كوردستانی نوێ – ئارما هیوا
لە گۆشەی یەك پرسیاری كوردستانی نوێ، سەبارەت بەوەی بە چییەوە سەرقاڵیت؟ ساڵح بێچار شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس پێیوتین: ئێستا بە پلەی یەكەم سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسینم، لە منداڵپارێزی كوردستان لە گۆڤاری پەپولە لێپرسراوی لاپەڕەی لاتینی-م. بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لە یەكێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەستبەكارببمەوە.
هەرچەندە زیاتر وەك شاعیر ناسراوم، بەڵام نزیكەی نیوەی تەمەنم و لە ساڵی 2000ەوە لە راگەیاندندام. لە ناوەندی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی لێپرسراوی رادیۆی زانكۆ بووم. لە كەناڵی كوردسات لێپرسراوی بەش و لێپرسراوی سایت بووم، لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ سەرپەرشتیاری پاشكۆی یادگار بووم. لە رۆژنامەی بەدرخان لێپرسراوی لاپەڕەی لاتینی و دواتریش بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەكە بووم.
لە دوای ساڵی (2019) و چاپكردنی دیوانەكەم، كە بەرهەمی (40) ساڵی نووسینی شیعریم بوو، كۆمەڵێك شیعری نوێم نووسیوە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا پلانی چاپكردنی كتێبم نییە. چەند شیعرێكی فارسیشم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، هیوادارم دۆخی سیاسی و دارایی باش بێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەگەر دیوانێكیش نەبێت، لە نامیلكەیەكدا ئەو بەرهەمانەم چاپ بكەم.