هەڵوەشانەوەی، دەبێتە هۆی مردنی 14 ملیۆن كەس

10:25 - 2025-07-02
ئابووری
27 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەر دوای دەستبەكاربوونی لە خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، بڕیاریدا بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا بچێتەوە و هەر زوو پارەداركردنی هەندێك ئاژانس و رێكخراوی جیهانی راگرت، توێژینەوەیەكی نوێی بڵاوكراوەی لانسێت ئاشكرایكردووە، ئەو سیاسەتەی ترەمپ گرتوویەتەبەر لە كەمكردنەوەی یارمەتییەكانی بۆ ئاژانسی ئەمریكای تایبەت بە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و دواتر هەڵوەشانەوەی ئاژانسەكە، تا ساڵی 2030 دەبێتە هۆی مردنی لانیكەم 14 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا، لە نێو ئەو ژمارەیەشدا چوار ملیۆن 500 هەزار منداڵی خوار پێنج ساڵ دەبێت.
توێژینەوەكە ژمارەیەك توێژەری بواری تەندروستی ئەنجامیان داوە و بڵاوكراوەی لانسێت بڵاوی كردۆتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئاژانسی ئەمریكای تایبەت بە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) یارمەتیدەر بووە لە رزگاركردنی ژیانی 91 ملیۆن كەسدا، كە یەك لەسەر سێیان منداڵ بوون، چونكە ئەم ئاژانسە یارمەتی پێشكەش بەو وڵاتانە دەكرد، كە داهاتیان كەمە، یان مامناوەندە، بە تایبەتیش وڵاتانی ئەفریقا و لەو رێگەیەوە پشتیوانیی لە بەرنامە و هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەكان و چاودێریی تەندروستی دەكرد.
هەژموونی ئەمریكای پێ لاواز دەبێت
بە دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ، ئیدارەی ئەمریكا هەڵوێستی توندی بەرامبەر بە یارمەتییە دەرەكییەكان وەرگرت و بە جۆرێك لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەقەڵەمدا، ئەوە بوو لە مانگی ئاداری رابردوودا ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: سەرۆكی ئەمریكا زیاتر لە (%80)ی بەرنامەكانی ئاژانسی ئەمریكای تایبەت بە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەڵوەشاندۆتەوە.
توێژینەوەكەی لانسێت بە توندی هۆشدارییدا لەوەی، ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا بەو هەڵوێستەدا نەچێتەوە، تا ساڵی 2030 رێژەی مردن زۆر بەرز دەبێتەوە. لە ناوخۆی ئەمریكاشدا ئەم هەڵوێستە كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە و هەندێك لە یاسادانەران و پسپۆڕان لەو باوەڕەدان، ئەو هەڵوێستە سەرەڕای ئەوەی متمانەی ئەمریكا پێ لاواز دەبێت، دەرفەتیش بۆ وڵاتانی دیكەی وەك چین و روسیا دەڕەخسێنێت تا هەژموونی خۆیان زیاد بكەن.

سەرچاوە: سكای نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان