لایەنە كوردستانییەكان لە سنووری پارێزگای دیالە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو كێشانەی بەهۆی بڕیاری بەقەزاكردنی قەرەتەپە هاتوونەتە ئاراوە، كۆبوونەوە و لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین رایدەگەیەنێت: تەواوی پرۆسەكە نادەستوورییە و پێچەوانەی یاسایە، بە هەموو جۆرێك رەتیدەكەینەوە و بەپێی یاسا رووبەڕووی دەبینەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی هەشتی خانەقینی (ی.ن.ك) رایگەیاندووە: كۆبوونەوەی بڕیاردان لەسەر بەقەزاكردنی قەرەتەپە، نایاسایی بووە و لە دەرەوەی كۆبوونەوەكە ئیمزا لەسەر كۆنووسەكەی كراوە، جگەلەوەش دوو بڕیاری جیاجیا بە یەك كۆنووس كراوە، كە ئەوەش هەر نایاساییە.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوس مەهداوی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، كە لایەنە سیاسییە كوردستانی و ئەندامانی حزبە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشداربوون، رێككەوتین لەسەر ئەوەی بڕیارەكە پیلانێكی مەترسیدارە و پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ ناوچەكانی تریش، هەروەها تەواو نادەستوورییە، وتیشی: بە هیچ شێوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كۆدەنگی بۆ بڕیارەكە نەبووە، ئەو ئیمزایانەشی ساختەكراون لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنەوە، بەڵگەیەكی روونە، هەربۆیە لایەنە سیاسییەكانی دیكەی ناو ئەنجومەنیش ئەو ئیمزا و یاداشتەی سەرۆكی ئەنجومەن، رەتدەكەنەوە.
سوزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، پێیڕاگەیاندین: كۆدەنگییەكی باش و گرنگی لایەنە كوردستانییەكانی دیالە لەسەر كێشەكە هەیە، هەمووان یەكهەڵوێست و یەكدەنگین، سكاڵا لە دادگای ئیداریی تۆماردەكەین، لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و پەرلەمان و لایەنە بەرپرسەكانی تر تاوتوێی دەكەین و دژی دەوەستینەوە.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دەڵێت: پرسەكە دەبەینە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئیمزای لە دژ كۆدەكەینەوە و بەپێی دەستوور دژی دەوەستین و هەڵیدەوەشێنینەوە.
هەر سەبارەت بەو باسە، ئەكبەر هەیەر بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی، پێیوتین: لایەنە كوردستانییەكانی دیالە، دووپاتمانكردەوە چ وەك حزب، چ وەك فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەپێی یاسا و ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستدان، تەواوی پرۆسەكە هەڵدەوەشێنینەوە و رووبەڕووی ئەو بڕیارە نادەستوورییە دەبینەوە و سكاڵای رەسمی تۆماردەكەین.
مامۆستا بورهان موزەفەر بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم بڕیارە پێچەوانەی ماددەی 140ی دەستوورە، وتیشی: نابێت ناوچە دابڕێنراوەكان هیچ بڕیارێكی ئیداریی لەم جۆرەیان لەسەر بدرێت، تا بەپێی یاسا و دەستوور یەكلادەكرێنەوە.
خانەقین، ئارۆ سامان