سبەی چوار شەممە (2/7/2025)، كاروانی یارییەكانی یۆرۆی خانمان-2025 سویسرا، دەكەوێتە رێ، 16 هەڵبژاردە بەشدارن، بەسەر 4 گروپدا دابەشكراون، یەكەم جەولەی یارییەكان لە هەر چوار گروپەكەدا بەمشێوەیە دەبێت:
چوار شەممە 2/7/2025
*گروپی یەكەم: ئایسلەندا × فنلەندا، سویسرا × نەرویج.
پێنجشەممە 3/7/2025
*گروپی دووەم: بەلجیكا × ئیتاڵیا، ئیسپانیا × پورتوگال.
هەینی 4/7/2025
*گروپی سێیەم:دانیمارك × سوید، ئەڵمانیا × پۆڵەندا.
شەممە 5/7/2025
*گروپی چوارەم: وێڵز × هۆڵەندا، فەرەنسا × ئینگلتەرا.
پاڵاوتن بۆ گەیشتن بەم یۆرۆیە
یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی خانمانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بەم یۆرۆیە، 2025 –سویسرا، ماوەیەكی زۆر بەردەوام بوو، لە كۆتاییدا، ئەو هەڵبژاردانە دەركەوتن كە بەشداریی دوا یارییەكانی ئەم یۆرۆیە دەكەن.
لەم پاڵاوتنەدا سەرجەم هەڵبژاردەكانی خانمانی ئەوروپا، بەسەر 3 ئاستی A)(B)(C دا دابەشكرابوون، هەرئاستەش چوار گروپ لە هەڵبژاردەكانی لەخۆ گرتبوو، پاش تەواو بوونی یارییەكانی قۆناغی گروپەكان، ئەم هەڵبژاردانە یەكەم و دووەمی گروپەكانی ئاستی یەكەم A بوون و راستەوخۆ گەیشتنە دوا یارییەكان:
ئاستی یەكەم A
*گ1: ئیتاڵیا، هۆڵەندا.
*گ2: ئیسپانیا، دانیمارك.
*گ3: فەرەنسا، ئینگلتەرا.
*گ4:ئەڵمانیا:ئایسلەندا.
دواتر بە سیستمێكی تایبەت، 28 هەڵبژاردەی تر دیارییكران و سەرجەمیان بەشداریی دوو قۆناغ لە یاریی پلەی ئۆفیان كرد، دواجار 7 هەڵبژاردە لەم دوو قۆناغی پلەی ئۆفەوە گەیشتنە دوا یارییەكان ئەوانیش ئەم هەڵبژاردانە بوون (سوید، پۆڵەندا، بەلجیكا، نەرویج، وێڵز، فنلەندا، پورتوگال)، بەمشێوەیە 15 هەڵبژاردەی دوا یارییەكان دەركەوتن كە ئەم هەڵبژاردانەن (سوید، پۆڵەندا، بەلجیكا، نەرویج، وێڵز، فنلەندا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، دانیمارك، فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئایسلەندا، پورتوگال) لەگەڵ سویسرای میواندارییكەر بوون بە 16 هەڵبژاردەكەی بەشدار لە دوا یارییەكانی یۆرۆی 2025 - سویسرادا.