روسیا: ئامادەین چەكی نوێ بە هاوپەیمانەكانمان بدەین

09:54 - 2022-08-17
ڕاپۆرت
664 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایدەگەیەنێت، كە وڵاتەكەی ئامادەیە، چەكی نوێ بە وڵاتانی هاوپەیمانی بدات.
لەمیانی كردنەوەی پیشانگەی سوپا 2022، كە لە نزیك مۆسكۆ نوێترین چەكی وڵاتەكەی تێدا نمایشكرا، ڤلادیمێر پوتین شانازیی كردووە بە توانای چەكی پێشكەوتووی وڵاتەكەیەوە ‌و ئامادەیی روسیاشی دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی تەكنۆلۆجیای نوێی سەربازی ‌و  چەك بەو وڵاتانەی كە سیاسەتیان لەگەڵ سیاسەتی مۆسكۆ یەكدەگرێتەوە.
سەرۆكی روسیا ئاماژەی بەوەداوە: مۆسكۆ پەیوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكای لاتین ‌و ئاسیا ‌و ئەفریقا بەرزدەنرخێنێت ‌و وڵاتەكەی ئامادەیە هەموو جۆرە چەكێكی نوێ پێشكەش بە هاوپەیمانەكانمان بكات، هەر لە چەكی بچووكەوە تا دەگاتە زریپۆش ‌و تۆپهاوێژ ‌و فڕۆكەی جەنگی ‌و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، كە زۆربەیان زیاتر لە جارێك، لە جەنگی راستەقینەدا تاقیكراونەتەوە ‌و بەكارهێنراون.
روونیشیكردۆتەوە: روسیا گرنگی دەدات بە مەشقی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا ‌و داوای لە هاوپەیمان ‌و هاوبەشەكانی وڵاتەكەی كرد، بەشداربن لەو مەشقە سەربازییانەدا ‌و مۆسكۆ ئاسۆیەكی فراوان دەبینێت لە بواری مەشقپێكردنی سەربازیی بیانیدا. 
سەرۆكی روسیا جەختیشیكردۆتەوە: پێویستە بە وریاییەوە بەرەنگاری هەوڵەكانی ساختەكردنی مێژووی جەنگی دووەمی جیهان ‌و خەسڵەتەكانی نازی نوێ ‌و رەگەزپەرستی ‌و رق ‌و كینە لە بەرامبەر روسیا ببینەوە.
لێدوانەكەی ڤلادیمێر پوتین دوای تێپەڕبوونی نزیكەی شەش مانگ دێت بەسەر هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆكرانیا.  

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#روسیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان