رەوەند ساڵح حەسەن، نووسەر و توێژەر و شاعیر، پێی وایە سەرەڕای ئەو كرانەوەیەی كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینیوە، هێشتا دەنگی شاعیرانی ژن زۆر كەمەوە و کۆمەڵگە پێویستی بە ژنی ئازا و بوێر هەیە.
رەوەند بە دوالاپەڕەی وت: لە سلێمانی لەدایكبووم، مامۆستام لە ئامادەیی پیشەسازی كوڕان، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسم لە زمان و ئەدەبی كوردی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرم لە ئەدەبی فارسییدا. شاعیرم و خاوەنی دیوانێكی شیعرییم و هەنووكە دوو كتێبم بۆ چاپ ئامادەیە، یەكێكیان لێكۆڵینەوەیەكی ئەدەبییە و ئەویتریان شیعر و پەخشانە. لە زۆربەی فێستیڤاڵ و دیدارە شیعرییەكاندا بەشدارییم كردووە، لە بواری توێژینەوەی زانستیشدا بەشداریی چەندین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیم كردووە.
وتیشی: شیعر یەكەمین ژانرە كە مرۆڤ بۆ یەكەمجار بەریكەوتووە و ئەزموونی كردووە، پێموایە لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتیدا، شیعریش لەدایكبووە. شیعر زادەی هەست و جووڵە و خەیاڵ و ئەندێشەیە، مەرج نییە هەموو مرۆڤێك بتوانێ بنووسێ، بەڵام هەمووان خەیاڵ و هەست و هەستەوەرییان هەیە. شیعر بە درێژایی مێژوو پێناسەی زۆری بۆ كراوە، لەبارەیەوە زۆر وتراوە و نووسراوە، بەڵام ئەگەر باسی شیعری ئەمڕۆ بكەین لە رووی چییەتی شیعرەوە قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێ، من ناڵێم شیعر لە قەیراندایە، چونكە شیعری جوان و چاكیش هەیە و دەقیش هەیە ناچێتە ناو چوارچێوەی شیعرەوە، شیعری چاك پێویستە دوور بێ لە ساختەكاریی، و پەیڕەوی مەعریفەیەكی قووڵ و هۆشیارییەكی تەواو بێت. شیعرنابێت بۆ ئەركێكی دیاریكراو و سەپێنراو لەدایك بێت، شاعیر بە ئاگاییەوە باس لە گرفتەكانی مرۆڤ و دنیا پڕ كێشەكەی دەكات، شاعیر دەبێ دیوە تاریكەكانی هاوار و بێدەنگی مرۆڤ ببینێت.
ئێمە ناڵێین شیعر لەم بارودۆخەدا دەربازی بكەین، یان شیعر بە رێگەیەكی تردا ببەین، تەنها ئەوەی گرنگە لێرەدا بوونی رەخنەی ئەدەبییە بۆ دەركەوتن و هەڵسەنگاندنی دەقە چاكەكان. لە غیابی رەخنەدا ئێمە دەكەوینە ناو زۆنگاوی شیعرەوە.
رەوەند ئاماژەی بەوەشدا ئێستا دەنگی شاعیرانی ژن، دەنگێكی باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كە هەرێمی كوردستان كرانەوەی بە خۆیەوە بینیوە و شاعیر و نووسەرانی كورد بە هەردوو رەگەزەوە لە رێی وەرگێڕان و تەكنۆلۆژیاوە لەگەڵ شاعیر و نووسەرانی جیهان ئاشنا بوون، هێشتا دەنگی شاعیرانی ژنی كورد زۆر كەمە، كۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە ژنانی ئازا و بوێرە تا بە بێ ترس رەخنە لە ناڕەوایی و نادادپەروەری بگرن و بەرگری لە ئازادی و مافەكانی ژنان بكەن، بەڵام ئەوانەی بە مانای وشە شاعیر و نووسەر و رۆشبیرن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و بیرمان نەچێت هێشتا زۆرێك لە خێزانەكان لەناو عەقڵیەتی پیاوسالاریدا دەژن.
جەواد حەیدەری