لە سلێمانی، بەهۆی زوو شکانەوەیان، درەختی جێگرەوە لە جیاتی چەتر دەڕوێنرێت

09:41 - 2025-07-09
ڕاپۆرت
37 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنی شکاوەی درەختی چەتر بەهۆی رەشەباوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

ماوەی چەند ساڵێکە هەرکات رەشەبا دەبێت و بە شەقامە گشتییەکانی شاری سلێمانیدا هاتوچۆ دەکەیت، دیمەنی شکاوی چەندین درەختی سەبەحبوح (چەتر) دەبینیت، کە هەندێکیان کەوتوونەتە سەر شەقامەکان و لە هەندێک شوێندا گرفتیان بۆ هاتوچۆی شۆفێرانیش دروست کردووە.
درەختەكانی چەتر لە سلێمانی، لە چەندین شەقام و باخچەی ناو كۆڵان و شۆستەی لاوەكی و گەڕەكەكانیشدا هەن، بەڵام بە زۆری دەكەونە بلوار یان شۆستەكانی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، بە دیاریكراوی لە بەشی باكوور و باكووری خۆرهەڵاتی شار و نزیك چیای گۆیژە كە رێڕەوی بای بەهێزە، زیاتر دەشكێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانیی سلێمانی، ماوەی سێ ساڵە درەختی چەتر ناڕوێنێت و لەجیاتی ئەوە دەستی کردووە بە روواندنی درەختەکانی توو، ناروەند و سنەوبەر


کەمبوونەوەی درەختی چەتر

نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر، ژمارەیەکی زۆر درەختی چەتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانییەوە روێنراون، بە ئامانجی زیادکردنی رێژەی سەوزایی.
عەلی حامید وتەبێژی باخچەکانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیمان ماوەی سێ ساڵە درەختی چەتر ناڕوێنین، لەبەرئەوەی دەرکەوتووە بەرگەی رەشەبا ناگرێت و وەک دەبینین زوو دەشکێتەوە.
درەختی سەبەحبوح( چەتر) کە ناوە زانستییەکەی(azadirachta indica)دۆستی ژینگەیە و نیشتمانی سەرەکی باکووری هیند و باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیایە، تەمەنی ئەم درەختە لە نێوان 150 بۆ 200 ساڵدایە، رەگەکەی زیاتر بە ئاسۆیی بڵاودەبێتەوە و کەمتر بە ستوونی دەچێتە قوڵایی خاکەوە، بۆیە واباشترە بە دووری سێ مەتر لەگەڵ درەختێکی دیکەدا بڕوێنرێت.
وتیشی: بە دیاریکراوی نازانین ژمارەی درەختە چەترەکان چەندن کە پێشتر روێنراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵانە لەکاتی رەشەبادا ژمارەیەکیان لێ شکاوەتەوە کەم بوونەتەوە، یاخود خۆمان گۆڕانکاریمان بەسەردا هێناون و درەختی باشترمان لە شوێنیان روواندووە.

روواندنی درەختی گەڵا ورد و چڕ باشترین جۆرە بۆ پاکبوونەوەی هەوا وەک درەختی چەتر، بەڵام ئەوەی کە ناسکە و بەرگەی رەشەبا ناگرێت، وایکردووە وەک جاران پەسەند نەبێت

روواندنی بەرهەمی ناوخۆ
باشترین کات بۆ چاندنی درەختی چەتر، کاتێکە پلەی گەرمی لەنێوان 20 بۆ 32 پلەی سەدیدا بێت، بۆ هەرێمی کوردستان ئەم پلەیە لە مانگەکانی نیسان، ئایار، ئەیلول و تشرینی یەکەمدا فەراهەمە، لەبەرئەوە لە ماوەی رابردوودا بڕیاری هێنانی و روواندنی دراوە.
هاووڵاتییان سەربەستن لەوەی درەختی چەتر دەڕوێنن و پێیان جوانە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی روواندنی ئەو جۆرە درەختەیان راگرتووە و وەک جێگرەوە دەستیان کردووە بە روواندنی درەختەکانی توو، ناروەند، سنەوبەر و چەند جۆرێکی دیکەی درەخت کە لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا زیاتر گونجاون، تەمەنیان درێژە و بەرگرییەکی باشیان هەیە.
وتەبێژی باخچەکانیی سلێمانی دەڵێت: زۆرینەی ژمارەی ئەو درەخت و گوڵانەی لە شوێنە جیاوازەکان و پارکەکاندا دەیانڕوێنین بەرهەمی ناوخۆیە و لە نەمانگەکاندا بەرهەم دەهێنرێن، بەشێکیشیان هاووڵاتییان یاخود وەبەرهێنەران پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دەکەن بۆ روواندن، یاخود وەک سزا لە بەرامبەر سەرپێچی لەو کەسانە وەردەگیرێن کە درەخت هەڵدەکەنن یان دەیانشکێننەوە، یاخود بە هەر هۆکارێكی دیکە دەبنە هۆی لەناوبردنیان. 
هۆشداری بۆ خاوەنی شەتڵگەکان
لە سلێمانی ژمارەیەک نەمامگەی حکومی هەیە، کاریان بەرهەمهێنانی جۆرەها گوڵ و درەختە بۆ روواندن لە بلوار و پارک و باخچەکاندا، بەپێی ساڵ بڕی بەرهەمهێنانی نەمام و گوڵ و جۆرەکانیان دەگۆڕێت.
درەختی چەتر پێویستی بە ئاوی زۆرە، لەگەڵ ئەوەی زوو گەشە دەکات، بەڵام خۆی پتەو ناکات، لە هەموو جۆرە خاکێکدا سەوز دەبێت، تەنانەت لە خاکی لمیشدا.
سەلاح کەریم چالاکوانی بواری ژینگە بۆ کوردستانی نوێ وتی: درەختی چەتر بۆ كەشوهەوا و سروشتی كوردستان نابێت، لەبەرئەوەی بەرگەی سەرما و گەرمای زۆر و رەشەبا ناگرێت، ناوەخنی درەختەكە بۆشە و زوو دەڕزێت، مێروو لێی دەدات و وادەكات زوو لەناوبچێت.
وتیشی: ساڵانێكە ژینگەدۆستان لەوبارەیەوە هۆشداری دەدەن و زانیارییان بە شەتڵگەكانیش داوە تا ئەو جۆرە درەختە نەهێنن، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان خاوەنی دەیان جۆر لە درەختی باش و بەهێزە، وەك توو، سنەوبەر، سوورەچنار و بەڕوو، لەبەرئەوە پێویستە هاووڵاتییان و لایەنە بەرپرسەکانیش ئەو درەختانە بڕوێنن.

درەختی گونجاو بۆ پاکبوونەوەی هەوا
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی روواندنی درەخت زیادکردنی رێژەی سەوزایی و پاککردنەوەی هەوایە لەبەرئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کوالێتی هەوای هەرێمی کوردستان باش نییە.
یەریڤان شاسوار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە كوالێتیی هەوا بۆ کوردستانی نوێ وتی: کوالێتیی هەوای هەرێمی کوردستان لە زۆربەی پیسکەرەکاندا ستانداردی تێپەڕاندووە، بە تایبەت لە شارەکاندا بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆر بەکارهێنانی مەوادی کیمیایی و سووتانی پاوان و دارستانەکانەوە تەنانەت هەوای گوندەکانیش پیس بووە.
وتیشی: روواندنی درەختی گەڵا ورد و چڕ باشترین جۆری درەختە بۆ پاکبوونەوەی هەوا، وەک درەختی چەتر، بەڵام لەبەرئەوەی کە درەختێکی ناسکە و بەرگەی رەشەبا ناگرێت وایکردووە وەک جاران پەسەند نەبێت و واباشترە درەختی جێگرەوە لە شوێنیان بڕوێنرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان