مێژووی دروستبوونی هونەری پۆستەر لە كوردستان بۆ سەرەتاكانی ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە، پێشتر بڵاوكردنەوەی هەواڵی چالاكییە هونەرییەكان تەنها لە رێگەی لافیتەوە دەنووسران و لە شەقامە سەرەكییەكانی شارەكاندا هەڵدەواسران و هاووڵاتیانیش بەمشێوەیە ئاگادار دەكرانەوە چالاكی هونەری هەیە، یاخود وێنەیەكی گەورەی چالاكییەك دروستدەكرا و لە دوای عەرەبانەیەك كە ئەسپێك رایدەكێشا هەڵدەواسرا و بەنێو شەقامە سەرەكییەكاندا دەسووڕایەوە و بەو جۆرە خەڵكی لە چالاكییە هونەرییەكان ئاگادار دەكرانەوە.
شێوەكار (عەتا قەزاز) بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1970 پێشانگەیەكی شێوەكاریی لە هۆڵی هۆتێل سلێمانی كرایەوە كە هەریەك لە شێوەكاران (بێستوون عەبدولقادر، عەلی جۆڵا، عەتا قەزاز) بەشدارییان تێیدا كردبوو، بۆ یەكەمینجار بۆ ئەو پێشانگەیە پۆستەرمان لە زۆربەی شوێنە گشتییەكانی سلێمانی بڵاوكردەوە.
ساڵی 1972 پێشانگەیەكی هاوبەشی شێوەكاریی بە ئامادەبوونی 13 شێوەكار كرایەوە، لە نێویاندا (عەتا قەزاز، ئیسماعیل خەیات، ئەكرەم سەعید، ئاسۆ سدیق، كامیل مستەفا) بەشداربوون، پێشانگەكە لە 33 پۆستەر پێكهاتبوو، یەكەمجار بوو لەسەر ئاستی كوردستانی عیراق پێشانگەیەك لەو شێوەیە بۆ پۆستەر لە سلێمانی و هەولێر و بەغدا بكرێتەوە و بینەری تایبەت بەخۆی هەبوو، لە دوای ئەوپێشانگەیەوە پۆستەر بوو بە هۆكارێك بۆ بڵاوكردنەوەی ریكلام و چالاكییە هونەرییەكان لەسەر ئاستی كوردستانی عیراق.
ساڵی 1974 دووەمین پێشانگەی پۆستەر كرایەوە كە ئەمجارەیان جیاواز بوو، چونكە لە ناوچە رزگاركراوەكانی شۆڕش لە ناوچەی (پردان)ی حاجی ئۆمەران) كرایەوە، پێشانگەكە لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەم هەتا ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەم بەردەوام بوو كە تێیدا ژمارەیەك لە شێوەكاران بەشدار بوون لەوانە (ئاسۆ سدیق، كامیل مستەفا، عەلی جۆڵا، بێستوون عەبدولقادر، سمكۆ تۆفیق، عەتا قەزاز، ئەنوەر تۆفی، نوری ئیسماعیل).
لە رووی سیاسییەوە پۆستەر رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە گەیاندنی پەیامی شۆڕشی كوردی و بڵاوكردنەوەی پەیامە سیاسی و نیشتمانییەكان، هەربۆیە گەر بڕوانینە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان هەست بە بوونی پانتایەكی فراوانی پۆستەر دەكەین لەناو شۆڕشی كوردیدا. ئەمە بووە سەرەتایەك بۆ ئەوەی پۆستەر ببێتە هۆكاری ئاشنابوونی خەڵك بە چالاكییە هونەری و بازرگانییەكان، نەك تەنها لەسەر ئاستی شاری سلێمانی و كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراقیش.
سلێمانی، بەختیار سەعید