هەر كاتێك باس لە پەیكەرسازی و ئەزموونی پەیكەرسازانی كورد دەكرێت و ئەو گۆڕانكارییانەی لە ستایلی كاری خۆیاندا كردوویانە و توانیویانە ببنە قوتابخانە بۆ زۆرێك لەو پەیكەرسازانەی كاری پەیكەرسازی دەكەن، ناوی هونەرمەندی پەیكەرساز هادی زیائەدینی دێت، هونەرمەندێك كە زیاتر لە 400 پەیكەری دروستكردووە.
هادی زیائەدینی ساڵی 1956 لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە و ساڵی 1977 ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی تارانی تەواو كردووە و تا ئێستا سەرقاڵی پەیكەرسازییە و لە زۆربەی شارەكانی ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەتی پەیكەری ئەو پەیكەرسازەی لێیە و زۆربەی گۆڕەپان و مەیدانەكانی شارەكان بە پەیكەری زیائەدینی رازاوەتەوە.
هادی ئەوەندەی لە پەیكەرسازیدا دەستڕەنگین و بە سەلیقەیە ئەوەندەش لە نیگاركێشاندا جێپەنجەی دیارە و بە هەمان ئاست و هەمان ریتمی تایبەت بە خۆی، ئاستێكی باڵای بۆ خۆی پاوان كردووە و فیگەر و رەنگەكانی بووەتە قوتابخانەیەك بۆ شێوەكارانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەرچەندە بەشێك لە نیگار و پەیكەرەكانی وەك پرۆژە كاری تێدا كردووە، تەنها پەیكەرێك یان تابلۆیەك نییە، بەڵكو وەك چەند فیگەرێك پرۆژەیەكی گەورەی بۆ ئەنفال داڕشتووە کە لە 25 فیگەر پێكهاتووە و سەبارەت بەم پرۆژەیە بە ناوی (تابلۆی ئەنفال)، دەڵێت: «هەر یەكێك لەو فیگەرانە بەرزییەكەی 18 مەترە و بە ماتریاڵی ڤایبەر گڵاس داڕێژاوە و كەمن ئەو فیگەرانەی تا هەنووكە بەو ئاستە بەرزە دروستكرابن.»
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كاری هادی زیائەدینی ئەوەیە ساڵانە لە یادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا پێشانگەی نیگاركێشی دەكاتەوە و وەك هونەرمەندێك هەستی خۆی بەرامبەر بەو تاوانە گەورەیە دەخاتەڕوو و لەوبارەیەوە دەڵێت: «لەدوای كیمیابارانی هەڵەبجەوە بۆ من بۆتە ئەرك كە لەڕێگەی هونەرەوە كار بكەم بۆ ئەوەی گەلەكەمان ئەو كارەساتە بە ئازارە لەبیر نەكات، هەربۆیە ساڵانە پێشانگە بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەكەمەوە».
سەبارەت بە بەرزترین پەیكەر لەسەر ئاستی ئێران كە دروستیكردووە، هادی دەڵێت: (ئەم پەیكەرە بە پێشنیاری رێكخراوی پاراستنی شوێنەوار دروستكراوە و بەرزییەكەی 15 مەترە و بە بناغەی ژێر پەیكەرەكەوە، دەبێتە 22 مەتر و دەبێتە بەرزترین پەیكەر لەسەر ئاستی ئێراندا.
ئەو پەیكەرسازە چەندین پەیكەری ناوازەی بۆ هەریەك لە شاعیرانی كورد دەكات لەوانە:(قانع، هەژار، هێمن، مەستورەی ئەردەڵان، شێركۆ بێكەس، پیرەمێرد، شێخ رەزای تاڵەبانی، گۆران، مەولەوی و چەندین كەسایەتی دیكە.
هادی زیائەدینی تا ئێستا چەندین پێشانگەی لە شارەكانی (سنە، تاران، ئەسفەهان، هەمەدان، ئیلام، تەورێز، بانە، سەقز، مەهاباد، قوم كردووەتەوە و لە دەرەوەی كوردستانیش لە وڵاتانی (سویسرا، كوەیت، سوریا، بەریتانیا، چین، كازاخستان، ئۆزبەكستان) پێشانگەی كردووەتەوە و خاوەنی زیاتر لە 400 پەیكەرە.
بەختیار سەعید