پڕۆژەی جووت سایدی باروتخانە تەواو نەكراوە

10:01 - 2022-08-17
ڕاپۆرت
539 جار خوێندراوەتەوە
جووت سایدی باروتخانە لە شاری کەرکوک

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

چەند ساڵێكە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆمەڵێك پڕۆژەی لە گەڕەكە كوردییەكان خستووتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەشێك لەو پڕۆژانە بە نیوە چڵی بەجێهێڵدراوە. یان بەشێک لەو پڕۆژانە كەس خۆی بە خاوەنی دانانێ و تا ئێستا هیچ بەشێکی لێ جێبەجێ نەکراوە.هەندێك لە كۆمپانیاكان بەرپرسن یان دەستیان تێكەڵە لەگەڵ لایەنی تر لە جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکاندا، لەمەشدا پارێزگار و شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە بەرپرسن لەو جێبەجێ نەكردنە.
ماوەی چەند ساڵێكە جووت سایدی گەڕەكی باروتخانە تێكدراوەو شەقامەكە فراوان كراوەتەوە و بەشێكی زۆری دووكانەکان رووخێنراوە و بە نیوە چڵی ماوەتەوە و كەس خۆی لەو پڕۆژانە ناكاتە بەرپرس، بەهۆی تێكچوونی شەقامەكە تۆزو خۆڵ بەردەوام بەسەر دوكان و ماڵەكانی ئەو گەڕەكەدا نیشتووە و ئاستەنگی گەورەی بۆ ئۆتۆمبێل و ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان دروستكردووە.
بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك رایدەگەیاندووە: پێناچێت دووسایدی گەڕەكی باروتخانە بەمزووانە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەو كۆمپانیایەی پڕۆژەكەی وەرگرتووە سەر بە حكومەتە و یەكێكە لە شكست خواردووترین كۆمپانیاکان.

خۆپیشاندانمان کردووە
محەمەد عەلی، جووت سایدی باروتخانە دەکەوێتە بەردەم ماڵیان، دەڵێت: شەقامەكەیان فراوانكرد و بەشێك لە دوكان و ماڵەكانیان بۆ چەند مەترێك رووخاند و بردیانن بۆ دواوە، بەڵام نزیكەی دوو ساڵە ئەم شەقامە كە درێژییەکەی نزیكەی كیلۆمەترێك دەبێت بەجێهێڵدراوە و چەند جارێكیش خۆپیشاندانمان کردووە، كەس گوێمان لێناگرێت، چەند رۆژێك دێن كار دەكەن تا ئەو كاتەی خەڵكەكە لە خۆپیشاندان سارد دەكەنەوە و لەدوایدا بەجێیدەهێڵن.

تێكچوونی ئاوەڕۆكان
بەهییە مەجید دانیشتوی هەمان گەڕەكە و دەڵێت: ئەو پڕۆژەی ئاوەڕۆییەی لە شەقامەكەماندا هەبوو هیچ كێشەی نەبوو، بەڵام بەهۆی تێكدانیەوە ئاوەڕۆكەش تێكچووە و گیراوە و خۆڵ و بەرد بەشێكی زۆری لێ داگیركردووە.  

کاسبکاران زەرەرمەندن
دلێر جومعە دووكانی گۆشت فرۆشی هەیە لەسەر دووڕیانی باروتخانە وتی: خۆڵ و تۆزێكی زۆر دێتە دوکانەکانمانەوە و دەكەوێتە سەر گۆشت و شتومەکەکان، بۆیە لەو كاتەوە خەڵكی بەشێوەیەكی بەردەوام سەردانمان ناكەن، لەلایەكی دیكەشەوە دەبێتە هۆی خراپبوونی گۆشتەكە و ناتوانین نمایشی بكەین لەبەر تۆز و خۆڵ، بۆیە لەبەرچاودا نین و سەرنجی خەڵكی راناكێشێت،  بۆیە لەجێبەجێنەكردنی ئەم پڕۆژەیەدا ئێمەی كاسبكاران زەرەمەندین و نرخی كاڵاكانمان هاتۆتە خوارەوە، داواكارین بەزووترین كات ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت و ئێمەش ئاسوودە بین.

كۆمپانیاكە شكسخواردووە
فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، رایگەیاند: پێش ئەوەی من وەكو بەڕێوبەری شارەوانی دیاری بكرێم پڕۆژەی دووسایدی گەڕەكی بارووتخانە لەساڵی 2019دا، رەوانەی پارێزگای كەركوك كرا و بۆ جێبەجێكردنی دراوەتە كۆمپانیایەكی حكومی، بەڵام لە ساڵی 2020دا كۆمپانیاكە پڕۆژەكەی بە كۆمپانیایەكی تر فرۆشتووە و كۆمپانیاكە شكست خواردووترین كۆمپانیایایە لەجێبەجێكردنی پڕۆژەدا، چونكە نە پارەی هەیە نە بەڵێنەكانی دەباتە سەر و هیچ شارەزاییەكی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكاندا نییە.

پارێزگار بەرپرسە 
وتیشی: وەكو شارەوانی تەنها سەرپەرشتیارین و چەند جارێك سەرپەرشتیاری كۆمپانیاكەمان ئاگاداركردۆتەوە لە دواكەوتنی پڕۆژەكە، هەروەها لایەنی پەیوەندیداریش لە رووی یاساییەوە چەندین جار ئاگاداری كۆمپانیاكەی كردۆتەوە ئەگەر بەزووترین كات ئەو دوو سایدە تەواو نەكات دەخرێتە لیستی رەشەوە، پڕۆژەكەی لێوەردەگیرێتەوە و سزا دەدرێت، بۆیە ئەوەی پێویستە لەسەر كۆمپانیاكە خۆی یەكلابكاتەوە كە پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات یان نا، بەڵام لە بنەڕەتدا پارێزگار خۆی بەرپرسە لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەدا بۆ سزادانی ئەو كۆمپانیایە، چونكە ئەوان پڕۆژەکەیان داوەتە کۆمپانیاکە.
بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك باسی لەوەشكرد، ئەم كۆمپانیایە تەنها كات بەسەر دەبات، لەوە ناچێت هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بەسەركەوتوویی بگاتە ئەنجام، لەوانەیە لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگا کەمتەرخەم کردن و لێیان نەپرسنەوە، لە بەجێهێڵنرانی ئەو پڕۆژەیەشدا زەرەمەندی سەرەكی خەڵكی گەڕەكی باروتخانەیە كە ناوچەیەكی كوردنیشنە.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان