لاپەڕەی سەروەران
شەهید سەلام حەسەن گوڵ ناسراو بە سەید سەلام، لەدایكبووی ساڵی 1957ی شارۆچكەی سەروچاوەیە، لە ساڵانی شەستەكاندا باوكی لەگەڵ كۆمەڵێك هاووڵاتی دیكەی سەروچاوەدا كە ژمارەیان زیاتر لە 70 كەس بووە، بە كۆمەڵ شەهید كراون.
شەهید سەلام لە ساڵی 1978دا پەیوەندیی كردووە بە رێكخستننەوە و هەمان ساڵ بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی سەركردایەتیی ئەوكاتی ی.ن.ك- دەستەی پاسەوانیی (هەڤاڵ مام جەلال).
پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و قارەمان بوو و بەشداریی زۆربەی چالاكییەكانی كردووە.
بەداخەوە، تەمەنی پێشمەرگایەتی كورت بوو، ساڵی 1981 لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بەجەولەیەك چۆتە گوندی (گردجان)ی سنووری رانیە، بەڵام دوژمن پێیان دەزانێت و بە فەوجێكی سەربازی و گەلەجاشێكی زۆرەوە گەمارۆیان دەدات، ئەگەرچی شەڕێكی سەخت لە ئێوارەوە تا بەرەبەیان دەستپێدەكات و دوژمن كوشتارێكی زۆری دەبێت، بەڵام سەید سەلام شەهید كرا و هاوڕێگەی رزگاری بوو.