کەسانی چواردەوری زۆر لاوازە.
*لاوازی و دواکەوتنی زمان و قسەکردن و لایەنی عەقڵی کە وەک منداڵانی دیکە لە کاتی ئاسایی خۆیدا فێری نابن.
*توشبوو ناتوانێت کۆنترۆڵی هەڵچوونەکانی بکات.
*دووبارەکردنەوەی زۆر چالاکی و یاری، کەسی ئۆتیزم توانای یارییکردنی سنووردارە.
*گەشەکردنی هەستەوەرەکانیان وەک منداڵانی ئاسایی نییە و دەست لێدان و بۆن و تام و چێژ کردنیان وەک پێویست گەشە ناکات.
* لەکاتی قسەکردندا سەیری کەسی بەرامبەر ناکات و توانای دیقەتدانی زۆر کەمە.
لەگەڵ هەموو ئەم هۆکارانەدا، پسپۆڕانی بواری دەروونی پێیانوایە هۆکارێکی دیکە کە وادەکات رێژەی ئۆتیزم لەناو منداڵاندا زۆرتر بێت، زۆر بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکانی وەک ئایپاد و مۆبایلە، کە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر مێشکی منداڵ بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان زۆر بچووکە، بۆیە رێنمایی دایک و باوکان دەکەن منداڵ تا تەمەنی دوو ساڵ بە تەواوی بە دوور بگیرێت لە هەموو شاشەیەک.
سەلمە دایکی ئاریانی تەمەن 12 ساڵی توشبووی ئۆتیزم دەڵێت: کەس نەڵێت منداڵانی ئۆتیزم هەست بەهیچ ناکەن، کاتێك نەخۆش بووم زیاتر لە منداڵەکانی دیکەم دەهاتە ئەو ژوورەی لێی راکشابووم، بۆئەوەی دڵنیابێت بە ئاگام و لەگەڵیدام.
راهێنانی توشبووان لە سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی