21 هەزار کۆچبەر لە 2025دا گەیشتوونەتە بەریتانیا

لووتکەی پێنجشەممەی فەرەنسا و بەریتانیا تایبەتە بەو پرسە

01:01 - 2025-07-07
جیهان
27 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی پێنجشەممە لووتکەی فەرەنسا و بەریتانیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران بەڕێوەدەچێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەیشتنی کۆچبەرانیش بە بەریتانیا، سەرۆک وەزیران پێویستی بە فەرەنسا هەیە هاوکاری بکات.
ئاژانسەکان بڵاویانکردەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد، ئەمەش فشارەکان لەسەر کیێر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا زیاد دەکات.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەژێر فشاردایە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەر، بەڵام ژمارەکان بە ئاراستەیەکی دروستدا ناڕۆن و لە شەش مانگی یەکەمی 2025دا ژمارەی کۆچبەران بە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی پێشوو نزیکەی %48 زیادی کردووە. لە ساڵی 2022دا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە و 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا.
لە ئێستادا، پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێی پرۆژەیاسایەکی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دەکات کە ئامانج لێی ئەوەیە دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسا، بەتایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی.
هەر لەو بارەیەوە، لە مانگی شوباتدا لەندەن و پاریس پەیمانی ساندهێرستیان درێژکردەوە کە چوارچێوەی یاسایی نێوان هەردوو وڵاتە سەبارەت بە پرسی کۆچ و کۆچبەران، بۆ ماوەی ساڵێک و تا ساڵی 2027 دەخایەنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان