نابێت رێگە بدەین مەقامەكانی گەرمیان لەناو بچن

12:33 - 2025-07-07
هەمەرەنگ
14 جار خوێندراوەتەوە

ئاودێر سدیق محەمەد، هەم دەنگی خۆشە، هەم نەی  و  كلارنێت دەژەنێت و ئێستاش خوێندكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكان.
ئاودێر بە دوالاپەڕی وت: تەمەنم 21 ساڵە و دانیشتووی كەلارم، ماوەی چوارساڵە سەرقاڵی میوزیكم و هاوكاتیش خوێندكارم لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان، دەنگیشم خۆشە و گۆرانی دەڵێم. لەبەر بێ مامۆستایی، ناچار بووم چەند جارێك سەردانی مامۆستا (بەڵێن عەزیز) بكەم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی و یارمەتیدەریشم بووە. ماوەی دوو ساڵە (نەی) دەژەنم، سەرەتا خۆڕسكانە دەستمپێكرد، ئێستا خوێندكاری مامۆستا توانام لە سلێمانی. ماوەی چەند ساڵیكە بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكم سەرقاڵی كاری هونەرییم، لەگەڵ گروپی قەڵای شێروانە كارم كردووە و بەرهەمێكیشم بۆ كارەساتی ئەنفال هەیە.
وتیشی: ئاشنای مەقامەكانی گەرمیانم و مەقامەكان دەڵێمەوە، سەرەتا مامۆستا دڵنیا مەحمود كە خەڵكی كفرییە، فێری كردم. رێچكەكەی مامۆستایانی مەقامبێژ دەگرمە بەر بۆ ئەوەی مەقامەكانی گەرمیان لە فەوتان رزگار بكەین و نەوەی داهاتووە لێی سوودمەند بن، لە زۆربەی بۆنە و ئاهەنگەكان بە وتنی مەقام و ژەنینی میوزیك بەشداریی دەكەم. لە مەقامبێژانی گەرمیانیش كەیفم بە دەنگی رەمەزان گەرمیانی دێت. هیوادارم خەڵك لەگەڵ میوزیك زیاتر ئاشنا بن، تا زیاتر جوانییەكانی ژیان ببینن، چونكە میوزیك خۆراكی رۆحە و دەبێت رۆحمان تێر بكەین لە میوزیك و هونەر و ژیان.       
ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان