خەسرەو گورون
وەرزی (1992-1993) تیپی یانەی سلێمانی لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا بەشداربوو، ئەو وەرزە سەرجەم 18 یانەی عیراق لەم خولەدا بەشدارییان كرد، بەسەر 3 گروپدا دابەشكرابوون و هەر گروپە تیپی 6 یانەی لەخۆ دەگرت، یەكەمی هەرسێ گروپەكە بۆ خولی پلە یەكی یانەكانی عیراق سەردەكەوتن، یارییەكانیش بە سیستمی چوون و گەڕانەوە دەكران.
ئێمە ئەو وەرزە لە گروپی باكووری عیراقدا بەشدارییمان كرد، جگە لە تیپی یانەی سلێمانی هەریەكە لە تیپی یانەكانی (سەورە-كەركوك، برایەتی-هەولێر، فتووە-موسڵ، زاخۆ-دهۆك، شەباب دۆر-سەڵاحەدین) لەم گروپەدا یارییان دەكرد.
یارییەكانی خولەكە رۆژی 10/11/1992 دەستیپێكرد، یەكەم یاریی ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی ئەو رۆژە لەگەڵ تیپی یانەی سەورەی شاری كەركوك بوو، لەم یارییەدا تیپەكەمان بەهۆی ترس لە گرتن، تەنیا 13 یاریزان ئامادەبوون، بەڵام بەو حاڵەشەوە توانیمان (2-1) یارییەكە ببەینەوە.
دواتر رۆژی (24/11/1992) چوین بۆ مەسڵ، لەوێ بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی یارییمان كرد، ئەم یارییەمان (1-3) دۆڕاند، رۆژی (1/12/1992) لە یاریگای كەركوك سێیەم یارییمان لەگەڵ شەباب دۆردا كرد، ئەمجارە توانیمان
(3-1) یارییەكە ببەینەوە.
پاشان رۆژی (8/12/1992) لە یاریگای ئیدارە محەلی موسڵ چوارەم یارییمان بەرامبەر یانەی زاخۆ بوو، ناوبژیوانان لە تكریتەوە هاتبوون، ئەم یارییەش بە بردنەوەی زاخۆ
(1-0) كۆتاییهات، پاش ئەم یارییانە، بۆ ماوەیەك یارییەكان وەستان و پاشان دەستیانپێكردەوە.
ئەوكاتە، سەردەمی پاش راپەڕین بوو، هیچ یارییەك لە هەرێمی كوردستان نەدەكرا، بۆیە یارییەكانی ئێمە و برایەتی و زاخۆ دەبرانە دەرەوە و لە یاریگاكانی كەركوك و موسڵ دەكران.
لەم یارییانەدا، ئازاد مستەفا راهێنەر و خەسرەو گورون یاریدەدەری راهێنەر بوو، مامۆستا ئازاد وەهاب بەڕێوەبەری تیپەكەمان بوو، بۆ یارییەكان چەند كەسێكیش وەك ئیداریی تیپەكە لەگەڵمان دەبوون، خواڵێخشبوو سەڵاح محەمەد كەریم و حەمە بچكۆل و سەعدی غەریب و خوالێخۆشبوو كەمال غەفور، هەرجارە و یەكێك یان دوانیان لەگەڵمان دەبوون.
بۆ یاریزانەكانیش لەم چوار یارییەدا، سیروان محمەد و نەوزاد كەریم هەریەكەو لە دوو یارییدا گۆڵپارێزبوون، بۆ هێڵی بەرگریی (بەندە، قارەمان حەمە رەشید، نەوزاد مستەفا، ئامانج سەید برایم، شوان محەمەد وەك یاریزانانیبەرگریی یارییان دەكرد، بۆ هێڵی ناوەندیش، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، ئاسۆ رەشید، ئامانجی سەید برایم، فەرەیدون ساڵح – نێرە، جەعفەر تۆفیق، تایەری دەربەندیخان یارییان دەكرد، بۆ هێڵی هێرشبەریش محەمەد عەبدوڵڵا-حەمەی هەڵەبجە و ئالان جەمال زۆرترین یاریی یاریزانی سەرەكی بوون.
بۆ یاریزانانی یەدەكەیش كە زۆربەیان یارییشیان كرد، فەرهاد مەجید، كاردۆخ حوسەین، ئارام عەبدولكەریم-گۆڵپارێز، رەزا سەعید، شوان محەمەد، ئاسۆ نوری، ئازاد حاتەم یاریزانانی تیپەكەمان بوون.
لەم چوار یاییەدا تیپی یانەی سلێمانی 6 گۆڵی كرد، حەمەی هەڵەبجە لە یاریی شەباب دۆردا هاتریكی كرد و هەرسێ گۆڵەكەی ئێمەی كرد، خەسرەو گورونیش دوو گۆڵ و حەمەی هەڵەبجەش گۆڵەكەی تریان بۆ سلێمانی كرد.