״پرۆسەی ئاشتی دوای چەكدانانی پەكەكە دەچێتە قۆناغێكی نوێوە״

وردەكاریی چەكدانانی پەكەكە ئاشكرا دەكرێت

12:43 - 2025-07-07
کوردستان
28 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە رۆژانی (9-12)ی ئەم مانگە، لە رێوڕەسمێكدا گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان «پەكەكە» قۆناغی یەكەمی چەكدانان جێبەجێبكەن و ئامادەكارییەكان لەوبارەیەوە بەردەوامن، چەندین كەسایەتیش ئامادەی رێوڕەسمەكە دەبن.

چەكەكان تێكدەشكێنرێن
د.حەكیم عەبدولكەریم ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان «كەنەكە»، وردەكاریی رێوڕەسمەكەی بۆ كوردستانی نوێ ئاشكراكرد و رایگەیاند؛ بڕیارە لەنێوان رۆژانی (9 بۆ 12)ی تەمموز، پرۆسەی چەكدانانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان «پەكەكە»، ئەگەر گۆڕانكاری لە شوێنەكەدا نەكرێت، لە سنووری رانیە (ئیدارەی راپەڕین) بەڕێوەبچێت.
وتیشی: بە بۆچوونی من، چەكەكان یان دەشاردرێنەوە یاخود بە تەكنیكێكی تایبەت تێكدەشكێنرێن. ئەوەی گرنگە تەواوی رۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و جیهانی بانگكراون، هەر رۆژنامەنووسێكیش دەیەوێت بەشداری بكات فۆڕمێك بڵاوكراوەتەوە بۆ رووماڵكردنی پرۆسەكە دەتوانن ئەو فۆڕمە پڕبكەنەوە. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە، هاوئاهەنگییەكی باش هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەنێوان كۆما جڤاكێن كوردستان «كەجەكە» و دەوڵەتی توركیا، چونكە هەموو رێوشوێنە ئەمنییەكانی پرۆسەكە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سپێردراوە و یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و هیچ لایەنێكی دیكە و تەنانەت لایەنی نێودەوڵەتییش بەشدارنین. كارەكانی ئێستا بە میكانیزمێكی باش بەڕێوەدەچن.

پرۆسەی ئاشتی و پەرلەمانی توركیا 
د.حەكیم عەبدولكەریم باسی لەوەكرد، هەرچەندە لە ئێستادا پشووی هاوینەی پەرلەمانی توركیایە، بەڵام پشووەكە لەئێستادا دواخراوە بۆئەوەی لەگەڵ ئەو رێوڕەسمەدا بەشێوەیەكی هاوتەریب داواكارییەكەی پەكەكە و ئۆجەلان جێبەجێبكرێت، كە تایبەتە بە دروستكردنی كۆمسیۆنێك لە پەرلەمانی توركیا لە دوای هەنگاوی یەكەمی پەكەكە، وەك نیازپاكییەك دەوڵەتی توركیاش هەنگاوەكان بنێت، كە بریتین لە: رەخساندنی هەلومەرجی سیاسی و یاسایی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكە، چونكە ئەگەر توركیا لەم قۆناغەدا هاوئاهەنگی هەبێت و لەگەڵ پرۆسەكە هەنگاوبنێت، بێگومان هەنگاوی دواتر ژمارەی ئەو كەسانەی بەشداری پرۆسەی چەكدانانەكە دەكەن زیاتر دەبێت و ئەوكاتە ناوبنرێت پرۆسەی ئاشتی، چونكە ئێستا ئەم پرۆسەیە لای پەكەكە و دەوڵەتی توركیا ناو نەنراوە پرۆسەی ئاشتی، بەڵام دوای ئەو رێوڕەسمی چەكدانانە، پرۆسەكە دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمانی توركیا. هەردوولاش ویستی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەكانیان هەیە.

كێ ئامادەی رێوڕەسمەكە دەبێت؟
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، زیاتر لە (50) كەسایەتیی سیاسی و ئەكادیمی و نووسەر و (30) پەرلەمانتار و كەسایەتیی لە باكووری كوردستان و ئەمریكا و ئەوروپا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە هەڵگرانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ-یش، ئامادەی رێوڕەسمەكە دەبن.

پرۆسەی ئاشتی بۆچییە؟
هەر لەسەر ئەم بابەتە، ئەحمەد سیروانی سەرنووسەری گۆڤاری توركیاناسی بە كوردستانی نوێ-ی وت: ئەوەی روودەدات لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كەوتنی بەشار ئەسەد و ئەوانی دیكەدایە، كۆی پرۆسەكە بۆئەوەیە پەكەكە لەو چەقبەستووییە رزگاری ببێت و لەبەرامبەریشدا شتێك دەستكەوتی پەكەكە بێت، كە دەڵێم پەكەكە بە مانا فراوانەكە باس دەكەین واتە پەكەكە (باكوور، باشوور، خۆرهەڵات و خۆرئاوا)، ئەمە دەستكەوتە هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی هەم لەبەرامبەر توركیا و باشووری كوردستانیش، چونكە دواجار بمانەوێت یان نا ململانێیەكی توند هەیە، ئایا ناوی بنێین ململانێی پارتی و پەكەكە یان ململانێی باكوور و باشوور؟ شتێكی ئاوا هەیە، كە هەردوولا هەوڵی بۆ دەدەن. جا كە پەكەكە چەكی دانا لە بەرامبەردا خۆرئاوای كوردستان ببێت بە شتێك، ئەمە پێویستی بە رەزامەندیی توركیایە، ئەم رەزامەندییەی توركیاش پەیوەندیی بەو چەكدانانەی پەكەكەوەیە و من بەو جۆرە چەكدانانی پەكەكە دەبینم.

ئازادكردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش
سەرنووسەری گۆڤاری توركیاناسی، وتیشی: لەم چوارچێوەیەدا، كە باسی بابەتی یاسایی دەكرێت، توركیا چاری نەماوە دەزانێت راگەیاندنی هەرێمی خۆرئاوای كوردستان دیفاكتۆیەكە وەكو هەرێمی كوردستان، بۆیە توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر چەكدانانی پەكەكە ئەم دەستكەوتە بۆ خۆی مسۆگەربكات و بڵێت ئەوە لەبەرامبەر چەكدانانی پەكەكە ئێمە دان بە خۆرئاوای كوردستاندا دەنێین یان قبوڵ دەكەین وەك هەرێمێك. بەدڵنیاییەوە ئەو پاكێجەی پێیدەوترێت پاكێجی دادوەری، پاكێجێكە توركیا بە ناچاری دەبێت قبوڵی بكات و كاری لەسەربكات لە پەرلەماندا. پرسیارێكیش هەیە؛ بۆچی تا ئێستا ئەم پاكێجە چوارچێوەی یاسایی وەرنەگرتووە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە لەلایەك توركیا ئەو متمانەیەی بۆ دروستنەبووە بەرامبەر چەكدانانی پەكەكە و دەشزانێت راستییەكە و دەبێت پەكەكە چەك دابنێت، لەلایەكی دیكەشەوە پەرلەمانی توركیا لەئێستادا كەوتوەتە ناو پشووەوە، هەرچەندە  لە دۆخێكی لەم جۆرە هەستیارەدا دەكرێت پەرلەمان كۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر بكات، بەڵام دیارە توركیا بەو رادەیەش بە پێویستی نازانێت، بۆیە لە مانگی (10)دا دوو شتی سەرەكی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی توركیا كاری لەسەردەكرێت، كە هەمواری دەستوور و گۆڕانكارییە لە كۆمەڵێك یاسادا، كە زۆر گرنگن وەك (یاسای دادوەری، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای پاكێجی دەیەمی دادوەری)، كە كۆمەڵێك رێكار دەگرێتەبەر و چاوەڕوان دەكرێت هەڵمەتی زۆرباش بەڕێوەبچێت لەئازادكردنی لێپرسراوانی باڵای پەكەكە و سیاسەتمەدارانی باكووری كوردستان لە (ئۆجەلانەوە تا دەمیرتاش) و چەندین لێپرسراوی باڵای دیكەی باكووری كوردستان، ئەوانەی كە بواری تێدایە ئازاد بكرێن.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان