نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاریی یەمەنییەكان دەكات

09:49 - 2022-08-17
جیهان
502 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ یانی سابیر

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی كێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراك لە یەمەن، بڕی 44 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریی بەپەلەی مرۆیی تەرخانكردووە. 
بەپێی بەیاننامەیەكی سندوقی هاوكاریی مرۆیی لە یەمەن سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ئامانجی پشتیوانیكردن لە هەوڵە مرۆییەكان بۆ رزگاركردنی گیانی یەمەنییەكان، بڕی 44 ملیۆن دۆلاریان تەرخانكردووە.
روونیشیكردۆتەوە: ئەو بڕە پارەیە دەدرێتە ئەو هاووڵاتیانەی كە دۆخی بژێوییان لەوانی دیكە خراپترە ‌و هاوكارییەكەش یەك ملیۆن ‌و 700 هەزار کەس دەگرێتەوە. 
ئاماژەی بەوەشداوە، كە لە كۆی 22 پارێزگای ئەو وڵاتە، بڕە هاوكارییەكە دانیشتوانی 17 پارێزگا دەگرێتەوە.
چەند مانگێكە، نەتەوە یەكگرتووەكان كێشەی دەستگیرۆیی رێكخراوەكەیان هەیە، بۆ درێژەدان بە ئەركە مرۆییەكانیان لە یەمەن، ئەوەش هۆكاربووە بۆ كەمبوونەوەی بڕی هاوكارییەكانیان بۆ ملیۆنان كەس ‌و هۆشداریی دابوو لە بڵاوبوونەوەی زیاتری برسێتی لەو وڵاتە. 
بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لە یەمەن، كە حەوت ساڵە بەردەوامە، تا كۆتایی ساڵی 2021، زیاتر لە 377 هەزار كەس كوژراون ‌و زیانی دارایی ‌و ئابووری ئەو وڵاتەش بە 126 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە ‌و زۆربەی دانیشتوانی یەمەن كە ژمارەیان 30 ملیۆن كەس دەبێت، پشت بە هاوكارییە مرۆییەكان دەبەستن. 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#نەتەوە یەكگرتووەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان