لە دەروازە سنوورییەكان، بەشێكی داهاتی عیراق بەفیڕۆدەچێت

10:12 - 2025-07-03
ئابووری
34 جار خوێندراوەتەوە
دەروازەی سنووریی شەلەمچە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


دەروازە سنوورییەكان، لە رووی ئابوورییەوە بایەخی تایبەتییان هەیە، چونكە هۆكاری سەرەكیی بازرگانین لە رێی وشكانییەوە، بەڵام بۆ عیراق بوونەتە هۆكارێكی گەورە بۆ بەفیڕۆچوونی داهاتی گومرگ و سامانی گشتی وڵات، ئەویش بەهۆی دیاردەی گەندەڵی و خراپیی سیستمی تاریفە و گومرگ لە خاڵە سنوورییەكاندا.
مەنار ئەلعوبێدی پسپۆڕی بواری ئابووری لەو بارەیەوە دەڵێ: عیراق لە ماوەی 2019 تا 2024 زیاتر لە 20 تریلیۆن دیناری بەهۆی گەندەڵیی لە سیستمی گومرگی وڵاتدا لەدەست داوە، كە دەكاتە نزیكە 15 ملیار دۆلار.
بە گوێرەی داتا رەسمییەكانی بانكی ناوەندیی عیراقیش، تێكڕای هاوردە لەو ماوەیەدا گەیشتۆتە 314 ملیار دۆلار، بەڵام حكومەت تەنیا 6.4 ملیار دۆلاری وەك داهاتی گومرگ بۆ گەڕاوەتەوە، كە دەكاتە %2ی تێكڕای داهاتی گومرگی ئەو بڕە هاوردەیە، لە كاتێكدا بە پێی خەمڵاندنەكان دەبوو ئەو رێژەیە %7 بێت، واتە داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەكان لەو ماوەیەدا 22 ملیار دۆلار بێت.

دزەپێكردنی كاڵای هاوردە
ئەلعوبێدی ئاماژەی بەوەشكرد، لەدەستدانی ئەو هەموو پارەیە، تەنیا پەیوەندیی بە بەخشینی هەندێك كاڵا و شمەكەوە نییە لە گومرگ، بەڵكو پەیوەندیی بەوەوە هەیە، كە كەلێنی زۆر لە هەیكەل و سیستمی گومرگدا هەیە و بەشێك لە بازرگانان بە ئاسانی دەتوانن خۆیان لە پێدانی تاریفە گومرگییەكە بدزنەوە، بە واتایەكی دیكە، زۆرێك لە كاڵا و شمەكی هاوردەكراو دزەی پێدەكرێت، ئەویش بەهۆی نەبوونی چاودێرییەكی گونجاوەوەیە لەو دەروازە سنووریانەدا.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە جەختی لەسەر ئەوەكردەوە، ئەگەر ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت و گەندەڵی بنبڕ نەكرێت، ئەوا عیراق وەكو خوێنبەربوون داهات و سامانەكەی لەدەست دەدات.
سەرچاوە: نون پۆست

بابەتە پەیوەندیدارەکان