ئاسكەكانی مەندەلی لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان

10:32 - 2025-07-07
ڕاپۆرت
49 جار خوێندراوەتەوە
ئاسکەکانی مەندەلی پێویستیان بە چاودێریی وردە

راپۆرتی/ ئارۆ سامان 


بەپێی خەمڵاندن و چاودێریی قایمقامی مەندەلی، ئێستا تەنها 10 ئاسکی جۆری ریم لە كێڵگەی بەخێوکردنی ئاسکەکاندا دەبینرێن و نزیكەی 390 دانەیان ونن، هەروەها بە وردیی چاودێری ئەوانە دەکرێت کە ماون

ئاسكەكانی مەندەلی كە بە ئاسكی (ریم)ی عەرەبی ناسراون، شێوەیەكی جوان و سەرنجڕاكێشیان هەیە، بە وتەی چالاکوانانی بواری ژینگە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەمیشە لە بەرامبەر هێرش و چاوچنۆكیی راوچی و بەرپرسەكانی سنوورەكەدا بوون، بەپێی نوێترین ئامار لە ساڵی 2025دا چەند دانەیەكی كەمیان ماوە.
حەسون سەعید چالاكوانی بواری ژینگە، هاوکات شارەزای جۆرەكانی ئاسك و بە تایبەت ریم بۆ كوردستانی نوێ وتی: 25 ساڵ پێش ئێستا گێڵگەی بەخێوکردنی ئاسكی ریم لە سنووری مەندەلی بە رووبەری 400 كیلۆمەتر دروستكرا، ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش و دەشتێكی پان و بەرین بوو، ئامانجی سەرەكیش لە دروستكردنی، پاراستنی جۆری ئاسكەكە و زۆربوونی ژمارەیان بوو.
وتیشی: ئاسکی ریم بە چاوە دیار و بریقەدار و رەشەكانی جیا دەكرێتەوە، لە سەردەمی كۆن و نوێدا سەرچاوەی ئیلهامبەخشی شیعری شاعیران بووە، چاوەكانی كە لە هەردوو لای سەریدا هەڵكەوتوون، بینینێکی فراوانی پێ دەبەخشێت كە نزیكەی 300 پلەیە، ئەمەش وای لێدەكات لە هەموو ئاڕاستەكانەوە راوچییەکان ببینێت.
رۆژ بە رۆژ ژمارەیان کەمتر دەبێتەوە
ئاسكەكان چەندین سەدە لەمەوپێش لە مەندەلی هەبوون، رەنگیان خاكییە، ئەوەش وایکردووە بە ئاسانیی لەگەڵ خاكی سنوورەكەدا لەیەك جیانەكرێنەوە، خێراییەكی بێ ئەندازەیان هەیە و لە سەعاتێكدا 70 كیلۆمەتر دەبڕن، بەڵام كە راوچییەكان چەكی پێشكەوتوویان بۆ راوکردنیان بەكارهێنا خێراییەکەیان نەبووە فریادڕەس و بەشی زۆریان راوكران.
سادق عەباس بۆ ماوەی چەند ساڵێك پاسەوانی كێڵگەی بەخێوکردنی ئاسکی ریم بووە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ساڵی 2000 بڕیاری دروستكردنی كێڵگەکە درا، كە نزیكە لە دەروازەی باشووری خۆرئاوای مەندەلی، ژمارەیەك ئاسكی (ریم)ی عەرەبییان هێنا، ئەوكات لەوەڕگەیەكی فراوانیان بۆ دروستكرابوو، زیاتر لە 40 كەس بۆ پاسەوانی دامەزران و بەرپرسیارێتییەكی وردیان خرایە سەرشان.
باسی لەوەشكرد: سەرەتا ژمارەیان 19 ئاسك بوو، دواتر بۆ سەرووی 120 ئاسك زیادیان كرد، پزیشكی تایبەت بۆ چاودێریکردنیان تەرخانکرابوو، بە بەرنامە خواردنیان پێدەدرا، هیچ راوچییەك نەیدەتوانی لێیان نزیك ببێتەوە، هەر هەوڵێك بۆ راوكردنیان یەكسان بوو بە سەختترین سزا.
هۆشداری لایەنی بەرپرس
چاودێریکردنی ئاسکەکانی کێڵگەکە تا ساڵی 2003 بەردەوام بوو، بەڵام  لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، بەشی زۆریان راوكران، بەشێكیشیان دزران و کەمێکیشیان هەڵاتن، بەوشێوەیە هیچ جۆرە ئاسكێك لە كێڵگەکەدا نەما.
