هونەرمەند سیڤان عەباس، خەڵكی گوندی ژاژڵەی سەر بە شارباژێڕە، لە گەڕەكی مامۆستایان لە سلێمانی لەدایكبووە، لەنێو خێزانێكی هونەری گەورە بووە، بەشی میوزیكی لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان تەواو كردووە. ماوەیەك بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی كوردسات بووە، ئێستاش سەرپەرشتیاری هونەریی كەناڵەكەیە، نزیكەی 13 ساڵە لە كوردسات كار دەكات.
سیڤان بە دوالاپەڕەی وت: یەكەم دەركەوتنم بۆ ساڵی2007 دەگەڕێتەوە، ئەوكات یەكەم گۆرانیم بەناوی (كۆرپەی دڵم) تۆماركرد، هەروەها ئەلبومێكم بە ناوی (لانكەی هەستێك) لە ساڵی 2015 دا بڵاوكردۆتەوە، دوابەدوای ئەوە، چەند گۆرانییەكی سینگڵیشم بڵاوكردەوە، ئێستا چەند بەرهەمێكم هەیە، بڵاوم نەكردونەتەوە و بەم نزیكانە بڵاویان دەكەمەوە.
وتیشی: بنەماڵەكەمان بە گشتی لەكاری هونەریدا پاڵپشتم بوون، هەم باوكم كە هونەرمەندێكی شێوەكارە و هەم هونەرمەند عەدنان كەریمی خاڵم. هەر لە منداڵیمەوە خولیای گۆرانی وتن بووم، هەموو گۆرانییەكانم لەلام تایبەتن، هەردوو گۆرانی (كۆرپەی دڵم و چاوەڕوانی) گوێگرێكی زۆریان هەبووە.نوێترین كارەكانم ئاواز و میوزیكی (كاوان مەحموود)ە و هەریەك لە زیاد ئەسعەد و كاروانی نەی و عەدنان كەریم ئاوازیان بۆ داناوم و بەم نزیكانە بڵاویان دەكەمەوە.
لە چەندین كۆنسێرت لە كوردستان و چەند كۆنسێرتێك لە وڵاتانی ئەمریكا و ئیسپانیا بەشداربووم.
یەسنا محەمەد