شەهیدبوونی ملازم قەهار لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا

12:18 - 2025-07-07
ڕاپۆرت
29 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

مەرزانییەكان هەمیشە خاوەن هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی بوون و بەشداریی بەردەوامیان هەبووە لە خەباتی دژبە رژێمە زۆردارەكانی ئەوكاتەی عیراق.
خانەوادەی مام سەلیم حەمەدەمین حسێن مەرزانی، لە گوندی (مەرزان)ی سنووری قەزای كۆیە، یەكێكن لەو خێزانە شۆڕشگێڕانە و لە ئەنجامی بەشدارییان لە خەباتدا، سێ رۆڵەیان بە كورد و خاكی كوردستان بەخشیوە.
ماڵەكەی مام سەلیم، هەمیشە لانە و پێگەی پێشمەرگە بووە لە شۆڕشی نوێدا، لە مەیدانی خەباتیشدا چەندین رۆڵەیان پێشمەرگە بووە، دوای راپەڕینیش هەر بەردەوام بوون و لەو رێگەیەشدا قوربانیی زۆریان بەخشیوە، یەكێك لەوانە: شەهیدبوونی ملازم قەهار مەرزانییە.
شەهید قەهار لە تەمەنی 15 ساڵیدا بووە بە پێشمەرگە لە لیوای كۆیە، هەرچەندە تەمەنی كەم بوو، بەڵام پێشمەرگەیەكی گوێڕایەڵ و هێور و بێ كیشەبوو، دڵسۆز و دەستپاك و خۆشەویستی ناو هەڤاڵەكانی بوو، بەهۆی ئەوانەشەوە كرایە فەرماندەی مەفرەزە لە تیپی پاسەوانیی مەڵبەندی سۆران، پاشان لە رۆژی 11/9/2011 بووە ملازم و لە ساڵی 2014شدا پلەكەی بەرزكرایەوە بۆ (ملازمی یەكەم)، دواتر پلەی زیاتر بڕی و كرایە جێگری فەرماندەی سریە لە فەوجی دووی لیوای 126ی كۆیە.
شەهید قەهار لە زۆربەی نەبەردیی و شەڕەكانی دژبە تیرۆریستانی داعشدا بەشداریی كاریگەرانەی كردووە و ئازایانە تێكۆشاوە، بەڵام بەداخەوە رۆژی 30/9/2015 لەگەڵ پێشمەرگەیەكی هاوڕێی بەناوی ئەردەوان مزوری، لە گوندێكی باشووری كەركوك،شەهیدكران.
پوختەی ژیاننامەكەی
شەهید قەهار سەلیم حەمەدەمین حسێن ناسراو بە قەهار مەرزانی، لە دایكبووی  ساڵی 1979ی گوندی (مەرزان)ی قەزای كۆیەیە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە.
ساڵی 1994 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و هەمان ساڵ بووە بە پێشمەرگە لە فەوجی دووی لیوای كۆیە،
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا لەم یەكانەدا خەباتی كردووە: لیوای كۆیە، بیرە نەوتەكانی شیواشۆك، فەرماندەیی دووی هەولێر و فەرماندەیی یەكی تایبەت و فەرماندەیی 15ی قەرەچوغ، ماوەیەكیش فەرماندەی مەفرەزەی تایبەت بووە لە تیپی پاسەوانیی مەڵبەندی شەشی رێكخستنی سۆران.
ماوەی 21 ساڵ پێشمەرگە بووە و لە زۆربەی نەبەردییەكانی پارێزگاریی لە خاك و قەوارەی هەرێم بەشداریی كاریگەری هەبووە، بەتایبەتی لە شەڕەكانی دژبە داعش و تیرۆریستانی بەناو (جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام)دا.
رۆژی 30/9/ 2015، لە شەڕەكانی دژبە داعشدا لە گوندێكی باشووری كەركوك، شەهیدكرا و بووە سێیەم شەهیدی بنەماڵەكەی.
دواپلەی، ملازمی یەكەم و دواپایەشی جێگری فەرماندەی سریە بووە لە فەوجی دووی لیوای 126ی كۆیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان