رۆژی شەممە، ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکی حزبەکەی بە ناوی «پارتی ئەمریکا» راگەیاند و دەیەوێت ببێتە رکابەری سەرسەختی کۆماری و دیموکراتەکان، بەڵام شەش رێگریی لەبەردەم حزبەکەی مەسكدا هەیە.
مەسك پێیوایە دەتوانێت نوێنەرایەتیی 80 %ی دەنگدەرانی خۆڵەمێشیی بکات، کە هیچ سۆزێکیان بۆ دوو حزبە کلاسیکییەکەی ئەمریکا نییە.
مەسك سەرمایەیەکی زۆری هەیە و کاریگەری لەسەر میدیا و رای گشتی هەیە، بەڵام ئەم دەوڵەمەندەی جیهان ئاڵنگاریی گەورەی لەبەردەمدایە، کە رەنگە رێگریی بکەن لە گەیشتن بە خواستە سیاسییەکانی و پارتەکەشی.
رۆژنامەی «واشنتۆن پۆست»ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی ژمارەی رۆژی یەکشەممەیدا، شەش گەورەترین رێگریی بەردەم ئیلۆن مەسك و حزبەکەی دەستنیشان کردووە:
یەکەم: باڵادەستیی هەردوو حزبە کلاسیکییەکە (کۆماری و دیموکراتی) و سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریکا، کە براوە هەموو شتێك بۆ خۆی دەبێت و لایەنی دووەم و سێیەمی تێدا نییە.
دووەم: مێژووی شکستی کاندیدەکانی دەرەوەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، کە لە ساڵی 1968ەوە هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ نەیتوانیوە دەنگی پێویستی کۆمەڵگەی هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت.
سێیەم: ستراتیژی ناڕوون، مەسك گرەوی لەسەر هەڵبژاردنی نیوەیی داهاتووە و دەیەوێت پشتیوانی لە کاندیدەکانی چەند ناوچەیەکی دیاریکراو بکات. تائێستاش دیاری نەکردووە بەشداری چی کێبڕکێیەكی هەڵبژاردن دەکات.
چوارەم: جەماوەرێکی پەرتەوازە، مەسك چاوی لەسەر دەنگدەرانی خۆڵەمێشییە، کە خواستیان بۆ دوو حزبە کلاسیکییەکە نییە و لەناوەڕاستی هەردووکیاندا ماونەتەوە. بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە ئەو دەنگدەرانە لە چواردەوری یەك پرۆگرام و یەك حزبی دیکەدا کۆببنەوە.
پێنجەم: کەمی هاوپەیمان، سەرەتا مەسک دۆستی دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان بوو، بەڵام دواتر نێوانیان تێکچوو، بەهۆیەوە هێواش هێواش پاڵپشتیی هەندێك هێزی راستڕەوی لەدەستدا.
شەشەم: دان بەخۆداگرتنی سنووردار، شارەزایانی سیاسەتی ئەمریکا گومانیان هەیە لەوەی مەسك بتوانێت بەرگەی دۆڕانی سیاسی بگرێت لە سەرەتاکانی ئەو کارەیدا. هەروەك دامەزراندنی حزبێكی کاریگەر پێویستی بە ساڵانێک لە کارکردن و ئەزموون و رێکخستن هەیە، ئەوەش لەگەڵ کەسایەتی ملیاردێرێکی وەك مەسك یەکناگرێتەوە، کە جوڵەکانی خێرایە و دەیەوێت دەستکەوتەکانیشی گەورەبن.
کوردستانی نوێ