سادق دەڵێت: جارێکی دیکە لە ساڵی 2011دا، نزیكەی 21 ئاسكی (ریم)ی عەرەبییان لە كێڵگەی روتبەی ئەنبارەوە هێنا بۆ مەندەلی و دوای ماوەیەك بە شێوەیەكی بەرچاو ژمارەیان بۆ نزیكەی 400 ئاسك زیادی كرد، ئەمەش دوای ئەوەی بە شێوەیەكی بەرچاو لەلایەن بەشی كشتوكاڵی مەندەلییەوە خزمەت دەكران.
قەیس سادق بەڕێوەبەری بەشی كشتوكاڵی قەزای مەندەلی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵی 2018 ەوە هۆشداریمان داوە لەوەی ئەو ئاسكانە رووبەڕووی مەترسی برسییەتی و لەناوچوون دەبنەوە و پێویستە دەستبەجێ پێویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت و لە دەستی راوچی و وشكەساڵی و كەم ئاوی بپارێزێن.
وتیشی: ئێستا ژمارەیان ئێجگار كەم بووەتەوە و لە مەترسی لەناوچووندان.
راوکردنیان لەلایەن بەرپرسانەوە
چالاکوانانی بواری ژینگە نیگەرانن لە راوکردنی ئاسکەکان لەلایەن بەرپرسانەوە و بە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی ئاسکەکانیان دەزانن.
فاتمە حسێن چالاكوان و ژینگەپارێزە لە مەندەلی بۆ کوردستانی نوێ وتی: دوای ئەوەی کێڵگەکە لە كشتوكاڵی مەندەلی  وەرگیرایەوە و خرایە سەر پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگە، مەترسی لەسەر ئاسکەکان بە تەواوی زیادیكرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 ژمارەیان بۆ نزیكەی هەزار ئاسك بەرزبووەوە و دواتر زۆرینەیان لەناوبران.
وتیشی: بەشێكی هۆکاری لەناوچوونی ئاسکەکان پشتگوێخستن بوو، بەشەكەی دیکەی دزین و راوكردنیان بوو، چەندین راوچی كە سەر بە بەرپرسەكان بوون دەهاتنە ناوچەكە و راویان دەكردن، کێڵگەکە بوو بە شوێنی چێژوەرگرتنی بەرپرسەكان، بەداخەوە ئەوە راستییەكی خەمناكە.
چاودێریکردنی ئەوانەی ماون
عەلی زەمەد قایمقامی مەندەلی نایشارێتەوە کە ئاسکەکان ژمارەیەکی زۆر کەمیان ماون و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەڵێ بە داخەوە بەپێی خەمڵاندن و چاودێری خۆمان ئێستا تەنها 10 ئاسك لەو كێڵگەیەدا دەبینرێن و نزیكەی 390 دانەیان ونن، بە وردیی چاودێرییان دەکەین.
وتیشی: دیارنەمانی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاسک گومان زۆر هەڵدەگرێت، هەر لە راوكردن و قاچاخ و دزینیان تاوەكو زۆر شتی دیکەش.
ئەوەشی خستەڕوو: لەو ساتەوەی پۆستەكەم وەرگرتووە كە ناگاتە ساڵێك بەردەوام چاودێریی ئاسکەکانمان كردووە، لایەنی بەرپرسمان لە دیارنەمانیان ئاگادار كردووەتەوە، لەبەرئەوەی هێمایەكی جوان و سەرنجڕاكێشی ژینگەی سنوورەكەن، ناكرێت هاووڵاتییان یان هەر كەسێكی دیکە لە هەر پلەیەكدابێت هێندە نا بەرپرسیارانە رەفتار بكات، بەرامبەر بەو ئاسكانە.
قەزای مەندەلی، دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێت بەپێی ماددەی 140ی دەستوور چارەنووسەکەی یەکلا بکرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان