راپۆرتی: جەمال ئارێز
هێشتا زەحمەتە بە وردی قەبارەی ئەو زیانانە بخرێتەڕوو کە لەماوەی 12 رۆژی جەنگی فڕۆکە و مووشەکی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کەوتوون، چ هاتوو و چ رۆیشتوو لە ئاسمانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عیراق و ئێران و ئیسرائیل بەتایبەتی، بەڵام بەگوێرەی مەزەندە سەرەتاییەکان قەبارەی زیانەکانی ئەو سێکتەرە ملیۆنان دۆلاری تێپەڕاندووە و هێشتا دۆخەکەش ئاسایی نەبووەتەوە.
داخرانی ئاسمان و پەککەوتنی گەشتەکان
داخرانی رێڕەوە ئاسمانییەکان لە هەریەک لە ئێران و عیراق و ئیسرائیل، بووە هۆی گەڕانەوە، یان پەککەوتنی گەشتی فڕۆکە هاتوو و رۆیشتووەکان لەوێوە بۆ دەرەوە و لە دەریشەوە بۆ ئەو وڵاتانە، ئەمەش لەلایەک گەشتە رۆیشتووەکانی دواخست، لەلایەکی دیکەشەوە ئاراستەی بە گەشتە هاتووەکان گۆڕی، کە ئەمەی دووەمیان بووە مایەی دوورکەوتنەوەی رێگەی گەشتەکان و بەکارهێنانی بڕێکی زیاتر سووتەمەنی جگە لە ماندووکردنی پارچە و کەرەستەکانی دیکەی فڕۆکەکان کە لەڕووی ئابوورییەوە کۆمپانیاکان بەهەندی وەردەگرن. ئەوەش لەکاتێکدایە هەر لەگەڵ دەستپێکردنی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئێرانییەکان بە مووشەک، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد، کە ئەوەش بەشێوەیەکی سروشتی کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی فڕۆکە دروستکرد.
بۆنموونە، فڕۆکەیەک ئەگەر لەکاتی ئاساییدا بەسەر ئاسمانی ئێراندا گوزەر بکات، تەنها ئەو فڕۆکەیە تێچووی تێپەڕینەکەی 2300 دۆلارە، جا بهیێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر رۆژانە 20 فڕۆکە تێپەڕ ببێت چەندە؟ لەولاشەوە ئاراستەی گەشتەکە بگۆڕدرێت بۆ سەر دەریای عەرەبی یان زەریای هیندی لە باشوور یاخود بۆ تورکیا و قەوقاس! ئەوکات تێچووەکەی دەکاتە چەند؟
زیانەکانی داهات و رسوماتی گەشتە ئاسمانییەکان
لانیکەم وڵاتانی وەک ئێران و عیراق لەو ماوەیەدا رۆژانە سەدان هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، تەنها لەو باج و رسوماتەی لە گەشتی ئەو فڕۆکانە وەریدەگرن کە دەبوو بەسەر ئاسمانی وڵاتەکانیاندا گوزەر بکەن، بەڵام رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە، کە بە گوێرەی مەزەندەی دامەزراوە رەسمییەکان، تەنها ئێران رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار دۆلار زیانی لێکەوتووە، جا ئەو بڕە کەڕەتی 12 رۆژ بکرێت و سەرەڕای ئەوەش هێشتا مەترسییەکان نەڕەویونەتەوە.
هەڵوەشانەوە و دواخستنی گەشتەکان
لە ئەنجامی ئەو دۆخە نالەبارەدا، زۆرێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فڕۆکەوانی، وەک کۆمپانیاکانی ئیمارات و قەتەر و بەریتانیا و هۆڵەندا کەوتنە هەڵوەشاندنەوە، یاخود گۆڕینی ئاراستەی گەشتەکانیان بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوانەی دەچوون بەرەو دوبەی و دۆحە و ریاز ئەوە جگە لە هەڵپەساردنی هەندێک لە گەشتەکان بەرەو ئێران و عیراق و لوبنان و ئوردن.
کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر گەشتیاران
ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی روویدا بووە مایەی ئەوەی زۆرێک لە گەشتیاران لەوانەی تکتیان بڕیبوو، بلیت و گەشتەکانیان کانسڵ بکەنەوە لەبەر نەبوونی متمانە بە دۆخەکە، بەوەش ژمارەی هاتوچۆکاران دای لە کزی و دووبارە بەو هۆیەشەوە کۆمپانیاکان زیانی زۆریان پێگەیشت، چونکە گەشتیان بە ژمارەیەکی کەمی نەفەرەوە دەکرد.
کام کۆمپانیایانە زۆرترین زیانیان بەرکەوت؟
ئەگەرچی ئەو دۆخە زیانی بە زۆرێک لە کۆمپانیاکان گەیاند، بەڵام هەندێک کۆمپانیا لە پێشەنگی زیانلێکەوتوواندا بوون وەک: کۆمپانیای (Air India) نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە بەهۆی لەدەستدانی نزیکەی %30ی داهاتەکانییەوە لەئەنجامی هەڵپەساردنی یان دواخستنی گەشتەکان یاخود گۆڕینی ئاراستەی گەشتەکانەوە. دوای ئەویش فڕۆکەخانەی بنگۆریۆنی ئیسرائیل بڕێکی زۆری داهەتەکانی لەدەستدا، چونکە ئەو نەک هەر گەشتەکانی راگرت، بەڵکو خودی فڕۆکەخانەکەش کرابووە ئامانجی مووشەکەکان.
بەگشتی دەتوانین بڵێین باجی ئەو جەنگە و لێکەوتەکانی دواتری بەتەنها کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی وڵاتانی پەیوەست بە جەنگەکە و دراوسێکانیان نەیاندا، بەڵکو بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان و کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان زیانیان بەرکەوت بە رێژەی جیاجیا، ئەوەش لەکاتێکدایە هێشتا دیار نییە کە ئاخۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، یان جەنگ سەرهەڵدەداتەوە، یاخۆد ئەگەر سەقامگیریی بێتە ئاراوە، نرخی نەوت دادەبەزێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگەکە، یان هەر وەک ئێستا بە بەرزیی دەمێنێتەوە؟
سەرچاوە: ئاژانسەکان