ناودارانی کورد لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا

محەمەد رەشید پاشای بابان

11:48 - 2025-07-07
کەلتور
46 جار خوێندراوەتەوە

د.سەعدون حسێن ئەحمەد*

 محەمەد رەشید پاشای بابان، لە بەر لێهاتوویی لە ژیانی خۆیدا، نازناوی  (میری میران)ی پێبەخشراوە، هەروەها لەلایەن دەوڵەتەوە نیشانەی(مەجیدی) وەرگرتووە، ئەم نیشانە، لەلایەن دیوانی پاشایەتییەوە دەدرایە کەسانی سەرکەوتوو لە دەوڵەتی عوسمانییدا

ناوبراو کوڕی سلێمان پاشای بابانە، ساڵی 1831ی زاینیی لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لای مامۆستای تایبەت، زمانەکانی عەرەبی، فارسی، فەرەنسی خوێندووە، بێجگە لە زمانی دایک، چوار زمانی تری زانیووە، لەسەردەمێکدا کە باوکی موتەسەریفی لیوای سلێمانی بووە ساڵی 1837، کاتێک لەشکری سەربازیی لە سلێمانی دروستکراوە، کوڕەکانی سلێمان پاشا پلەی سەربازییان پێدراوە، لەم نێوەندەدا رەشید پاشا کراوە بە ئەمینداری لەشکری سەربازی لیوای سلێمانی.
 لە ساڵی 1845ناوبراو ئەرکی قایمقامی قەزای قەرەداغی پێسپێردراوە و ماوەی چەند ساڵێک بەردەوامبووە لە پۆستەکەی، دواتر ناوبراو چۆتە ئیستەنبوڵ و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەشی خامەی تایبەتی سەرای سوڵتان، بە خۆبەخش کاریکردووە. بابانزادە لە 8/5/1855 گەڕاوەتەوە شاری بەغداد و بۆتە ئەندامی فەخریی یەکەی سەربازیی ویلایەتی بەغداد. شایەنی باسە ناوبراو دوای چەند مانگێک بووە بە قایمقامی قەزای (بەنیلام، کە ئێستا ناوەندی پارێزگای میسانە) لە ویلایەتی بەغداد، هەتا 26/1/1859لە ئەرکەکەی بەردەوام بووە.
لە22/2/1861بەهۆکاری سەرپێچی یاسایی قایمقامی (دولەیم) و (عانە) بەناوی (حەسەن ئاغا) لە پۆستەکەی لا دەدرێ و بەوەکالەت (محەمەد رەشید بابان) بە بڕی مووچەی 5000 قروش دەچێتە شوێنەکەی هەتا 6/11/1864، لەو پۆستەدا ماوەتەوە. ئەوەی گرنگە لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا ناوبراو بە قایمقامێکی سەرکەوتوو وەسف دەکات لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.
لە نووسراوێکی ناوبراودا کە مۆری تایبەتی خۆی لەسەرە، کاتێک قایمقامی (بەنیلام) بووە، داوایکردووە لەگەڵ لیوای (دەیرەزوور)دا یەک بخرێن، بەڵام داواکەی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە وەرنەگیراوە. دواتر لە ساڵی 1866بە مووچەی 4600 قروش بۆتە  قایمقامی قەزای کەربەلا. ناوبراو لە 26/5/1869 بە مووچەی 4000 قروش بۆتە سەرۆکی کۆمیسۆنی ئاوەدانکردنەوە لە ناوەندی ویلایەتی بەغداد، دوای ساڵێک، وەک یاریدەدەری فەرماندەی ناوچەی بەغداد، رۆڵی لە دابینکردنی ئارامی ویلایەتەکە بینیوە.
لە27/7/1870 گواستراوەتەوە بۆ لیوای حلەی و ئەرکی موتەسەریفی لیوای ناوبرای پێسپێردراوە بە مووچەی9500 قروش. دواتر لە25/5/1873 بە مووچەی 12500قروش و بۆ ماوەی دوو ساڵ بووە بە موتەسەریفی لیوای (تەعز) لە ویلایەتی یەمەن. دواتر ناوبراو جارێکی تر ئەرکەکەی گواستراوەتەوە بۆ لیوای حلە بە مووچەی12000 قروش، هەتا ساڵی 1879 لە پۆستی موتەسەریفی حلە بەردەوامبووە.
  بابانزادە، لە 4/9/1881بە مووچەی6000 قروش بۆ جاری دووەم کراوە بە قایمقامی قەزای کەربەلا، دوای ساڵێک بۆ جاری سێیەم گواستراوەتەوە بۆ لیوای حلە و ئەرکی موتەسەریفی وەرگرتووە، دواتر لە 13/9/1884 بە مووچەی 7500 قروش بووە بە موتەسەریفی لیوای (دەیرەزوور) لە سوریا، بۆ ماوەی ساڵێک لەم ئەرکەی بەردەوامبووە. لە 4/12/1886بە مووچەی 15000قروش گواستراوەتەوە بۆ ویلایەتی (بدلیس) لە باکووری کوردستان و ئەرکی والی (پارێزگار) لە ئەستۆ گرتووە. دوای چەند مانگێک لە 10/8/1887بە هۆکاری نالەباریی تەندروستی نەیتوانیوە بە سەرکەوتوویی ئەرکە میرییەکان راپەڕێنێت، بۆیە ئەمە بۆتە هۆکاری ناڕەزایی خەڵک و گلەیی و گازەندی هاتۆتەسەر، ئیتر لە ئەنجامی راپۆرتی ناڕەزایی هاووڵاتیان، ناوبراو لە ئەرکەکەی دووردەخرێتەوە.
 بابانزادە لە بەر لێهاتوویی لە ژیانی خۆیدا، نازناوی (میری میران)ی پێبەخشراوە، هەروەها لەلایەن دەوڵەتەوە نیشانەی(مەجیدی) وەرگرتووە، شایەنی باسە ئەم نیشانە، لەلایەن دیوانی پاشایەتییەوە دەدرایە کەسانی سەرکەوتوو لە دەوڵەتی عوسمانییدا.
لە کۆتایی بەڵگەنامەکەدا، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەو گلەییانەی کە لەلایەن خەڵکەوە ئاراستەی ناوبراو کراوە، بەتایبەت کاتێک کە والی بدلیس و موتەسەریفی دەیرەزوور بووە، لە ئەنجامدا لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە، کە وا هیچ کەمتەرخەمییەکی ئەنقەست لەلایەن ناوبراوەوە هەستی پێنەکراوە.
ئەم پوختەی ژیاننامەیە لە 19/2/1894، لەلایەن لیژنەی تۆماری باری کەسێتییەوە لە ئیستەنبوڵ ئامادەکراوە.
*مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان