بۆچوونی مامۆستا مەسعود محەمەد و ئیسماعیل فەرەج لەسەر بەیتە داخراوەكەی نالی

11:32 - 2025-07-07
کەلتور
45 جار خوێندراوەتەوە
نالی

مامۆستا جەعفەر

هەفتەی پێشوو برای هێژامان كاك رەوا هەژار و من، هەر یەكەمان نووسینێكی كورتمان لەسەر بەیتێكی راڤە نەكراوی (نالی) بڵاوكردەوە:
بدور دائرەی فنجانی چینی 
شکاندی دایرەی فنجانی چینی 
ئێمە سوپاسی یەك بە یەكی ئەو خوشك و برا بەڕێزانە دەكەین، كە بە تەلەفۆن و نامە و كۆمێنتی جوان و بەسوود، بەختەوەر و دڵشادیان كردین. برای هێژامان كاك ئیسماعیل فەرەجی نالیناس و كۆمەڵناس، پاژێك لە دەفتەری بیرەوەریی بڵاونەكراوەی خۆی بۆ ناردم. پێش 38 ساڵ، مامۆستا مەسعود محەمەدی بینیوە و لەسەر هەمان بەیت گفتوگۆیان كردووە.
من لێرەدا دەقەكەی كاك ئیسماعیل بە ئەمانەتەوە بڵاودەكەمەوە،  بە هیوای ئەوەی خوێنەری ئازیز بەرچاوی روونتر بێتەوە، سەبارەت  بە تەكنیكی سیحراوی شیعری نالی.
دەقەكەی كاك ئیسماعیل فەرەج 
رۆژی هەینی30/7/1987ە من و مەحمود، ئازاد و عەگید، چووین بۆ بەغدا. پێشنیازم کرد بچین بۆ لای (مامۆستا مەسعود محەمەد) ئەوانیش پێیان باش بوو. سەردانێکی جوانمان کرد، زۆری پێخۆش بوو، رێزی  لێ گرتین. زۆر بابەتمان باس کرد لەسەر (ئەمیر حەسەن پوور) گیرساینەوە، بەڵام بۆ من هەر بەراورد نەدەکرا بە مامۆستا. بە هەرحاڵ باس جارێکی تر وەک هەموو جارێک، بوو بە باسی نالی. من کۆمەڵناسیی دەخوێنم ئەوان لە بەشی عەرەبی و کوردین و جگە لە زمانی عەرەبی و کوردی و مێژوو، فارسیشیان دەخوێند. بە هەرشێوەیەک بوو، شاکارێکی پڕ گرێی (نالی)م هێنایە بەردەم مامۆستا بۆ شەرح. 
(بدور دائرەی فنجانی چینی ... شکاندی دایرەی فنجانی چینی) وشە بە وشە بۆی شیکردینەوە. ماناکانی هەموو واڵا کرد و نەیگەیاندینە کۆتا مانا، فەرمووی ئێوەش با بۆچوونتان هەبێت. لە ناویاندا من ئەم بۆچوونەم باس کرد: (بدر، بدور، دار،  فن، جان، من، چین ... شکاندن،  دائیرە ، فنجانی چین) 
چینییەکان لە سروشتەوە هەموو نەخشە هونەرییەکانیان وەرگرتووە و مانای دەدەنێ، لە سنووری خۆیان دەیترازێنن. لە هەموو ماڵێکدا هەیە و بە ئیعجابەوە سەیر دەکرێت، بەڵام یار توانی بە جوانی رووخسار و جەستەی، ئەو سنوورە بشکێنێ و لە سەیرکردنی هونەری چینم دەرباز کات.  ئەمە رای خۆم بوو. مامۆستا داوای روونکردنەوەی زیاتری لێ کردم. ( بۆچوونی من وایە، کە هەردوو نهێنییەکەی) هەڵگەڕاندووەتەوە لە رووخسار و بەژنی یارەکەیدا. نهێنی درەوشانەوەی مانگ و نهێنی هونەری نەخشی چینییەکان. واتە هاوکێشەیەکی پڕ مانای وای دروست کردووە، کە هیچیان ناتوانن بەرەو رووخساری درەوشاوەی یار ببنەوە و وەک یار درەوشاوە بن، هەردووکیانی تێکشکاندووە، تەنانەت فنجانەکانی وا لێکردووە، کە مانگ «رووخسار» بە دەوریدا بخولێتەوە.) 
وەک چۆن لە هەندێک شاکاردا دەڵێت: (حەرەکاتم سەکانت و سەکەناتم حەرەکات. جوستە سستی و قەویە زعیف سەریعە کەسەلم. یان  دەفەرمێت: ناری سینەم گەر نەبێت غەرقم ئەمن. ئاوی چاووم گەر نەبێت سوتاووم ئەز) ئەم شاکارەیان زۆر لەوانەی تری (نالی) پڕ نهێنیترە. مامۆستا بەلایەوە باش بوو. وتی: کاری لەسەر دەکەین دەستخۆشی لێکردم. بۆ دوای ئەوە چەند جارێکی تر کە لەگەڵیدا باسم دەکرد دەیگوت: پەلە مەکە و ئافەرینی دەکردم. 
ئەم نووسینەم لە پەڕەیەکی یادەوەریی سەردەمی زانکۆمدا هێنایە ئێرە، بەلامەوە سەیرە کاتەکانی لەیەک نزیکن 38 ساڵی رەبەق بەر لە ئێستا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان