تاریفە گومرگییەكانی ئەمریكا، ئابووری بەهێز دەكات یان سنووردار؟

10:38 - 2025-07-08
ئابووری
9 جار خوێندراوەتەوە
جەنگی بازرگانیی گەیشتۆتە ئاستێك، رەنگە زیان بە ئابووریی جیهان بگەیەنێت

راپۆرتی/ ئارۆ سامان 

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تاریفەكانی كردە بەردی بناغە و ستراتیژی سیاسەتە بازرگانییەكانی و جەختی لەوە كردەوە، كە بە پڕكردنەوەی خەزێنەی حكومەت بەرهەمهێنانی ئەمریكا بەرەوپێش دەبات، بەڵام رەخنەگران دەڵێن، ئەو سیاسەتەی ئەو گرتوویەتەبەر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و كاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری دەبێت و دەبێتە هۆی شەڕی بازرگانی كە دەتوانێت زیانێكی زۆر بە ئابووریی ئەمریكا و جیهان بگەیەنێت.
لە دوای گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی، ترەمپ باجی بەسەر هاوبەشە بازرگانییە سەرەكییەكانیدا سەپاندووە، كە كەنەدا و مەكسیك و چین دەگرێتەوە، هەروەها بەرەیەكی لە دژی هاوردەكردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم كردووەتەوە و هەڕەشەی سەپاندنی باجی زیاتریشی كردووە لە رۆژی 4/7/2025وە كە (رۆژی سەربەخۆیی) ئەمریكایە.

ئەم تاریفەیە چییە؟ 
تاریفەی گومرگی بریتییە لەو باجانەی كە كۆمپانیاكانی هاوردەكار بۆ كڕینی كاڵای بیانی دەیدەن بە حكومەت، كاتێك باجی زیاتر دەسەپێنرێت كۆمپانیاكان، یان بازرگانەكان دەبێت پارەی زیاتر بدەن بۆ هێنانی كاڵا بیانییەكان و ئەو زیادە و تێچوونانەش دەخەنەوە سەر كاڵاكان و لە كۆتاییدا دەكەوێتە ئەستۆی بەكارهێنەران، یان ئەوەتا دەبێت بەدوای جێگرەوەیەكی دیكەدا بگەڕێن. ئەم باجانە، لەلایەك داهات بۆ ئەو حكومەتانە زیاد دەكەن كە دەیسەپێنن و لەلایەكی دیكەشەوە بە شێوەیەكی گشتی بۆ پاراستنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ لە كێبڕكێی بیانی بەكاردەهێنرێن.
ئەم باجانە وادەكەن كاڵا ناوخۆییەكان لە رووی تێچوونەوە زیاتر توانای كێبڕكێیان هەبێت، چونكە گرانبوونی كاڵای بیانی بەهۆی سەپاندنی تاریفەی زۆرەوە، هاندەری كڕیاران دەبێت بۆ هەڵبژاردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەبری بەرهەمی هاوردەكراو.

بەرەی پشتیوانی لە ترەمپ  
ترەمپ پێی وایە سەپاندنی باج بەسەر هاوردە سەرەكییەكاندا، كۆمپانیاكان ناچار دەكات زیاتر بەرهەمهێنان بگوازنەوە بۆ ئەمریكا، یان بەرهەمی دروستكراوی ئەمریكا و كەرەستەی خاوی ناوخۆیی بكڕن بۆ ئەوەی خۆیان لە باجی زیادە بپارێزن.
نموونەیەكی باوی ئەمەش (باجی سەر مریشك)ی ساڵانی شەستەكانە، كاتێك لیندۆن جۆنسن سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا دژی باجی ئەوروپا لەسەر پەلەوەرەكانی ئەمریكا وەستایەوە و بە رێژەی %25 باجی بەسەر مریشكی هاوردەكراوی ئەوروپادا سەپاند.
هەروەها %25 باجی بەسەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بچووكەكاندا سەپاند، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارە سەرەكییانەی زۆربەی ئەو پیكابانەی كە لە ناوخۆدا دەفرۆشرێن لە ئەمریكای باكوور بەرهەم دەهێنرێن.
كۆشكی سپی دەڵێت: ئەو باجە نوێیە دەتوانێت زیاتر لە شەش ترلیۆن دۆلار داهاتی فیدراڵی لە ماوەی دەیەی داهاتوودا بەدەستبهێنێت، واتە ساڵانە نزیكەی 600 ملیار دۆلار، هەرچەندە ترەمپ تا ئێستا بە تەواوی پلانەكانی خۆی ئاشكرا نەكردووە.
ئەو كاتەی كۆمپانیاكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی ئاسایی باجەكان دەدەن، بەرپرسانی كۆشكی سپی رایانگەیاندووە،  فرۆشیارانی بیانی بە دابەزاندنی نرخەكانیان ئەو زیادكردنە هەڵدەمژن، چونكە ئەوان هەوڵدەدەن پەیوەندییان لەگەڵ گەورەترین ئابووریی جیهاندا بەهێز بكەن.
هەروەها لایەنگرانی سیاسەتە بازرگانییەكانی ترەمپ دەڵێن ئەو باجانە لە ماوەی یەكەم خولی سەرۆكایەتیدا نەبوونەتە هۆی هەڵاوسانی بەرفراوان.

بەرەی دژ 
بەڵام ئابووریناسان هۆشداری دەدەن لەوەی زیادبوونی باج زیانی ئابووری بە كەرتە زیانلێكەوتووەكان دەگەیەنێت، هاوكات سیاسەتی ناتەبای ترەمپ بۆ راگەیاندنی باج بووەتە هۆی دابەزینی بازاڕە داراییەكان.
ئەگەر كۆمپانیاكان نەتوانن ئەو باجە زیادانە بدەن و فرۆشیارە بیانییەكان رەتیبكەنەوە نرخەكانیان دابەزێنن، ئەوا دەكرێت بارگرانیی باجەكان بگوازرێتەوە بۆ سەر كۆمپانیاكان، یان بەكارهێنەرانی دیكە.
راوێژكاران و توێژەرانی كۆمپانیای وێدبوش فاینانس سێرڤس رایانگەیاندووە، باجی %25ی ترەمپ لەسەر ئۆتۆمبێل و پارچەی ئۆتۆمبێل، دەتوانێت نرخی ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی بە بڕی پێنج هەزار بۆ 10 هەزار دۆلار بەرزبكاتەوە.
ئەوەشیان روونكردووەتەوە: كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی، كە ئۆتۆمبێل لەو وڵاتەدا بەرهەمدەهێنن، تا %50ی پارچەی بیانی بەكاردەهێنن، جگە لەوەش گواستنەوەی %10ی زنجیرەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریكا سێ ساڵ دەخایەنێت و سەدان ملیار دۆلاری تێدەچێت و ئاڵۆزیی و ترازانی بەرچاو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
كەتی بۆستیانسیچ، سەرۆكی بەشی ئابووری لە كۆمپانیای بیمە و خزمەتگوزارییە داراییەكانی ئەمریكا، خەمڵاندویەتی كە باجەكانی ئەم دواییە لەسەر كاڵا چینییەكان، لەگەڵ هاوردەكردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی بیناسازی تا %9.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەری هەیە نرخی ئامێرەكانی ناوماڵیش تا %15 بەرزبێتەوە، هەموو ئەو بەرزبوونەوانەش لە نرخی خزمەتگوزاری و كاڵا و بەرهەمەكاندا راستەوخۆ كار  دەكاتە سەر بەكاربەر.

ركابەری و تۆڵەسەندنەوە
هەروەها باجەكانی ترەمپ دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی بەرپەرچدانەوە لەلایەن وڵاتانی دیكەوە، ئەوە بوو لە نێوان ساڵەكانی 2018 و 2019دا سەپاندنی باجی زۆر بووە هۆی زیانی گەورە بە هەناردەكردنی كشتوكاڵی ئەمریكا زیانەكان 27 ملیار دۆلارییان تێپەڕاند.
دامەزراوەی باج كە كۆمپانیایەكی توێژینەوەیە و تایبەتە بە سیاسەتی باج و شیكاری ئابووری رایگەیاند: بە پشتبەستن بە داتای راستەقینەی كۆكردنەوەی داهات،  ململانێی باج و جەنگی بازرگانی، باجی ساڵانەی بۆ هەر ماڵێكی ئەمریكی بە تێكڕا 200 بۆ 300 دۆلار زیادكردووە.
ئەو دامەزراوەیە تیشكی خستووەتەسەر ئەوەی، كە ئەم خەمڵاندنانە دەریدەخەن كەمبوونەوەی داهاتەكان بەهۆی بچووكبوونەوەی بەرهەمهێنانی پەیوەست بە باجەوە روو دەدات، هەروەها لەم سیاسەتی باجەدا كەمبوونەوەی هەڵبژاردنی بەكاربەران لەبەرچاو نەگیراوە، چونكە كڕیاران لە كاتی كڕین و هەوڵدان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكاندا بەدوای جێگرەوەیەكی بێ باجدا دەگەڕێن، یان جێگرەوەیەك باجی كەمتر خرابێتەسەر.

پێناچێت بەم زووانە كۆتایی پێبێت
بە شێوەیەكی گشتی ئەو جەنگە بازرگانییەی دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی سەپاندنی باجەوە سەپاندوویەتی، تا ئێستاش بەردەوامە و پێناچێت بەم زووانەش كۆتایی پێبێت، رەنگە تازەترین ململانێ لە دانوستاندنەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا و ژاپۆندا دەربكەوێت، كە دۆناڵد ترەمپ رەخنەی توندی لە ژاپۆن گرت و وتی: هاوپەیمانەكانی خۆمان برنجمان لێناكڕن. لە وەڵامدا وەزیری كشتوكاڵی ژاپۆن و سەرۆكی وەفدی دانوستانكار رایگەیاند: كەرتی كشتوكاڵی خۆمان ناكەین بە قوربانی رێكکەوتن لەگەڵ ئەمریكادا. ئەم لێدوانە توندانەش لە كاتێكدایە هەوڵی گەیشتن بە رێكکەوتن لەسەر تاریفە گومرگییەكانی نێوانیان بەردەوامە.

سەرچاوە: ئەلعەرەبییە، بی بی سی نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان