بورهان ئەمین - ئەڵمانیا
ئەو تاریفە تازەیەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆسەر هەناردەی وڵاتان رایگەیاندووە، ئەویش دوای ئەوەی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ژمارەیەک وڵات گەیشتە بنبەست، ناڕەزایی زۆری جیهانی لێکەوتۆتەوە و ترەمپ رایگەیاند کە لەم هەفتەیەدا نامە بۆ هاوبەشە بازرگانییەکانی دەنێرێت و لە رێژەی تاریفە گومرگییە تازەکان ئاگاداریان دەکاتەوە.
قەرزەکان زۆر زیاددەکەن
رۆژنامەی WASHINGTON POST دەنوسێت: ئەو دۆسێیە کۆنگرێسی ئەمریکا دەخاتە ناو قەیرانەوە، چونکە بە پێی تاریفە نوێیەکە لە 10 ساڵی داهاتوودا قەرزەکان بە بڕی 3,3 تریلیۆن دۆلار زیاد دەکەن. لە باشترین سیناریۆدا دۆخی ئابووری باشتر دەبێت لە خراپترین سیناریۆشدا قەرزەکان زیاد دەبن، ئەمەش هاوسەنگی و ئارامیی ئابووریی ئەمریکا تێکدەدات و نرخی دۆلار بە سەلامەتی ناهێڵێتەوە.
رۆژنامەی EL FINANCIERO ی مەکسیکی ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دۆلار زیاتر لە %10 بەهای خۆی لە بەرامبەر نرخی پێشووی لەدەستداوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دۆخێکی نەخوازراو، لە کاتێکدا هەندێک بە شانازییەوە خۆشحاڵی دەردەبڕن بۆ دراوە نیشتمانییەکەیان، لە هەمان کاتدا ملیۆنان لەو خێزانانە نیگەران دەکات کە پشت بە حەواڵەکردنی پارە لە ئەمریکاوە دەبەستن، بۆ ساڵانێک، ئەم داهاتە یەکێک بوو لە گرنگترین بزوێنەرە ئابوورییەکانی مەکسیک، بۆیە بۆ مەکسیکییەکان کارەسات هێنەرە.
کێ ئەمریکا بەڕێوەدەبات؟
رۆژنامەی GUARDIANی بەریتانی لە لەندەنەوە لە کۆمێنتێکدا دەڵێت، دوو سێ رۆژ لەمەوبەر سەرۆک ترامپ لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا ئیمزای لەسەر پرۆژە یاسای نوێی خەرجییەکان کرد و زۆرێک دڵخۆشییان دەربڕی، بەڵام سیستمی سیاسی لە دۆخێکی خراپدایە، ئەمریکا خۆی لە نەزمێکی جیهانی پچڕاندووە کە لە ماوەی نزیکەی 250 ساڵدا یارمەتیدەری بووە بۆ بنیاتنانەوەی، بۆ ئەمریکییەکان ئەوە کارەساتێکە کە شێتێک دەستی بەسەر وڵاتەکەیاندا گرتووە، بۆ هەموو کەسێکی غەیرە ئەمریکیش مایەی دڵخۆشی نییە، چارەسەری هیچ کێشەیەکی ئابووری ، کۆمەڵایەتی، کەلتوری لە ئەمریکا نادۆزرێتەوە.
WIRTSCHAFTSWOCHE ی ئەڵمانیش ئاماژە بە دەرئەنجامە داراییەکان دەکات و دەڵێت: پێدەچێت قەرزە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لە ئێستاوە یەکسەر بەرزببنەوە و بگەنە رادەی تەقینەوە، رێک وەک ئەوەی لە خولی یەکەمی ترەمپدا روویدا، لە رابردوودا ترەمپ چەندین جار سەرکەوتوو بووە لە وێناکردنی خۆی وەک کاندید و داکۆکیکەری خەڵکی ئاسایی، بەڵام دژایەتییەکی بێئەندازەی خەڵکی مامناوەند و هەژار دەکات لە بەرژەوەندیی سەرمایەدار و پلە باڵاکان، بۆ بازرگانی جیهانیش قەیرانێکی بێ وینە دروست دەکات.
لە هەڵبژاردندا ئیلۆن مەسک دەیباتەوە
رۆژنامەی NIHON KEIZAI SHIMBUNی ژاپۆنی لە تۆکیۆوە باسی ئیلۆن مەسک، لایەنگری پێشوو هەروەها رەخنەگری ئێستای ترەمپ دەکات و دەنوسێت: لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا، مەسک پەردەی لەسەر پلانەکەی لادا بۆ پێکهێنانی پارتە سیاسییەکەی خۆی، پێدەچێت بیەوێت پەیامێکی کاریگەر بۆ ئەو دەنگدەرانە بنێرێت کە تادێت ناڕەزاییەکانیان لە دوو پارتە گەورەکە بەرزتر دەبێتەوە، لە راپرسییەکی مانگی حوزەیرانی (CNN)دا نزیکەی نیوەی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە ناتوانن پشت بە هیچ کام لە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان ببەستن، بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە زۆر قورسە بۆ پارتێکی بچووک لە ئەمریکادا کورسی لە کۆنگرێسدا بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی جەماوەری ناڕازی و دەوڵەمەندی و دەسەڵاتە داراییە گەورەکەیەوە، لەوانەیە مەسک دەنگی زۆرێک لە دەنگدەران بباتەوە.